گوندەکانی کوردستان- خەتێ

گوندەکانی کوردستان- خەتێ
حاجی سەعید، تەمەنی نزیکەی 80 ساڵە، وەک سروشتی هەموو پیرێک،  ئەویش حەسرەتی بۆ ژیانی ڕابردوو دەخواست، بەڵام ئاواش هەر ژیانی گوندەکەیانی لە ژیانی شار بەلاوە خۆشتر بوو.

حاجی سەعید، گوندنشین، دەڵێ "ئەمساڵ ئاو باشە، بە کەیفی خۆمان هەموو شتێک دەکەین، لە نێوان خۆمان رێکدەکەوین، هەریەکە و جۆرە شتێک دەڕوێنین، هەموومان کۆدەبینەوە، لە گوندی دەڵێین فلان ئەتوو ئەوەندەی بکە و ئەتووش ئەوەندەی بکە".

گوندی خەتێ لەدەڤەری بالیسان، گوندێکی سەر سەوز و سەرنج ڕاکێشە، هەوراز و نشێو و چیا و چۆڵی دەوروبەرەکەی، دیمەنێکی ناوازەی پێ بەخشیوە.

حاجی سەعید، گوندنشین، دەڵی "ئێمە هەردەبێ خزمەتی پێشمەرگە بکەین، چاوی پێشمەرگەی ماچ دەکەین، ئەگەر لەو تەمەنەش هێرشن بکەنە سەر، دەبێ شەڕیان لەگەڵ بکەین، چونکە لەسەرمان واجبە، پێشمەرگایەتیم نەکردووە، بەڵام بەردەوام تفەنگم هەبووە، بەڵام زۆر پێشمەرگەی ئەیلوول لێرەبوونە، کە دەبووە شەڕ بانگیان دەکردین هەموومان دەچووین، شەڕمان دەکرد هەتا شەڕ تەواو دەبوو، ئەوجا ئەمە داتینەوە مارێ، ئەوە ئەو کابرایە ئەزانی".

حاجی نوری بەکر کە تەمەنی 61 ساڵ بوو، لەو کاتەدا خۆی کرد بە ماڵی حاجی سەعیددا. ئەمیش وەک هەرکەسێکی دیکەی گوندەکە، بەکشتوکاڵ دەژی، حاجی نوری کوڕێکی پێشمەرگە بوو، زوو زوو باسەکانی دەبردەوە سەر شەڕی داعش و پێشمەرگە.

حاجی نوری بەکر، گوندنشین، دەڵێ "ئەتوو کەست نییە لەناو ئەو شەڕەی نەبی، خەمێ پێ هەرەگری، برێی نەرێی خەفەتێ پێ ئەخۆی، ئەمن بەخۆ کوڕم پێشمەرگەیە، هەرجارێ ئەچیتە دەوامی، یەعنی بە کوردی بە تەمای نیمە بەڕاستی".

گوندی خەتێ، لای بەشێکی زۆری خەڵکی باشووری کوردستان ناسراوە، زۆرتریش بەهۆی مەلای دوو سەدە لەمەوبەری گوندەکەوە، کە مشتومڕی مێژووی زۆری بەدووای خۆیدا هێناوە.

حاجی نوری بەکر، گوندنشین، دەڵێ "ئێستا خانییەکم لە هەولێرێ بدرێتێ، تەبیعاتم ئەوهایە نایێمە هەولێرێ، ئێرەم پێخۆشە ناوچەکە، لەبەرئەوەی ئەمە لێرە لێڕاهاتینە، ئەگەر شاریش خۆشتربی، ئەمن ئێرەم پێخۆشترە".

حاجی سەعید و حاجی نوری، پەیتا پەیتا، وەک کاندیدایەک بۆ قسەکردن لەسەر گوندەکەیان، مام حوسێنیان پێشنیار دەکرد، کە گوایە لەوان قسەزانترە، لەوکاتەدا حاجی حوسێن لە بناری چیاکە لەناو ڕەزەکەیدا بوو، هەم بەناردنی پەیغام و هەم بە تەلەفۆن کردن، لەڕەزەکەیەوە گەڕاندیانەوە ناو گوندەکە.

 حوسێن حەمید بەنیووە ماندوویی هاتە ماڵی حاجی سەعید، تەمەنی ئەویش نزیکەی 61 ساڵ بوو.

کەمێک دانیشت و لەبەرئەوەی کارەکەی بەجێ هێشتبوو، پاش چایی خواردنەوەیەک، هەموومانی بەرەو ڕەزەکەی برد و لەوێ  وەک دەمڕاستێکی ئاوایی قسەی بۆ کردین.

حوسێن حەمید، گوندنشین، دەڵێ "حاجی نووری خوادەخانی سندووقە تەماتەکم لێکردەوە، بەس لێشم بژارد راستی، تشتی وەهە جوان قەت نەبوو، هینامەوە لە مارێیان ئەگۆ ئەرێ لۆناچی لەمەپاش هەر دەگەری هەڕوو، ئەیگۆ هەندی رەزی مە ئەبی لۆ تەماتانی دانایە، لەودیوی ئەو چەقەرەی، ئەیگۆ ناکەمە رەز، بەس سارێ تەماتا لەوێ ئەکەم و تەواو".

گوندەکە سەرسەوز و ڕازاوە بوو، چیا و خەرەند و هەوراز و نشێوی دەوروبەرەکەی، ڕازاوەیی گوندەکەی پشت ڕاستدەکردەوە.

حوسێن حەمید، گوندنشین، دەڵێ "بەخوای لە گوندی مە ئەوا بەبیرم دێ، نە کەسەک معاشی هەبوو، هیچی نەبوو، ئیڵڵا بەروبومی خۆیلە هەنار و گوێز و ترێ و بزن و مەڕ و مەسەلەن برێین چێڵ و شتیان هەبووە، گەنممان دەکرد و ژیانمان ئەوەندە بووە زیاتر دینارەکمان لە جێیەکی لۆ نەهاتییە، یان خانیمان لە هەولێرێ هەبی، یان سەیارەمان هەبی ئەوانە نەبووە هیچ، هەبووە نەبووە، والیداتی خۆمان لە باخ و پێی ژیاوین".

ئەو بردینییە سەر مەنزلگەی مەلای خەتێ، کە شهرەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی میرنشینی سۆران.
حوسێن حەمید، گوندنشین، دەڵێ "لێرە فەقێ هەبوونە و مامۆستا لێرە دەرسی پێداینەوەو مەلا فەتاح دەرسی پێداینە و مەلا ئیبراهیم دەرسی داینێ و لێرە لەو چنارەی بوونە و ئێەو ساباتی فەقێیان بووەو ئێرە ئاوەکی جوانە و رووبارە و لە هاوینان فێنک بووە، ءیرە مەنتیقەی مەلای خەتێ بووە، لە دوای ئەویش مەلا فەتاح و دوای ئەویش مەلا ئیبراهیم".

حوسێن حەمید، گوندنشین، دەڵێ "ئێرە سماندار مەشهوورە گۆڕێ فەقێیان، ئەوە کانییە لێرە ئەزێ، ئەها ئەو رووبارە ئەوە دێتە خوارێ، ئەجا وەختی خۆی فەقێ لە گوندی لە مزگەوتێ بوونە، هاوینان هاتووەنتە ئیرە ساباتیان کردووە، مەلای خەتێ، بەردوام مەدرەسەی هەبووە، مەلای خەتێ کاتی خۆی کە خەڵکی ئێرە بووە، بابی ناوی مەلا عەبدولڕەحمان بووە، لە قاهیرەی میسر دەرچووە لە ئەزهەر، کە دەرچووە داوود پاشا هەبووە، لەوی لەگەڵ ئەوی قوتابی بووە، بابی داوود پاشا کە لە بەغدایێ بووە مردووە، بۆیە عەبدولڕەحمانی لەگەڵ خۆی بردووە کردیتییە قازی خۆی، دوای ئەوە چوویتە ئیستەنبۆڵ و لەوێ قازی بووە، دوای ئەوە دێتەوە لای پاشای کۆرە و دەبێتە قازی، پاشی ئەوی لێرە بووە، فەقێ و مەدرەسەی هەبوونە، ئەوجا لە دوای ئەوی مەلای خەتێ برازایەکی هەبووە، مەلا فەتاح لیرە بەردەوام فەقێی هەبووە".

من بە بەرزایی گوندێکەوەم ئەم بەری کەپکی حەمەد ئاغایە و ئەوبەریشی کڵاو قاسم، هەموو خەڵکی کوردستان بەهۆی مێژوویەکەوەناوی ئەو گوندەی بیستووە، ئێرە گوندی خەتێیە دەگێڕنەوە نزیک بە دوو سەدە لەمەوبەر، بەهۆی فتوای مەلای ئەم گوندەوە میرنشینی سۆران دەڕووخێ، بەلام بەشێک لە خەڵکی گوندەکە باوەڕ بەم مێژووە ناکەن.