گوندی مەرگە

گوندی مەرگە

مەرگە یەکێکە لە گوندەکانی کوردستان و سەر بە پارێزگەی سلێمانییە، لەسەردەمی عوسمانییەکاندا کراوەتە قەزا، بەڵام لەسەردەمی بەعسدا، دەوڵەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر مەرگە ناشکێت، بۆیە بنگرد دەگرێتە قەزا و مەرگەش وەکو گوند مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لەنێوەڕاستی سەدەی رابردوودا بەهەوڵی جەند کەسایەتییەک قوتابخانە بۆ گوندەکە دابین دەکرێت، بەڵام ئەمە بۆ ناوچەکە هێندە ئاسان نابێت، بەوتەی بەشێک لە خەڵکی گوندەکە، ئاغاکان نەیاندەویست نەوەی جوتیارەکان چاوکراوە و خوێندەوار بن، بەڵام ساڵی ١٩٥٥ یەکەمین قوتابخانەی تێدادەکرێتەوە و کچان وکوڕانی گوندەکە بەبێ جیاوازی دەچنە بەر خوێندن.

دانیشتووانی مەرگە بە کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی میوەی جۆراوجۆرەوە سەرقاڵن، بەڵام تام و بۆنی  هەنجیری مەرگە و ناوبانگەکەی، سنووری دەڤەرەکەی بەزاندووە.

بەدێژی سەدەی رابردوو و پێشتریش، خەڵکانێک خوێندەوار لە مەرگە هەڵەکەوتوون بەتایبەتی مەلاکان دەورێکی گرنگیان بینیووە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و زانستی ئەو سەردەمە و هەندێکجار سەدان بەڵگەنامە و کتێبی دانسقە و دەسنووس لەلایەن مەلاکانەوە پارێزراوە.  

دەکرێت بڵیین لە ماڵەکاندا ئەو کتێبە بەنرخەکان پاڕیزراون کە مێژووە شاراوەکەیان هێشتا ئاشکرا نەبووە.