كوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن تۆ‌ون گەنمی هەیە

28 April 2024
كوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن تۆ‌ون گەنمی هەیە
ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم لە كوردستان ‏دەگاتە لوتكە
‏كوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن تۆ‌ون گەنمی هەیە

بەپێی پێشبینییەكان ئەمساڵ لە كوردستان بەرهەمێكی زۆری گەنم دەبێت، هێشتات ‏روون نییە حكومەتی عێراق چەند لەو گەنمە وەردەگرێ‌، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو ‏‏500هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی كوردستان وەرگرت، بەپرسانی وەزارەتی ‏كشتوكاڵ بۆ ئەمساڵ گەشبین ‌و  بەرپرسێكی حكومەتی عێراقیش لە بەرنامەیەدا ‏ئاشكرای دەكات ئەمساڵ چۆن ‌و بە چ شێوازێك گەنم لە جووتیارانی كوردستان ‏وەردەگرن.‏

لە كوردستان سێ‌ ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە
لە شەش ملیۆن دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن دۆنم زەوی بە ‏گەنم چێنراوە، هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و نوێنەری وەزارەتی ‏كشتوكاڵ لەم ‏بەرنامەیەدا وەهای گووت‌و پێشبینی ئەوەشی كرد وەك هەرێمی كوردستان ئەمساڵ ‏سەرووی دوو ملیۆن تۆن گەنم هەبێت ئەو گەشبینیشە بەوەی ئەمساڵ بەغدا بڕە ‏گەنمێكی باشی جووتیارانی كوردستان وەربگرێت، چونكە هەفتەیەكە لیژنەیەكی ‏‏15كەسی لە بەغداوە هاتونەتە ‏كوردستان ‏بۆ زانین بەرهەمی گەنمی كوردستان ئەو ‏گوتیشی "ساڵی رابردوو بەغدا 300هەزار تۆن گەنمیان دیاری كردبوو لە جووتیارانی ‏هەرێمی كوردستانی وەربگرن، بە فەشاری ‏ئێمە كرایە ‏‏500هەزار تۆن، بۆ ئەمساڵ ‏بەغدا بەنیازە 6ملیۆن تۆن گەنم وەربگرێت ‏تاوەكوئێستا ‏‏300هەزار تۆنیان ‏وەرگرتووە، هێشتا دیار نییە لە هەرێمی كوردستان چەند وەردەگرن".‏

بۆ پرسی گەنم وەزیری كشتوكاڵ دەچێتە بەغدا ‏
نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی ئاشكرا كرد بۆ وەرگرتنی پرسی هەموو ‏گەنمی كوردستان وەزیری كشتوكاڵ دەچێتە بەغدا ‌و رۆژی سێشەممە 30-04-‏‏2024، لەگەڵ بەرپرسانی لایەنی پەیوەندار لە بەغدا كۆدەبێتەوە "وەزیر بۆیە ‏گفتوگۆ دەكات تاوەكو وەك شارەكانی دیكەی عێراق هەموو گەنمی ‏جووتیارانی ‏‏هەرێمی كوردستانیش وەربگرێت، دوای كۆبوونەوەكانی وەزیری كشتوكاڵ لە بەغدا ‏مژدەی ‏خۆش ‏دەدەینە جووتیاران".‏
هەر بەپێی قسەی نوێنەرەكەی وەزیری كشتوكاڵ ئەو شاندەی لە بەغداوە هاتووە بۆ ‏چاودێری كاری جووتیاران ‌و چاندنی گەنم زۆر سەرسامن ‏بەكاری ‏جووتیارانی ‏كوردستان ‏

سەرەتای مانگی پێنج هاوردەكردنی گەنم قەدەخە دەكرێت
بۆ دڵنیایی بەغدا كە گەنمی كوردستان هاوردەكراو نییە، لە سەرەتایی مانگی پێنج ‏هاوردەكردنی گەنم بۆ هەرێمی كوردستان قەدەخە دەكرێت ‏
‏"تەنانەت جموجۆڵی گەنم لەنێوان شارەكانیش قەدەخە دەكرێت". هیوا عەلی ئەوەشی ‏گووت. بەپێی گرێبەستی وەزارەتی كشتوكاڵ لەگەڵ دوو كۆمپانیای نێوخۆیی ‏كردویەتی دەبێت ئەو گەنمەی جووتیاران كە دەمێنێتەوە حكومەتی عێراق وەریناگرێت ‏ئەو دوو كۆمپانیایە وەربگرن "ئەو دوو كۆمپانیا ساڵی یەكەم گەنمیان بەباشی ‏‏وەرگرت، ‏بەڵام دواتر كەمترخەم بوون، دەبوو لە رێگای ئەو كۆمپانیایەوە بنەتۆ دابین ‏بكرێت، ‏بەڵام ‏نەیانكردوە، ئەگەر ئەمساڵیش گرفتیان هەبوو، گرێبەستەكەیان ‏شایەنی ‏‏پێداچوونەوەیە".‏
هەر بەپێی قسەی هیوا عەلی لە كوردستان چوار كارگەی پاكردنی بنەتۆ هەیە لە ‏‏2019وە نزیكەی 10هەزار جووتیار لە وەرگرتنی ‏بنەتۆ ‏سوودمەند بوون بە نرخی ‏پاڵپشتی كراو پێیاندراوە "تاوەكوئێستاش 16 هەزار بنەتۆ دابەش كراوە".‏
لە كۆتایی قسەكانی بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ بە شانازییەوە گوتی "پێشتر ‏سەرمایەگوزاری كشتوكاڵ لەسەدا یەك پۆینت ‏هەشت ‏بوو، ئێستا بەروو 10% ‏دەڕوات".‏

بەهەدەردانی ملیۆنێك ‌و 700هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی ‏
مام فارس حوسێن، سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏جووتیارانی ‏سەردەم وەك میوانێكی بەرنامەكە ‏باسی لەوەكرد یەك ملیۆن 700هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كوردستان لە ‏بواری ‏دیكە ‏بەكارهێنراوە كەسیش باسی ئەو زیانە گەورەیە ناكات "دەبوو یەكێتی جووتیاران لە ‏بەهەدەردانی زەوی كشتوكاڵ ‏قسەی ‏هەبوایە".‏
مام فارس باسی لەوەش كرد لە 2014‌و 2015‌و 2016 هاوردەكردنی گەنمی قاچاخ ‏‏بۆ ئەوان بووە بەزیانی گەورە هەر ئەوەش  بووەتە هۆی ئەوەی حكومەتی عێراق ‏سەرجەم گەنمی جووتیاران وەرنەگرێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ گەشبینە‌و دەڵێت "ئەمساڵ ‏وەزارەتی كشتوكاڵ لە سایلۆكان سەرپەرشتی ‏وەرگرتنی ‏گەنم دەكات، بۆیە گەشبینم ‏گەنمی جووتیاران بە باشی وەربگرێت".‏
مام فارس جەختلەوە دەكاتەوە رێكخراوی یەكێتی جووتیارانی كوردستان نەیانتوانیوە ‏نوێنەری راستەقینەی ‏جووتیاران ‏بێ‌
‏"بەرەی كوردستانی لە نوێنەری حیزبەكان یەكێتی جووتیارانی دروستكردوە، ئەوە ‏چەندین ساڵ تێدەپەڕی ‏تاوەكوئێستا نەیانتوانیوە ‏هەڵبژاردنێك بكەن".‏

بڕینی 2% پارەی گەنم بۆ چییە؟‏
خالید تاهیر، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی ‏یەكێتی ‏گشتیی ‏جووتیارانی ‏‏‏كوردستان وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە هۆشیاری ئەوەیدا لە مانگی پێنجدا ئەگەر باران بارین بۆیە ‏پێویستە لەسەر جووتیاران لەگەڵ پێگەیشتنیا گەنمەكەیان بەزووی بدورنەوە "نەك ‏هەر باران ئەگەر ئاگر‌و چەندین ئافاتی دیكەش هەیە". ‏
بەپێی قسەی خالید تاهیر بێت، ئەو 2% پارەیەی بەناوی (پارە بنەتۆ ‌و هەندێ‌ ‏هاوكاری دیكە) لە جووتیار وەردەگیرێ‌، "كەس نازانێ‌ بۆ ‏كێ‌ ‏دەڕوات چونكە ‏جووتیاران نە هاوكاری دەكرێنە ‌و نە بنەتۆویشیان پێدەدرێ‌"‏

قسەی بەرپرسانی بەغدا لەبارەی وەرگرتنی گەنمی ‏كوردستان
د.حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دانەوێڵە ‏لە ‏عێراق، كە ‏لەنێو راپۆرتێكدا قسەی كردو لە بەرنامەكەدا پیشاندرا دڵنیایی ئەوە دایە جووتیاران ‏كە ئاستی بەرهەمی پارێزگاكانی ‏هەرێمی ‏كوردستان لە پارساڵ زیاتر دەبێت گوتیشی ‏‏"پرۆسەی رادەستكردنی گەنم ئەمساڵ باشتر دەبێت". هەر بەپێی قسەی ئەو ‏بەرپرسەی حكومەتی عێراق بۆ رادەستكردنی گەنم وەك ساڵانی رابردوو سەرەی دوور و ‏درێژی ‏وەرسكەر ‏دووبارە نابێتەوە گوتیشی "ئەمساڵ دۆخەكە جیاوازە بودجەی ‏تایبەت بۆ كڕینی بەروبوومەكان ‏ئامادەكراوە و ‏راستەوخۆ پارەكان دەدرێن".‏
د.حەیدەر نووری ئاشكراشی كرد بۆ داهاتوو هەر جووتیارێك پشت بە تەكنۆلۆجیای ‏‏نوێی ‏ئاودێری ببەستێت، دانەوێڵەكەی بە گرانتر لێوەردەگیرێت.‏
سەبارەت بە بڕی گەنمی پێشبینیكراو بۆ ئەمساڵی هەموو عێراق بەرپرسە عێراقییەكە ‏پێشبینی ئەوەی كرد 6 تاوەكو 7 ملیۆن تۆن ‏گەنم هەبێت ئەو گوتیشی "ئەمساڵ ‏تۆنێك بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێ‌ بەراستی ئەوە نرخێكی ‏زۆر ‏سەرنجڕاكێشە ‏واتە بۆ هەر تۆنێك 350 هەزار دینار زیاتر بە ‏جووتیارانی ‏خۆمان دەدەین، ئەمەش ‏هاندانێكی باش بۆ ئەوەی بەرهەمی نێوخۆیی زیاد بكات.‏

جووتیارێك: بە بەڵێنەكان گەشبینیم ‏
هەردی قادر، كە وەك جووتیارێكی سنوری كۆیە لەبەرنامەكەدا بەشداربوو باسی لەوە ‏كرد هەموو ساڵێك دەڵێنی ئەوەیان پێدەدرێت كە هەموو گەنمەكانیان لێوەردەگیرێ‌، ‏بەڵام ‏دواتر بەو جۆرە دەرناچێت "بۆیە من ‏گەشبین نیم، هەموو ساڵێك كێشەی ‏وەرگرتنی گەنمان هەبووە ئەمساڵیش دووبارە دەبێتەوە بەتایبەت بۆ جووتیارانی ‏سنووری كۆیە".‏
هەردی قادر، ئەوەشی روونكردەوە لە ساڵانی رابردوو جووتیاریان هەبووە، گەنمەكەی ‏كڕیارە 700هەزار ‏دینار ‏هەبووە، بەڵام بە ئومێدی ئەوەی لێوەربگرێت، نەیفرۆشتووە ‏دواتریش لێوەرنەگیراوە
هەردی قادر ئەوەشی روونكردەوە هەموو ساڵێك 3% پارەی گەنمەكەیان لێدەبڕی  ‏كەس نازانێ‌ ‏بۆچیش بەكار دێت "ئەگەر دەڵێن بۆ هاوكارییە بەو جۆرە نییە ئەوە دوو ‏بۆ سێ‌ ساڵ دەبێت هیچ هاوكارییەك نەكراوین".‏
‏ ‏
ئەم بەرنامەیەی شەوی 28-04-2024 پێشكەشكرا‌و ‏میوانەكانیش پێكهاتبوون لە ‏
‏- هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و نوێنەری وەزارەتی ‏كشتوكاڵ ‏‏
‏- خالید تاهیر، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی ‏یەكێتی ‏گشتیی ‏جووتیارانی ‏‏‏كوردستان   ‏
‏‏- مام فارس حوسێن، سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏جووتیارانی ‏سەردەم ‏‏‏‏
‏- هەردی قادر، جووتیار لە سنوری كۆیە‏
‏- د. حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دانەوێڵە لە عێراق