لە عێراقدا سێ‌ شار زۆرترین كتێبیان تێدا دەفرۆشرێ‌

21 April 2024
لە عێراقدا سێ‌ شار زۆرترین كتێبیان تێدا دەفرۆشرێ‌
كێشەكانی كتێب ‌و خوێندنەوە لە هەرێمی كوردستان
لە عێراقدا سێ‌ شار زۆرترین كتێبیان تێدا دەفرۆشرێ‌

ئەو شارانەی عێراق كە زۆرترین كتێبیان تێدا دەفرۆشرێ‌ كوێن؟

‏"لە هەولێر‌و سلێمانی ‌و ناسرەییە زۆرترین كتێب دەفرۆشرێ‌". ئەژین ‏عەبدولخالق، نوسەر ‌و رۆماننووس لە دەستپێكی قسەكانی لەم بەرنامەیەدا ‏كە لە پێشنگای كتێب لە شاری هەولێر كرایەوە وەهای گووت، ئەو ‏رۆماننوسە  رەخنەی ئەوەشی گرت كتێبی فكری ‌و مەعریفی لە پێشەنگاكەدا ‏كەمە "بەتایبەت كتێبی فەلسەفی لە پێشنگاكەدا هەر زۆر كەمە". بەبڕوای ‏ئەو ژنە نووسەرە لە كورستاندا خوێنەرهەیە، بەڵام كارەكتەری بیركەرەوە ‏زۆر كەمە. ئەو كە دەرچووی  بەشی زانستی ئاینە، باسی لەوەش كرد كتێبی ‏ئاینی زۆری لە پێشەنگاكەدا كڕیوە رەخنەی ئەوەشی گرت كە كارەكترە ‏ئاینییەكان كەمترین رێزی ئەو ئافرەتانە دەگرن كە بیركردنەوەیان وەك ئەوان ‏نییە ئەو گوتی "با بیركردنەوەمان جیاواز بێت، بەڵام با بتوانین بەیەكەوە ‏كۆببینەوە، ئەساڵی مەعریفەش ئەوەیە بەبێ‌ توند‌وتیژی بتوانین پێكەوە ‏گفتوگۆ بكەین، بەراستی مەعریفە ئەوەیە كارەكتری بیر كەرەوە دروست ‏بكەین".‏


مامۆستایەكی ئاینی: ئەمجارە كتێبەكانی دۆستۆیڤسكی یەم كڕیوە
د.عیماد گوانی، پێش نوێژو گوتارخوێن، وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ‏باسی لەوەكرد ‏بەشی زۆری ئەو كتێبانەی ئەم جارە لە پێشەنگاكەدا ‏كڕیوێتی كتێبەكانی دۆستۆیڤسكییە، ئەو گووتی "‏لە ماڵەوە كتێبخانەیەكەم ‏هەیە زیاتر لە 30هەزار ناونیشانی تێدایە". ئەو مامۆستای ئاینیە جەختی ‏لەوەش كردەوە "بیركردنەوەی ئاینی لەلای تاكی كوردی توندڕەوانە نییە" ‏بەنمونەش باسی لە ژمارەی ئەو كوردانە كرد كە پەیوەندییان بە داعشەوە ‏كردوە "ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست‌و قاچ تێنەدەپەڕی". د.عیماد گوانی ‏جەختی لە پێكەوەژیانی ئاینە جیاوازەكان كردەوە گوتی "لە ئاینی ئێمەدا ‏ئەگەر بڕوات بە تەوڕات ‌و ئینجیل نەبێت ئیمانت تەواو نییە".‏
گرانی چاپكردنی كتێب لە كوردستاندا لایەنێكی دیكەی گفتوگۆی بەرنامەكە ‏بوو لەسەر ئەو نمژارەش د.عیماد گوانی گوتی "كتێبمان لە ئێران چاپكردوە ‏‏600دۆلاری تێچوە، ئەگەر لە كوردستان چاپمان بكردایە 1500دۆلاری ‏تێدەچوو".‏


بەرامبەر مامۆستایەكی ئاینی قاچ لەسەر قاچ داناوە
بەشێك لە فەقێكانی ‌و د.عیماد گوانی یش رەخنەیان لە شێوازی دانیشتنی ‏ئەژین عەبدولخالق ی نوسەر ‌و رۆماننووس هەبوو، بەوەی لەو دانیشتنەدا ‏قاچی لەسەر قاچ داناوە بەتایبەت بەرامبەر مامۆستایەكی ئاینی، مامۆستا ‏عیماد ئەو رەخنەیەی نەشاردەوە بە ئاشكرا رووی كردە میوانەكانی دیكە‌و ‏گوتی "ئەو خاتونە پێ لەسە پێی داناوە لەگەڵ ئەوەش رێزمان گرتووە، ‏بەشێوەیەكی ئاسایی وەڵامی پرسیارەكانمان داوەتەوە". لەو كاتەدا ئەژین ‏عەبدولخالق توڕە بوو گوتی "مامۆستا كە قسە بۆمن دەكەیت روون بكەرە من ‏قسەكانت بۆمنە، بۆچی سەیرم ناكەیت". د.عیماد گوانی وەڵامی دایەوە ‏جەختی لەوە كردەوە بەپێی بنەماكانی ئاینی ئیسلام رێگە بەوە نادرێ‌ ‏سەیری ئافرەتێك بكات كە حەڵاڵی ئەو نییە. ئەژین عەبدولخالق ‌و بەشێك لە ‏میوانەكانی دیكەی بەرنامەكە رەخنەیان لە گوتاری مامۆستایانی ئاینی گرت ‏بەتایبەت گوتاری رۆژانی هەینی ‌و بەهاندانی توند‌وتیژی پێناسەیان كرد، ‏بەڵام د.عیماد گوانی ئەوەی رەتكردەوەو گوتی "گوتاری مامۆستایانی ئاینی ‏لە رۆژانی هەینی گۆڕانكاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە بەو جۆرە نییە كە ‏هانی توند‌وتیژی بدات".‏

زۆرترین تیراژ چەندە؟
كاروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری وەشانخانەی موكریان، كە وەك نوسەر ێك لە ‏بەرنامەكەدا بەشدار بوو جەختی لەوە كردوە تیراژی كتێب زۆر دابەزیوە ‏زۆرترین تیراژ لە 500دانە تێناپەڕی و گوتیشی "نەك لە كوردستاندا لە ‏ئێرانیش تیراژی كتێب زۆر دابەزیوە، ئەوەندەی پرسیارم كردوە لە ئێران لە ‏‏10هەزارەوە بۆ 500 تیراژ دابەزیوە". بەڕێوەبەری وەشانخانەی موكریان ‏ئەوەشی ئاشكرا كرد لە كوردستاندا بەپلەی یەكەم رۆمان خوێنەری زۆرە ‌و ‏دوای ئەویش كتێبی بیرەوەری سیاسییەكان فرۆشی هەیە.‏
ئەو لەگەڵ ئەوەش نییە كە دەگوترێ‌ ئیسلامییەكان زیاتر كتێب دەكڕن، لە ‏كەسانی دیكە ‌و گوتیشی "پێویستە ئیسلامییەكان بڕۆن كتێبی دیكەش ‏بخوێنەوە مەرج نییە هەر كتێبی ئیسلامی بخوێنەوە".‏
پرسیارێك لە نێو ئامادەبوانی بەرنامەكەدا كرا ئایا ئیشی رۆمان یان ئەدەب ‏چییە؟ كاروان عەبدوڵڵا لە وەڵامدا گوتی  "ئیشی ئەدەب زیادكردنی خیاڵ ‌و ‏ئیشكردن لەسەر روئیا ‌و مرۆڤایەتیەت ئیشی ئەدەب ئەوە نییە دنیا ‏بگۆڕێت".‏

ژمارەی سەردانكەران زیاد بووە
‏شێروان عولا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ ‏و ‏بڵاوكردنەوە ‏لەوەزارەتی رۆشنبیری جەختی لەوە كردەوە ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی ‏سەردانیكار بۆ پێشەنگای كتێب زیاد دەبێت هاوكات دانی بەوەشدا نا كە ‏كاری كتێب لە وەزارەتی رۆشنبیری بەباشی رێكنەخراوە. سەبارەت بە ‏ژمارەی سپاردنی كتێبیش لە ساڵی رابردوو گوتی "لە 2023دا 2673 ‏كتێب ژمارەی سپاردنیان وەرگرتووە". ئەو بەرپرسەی وەزارەتی رۆشنبیری ‏ئاشكراشی كرد كە "ژمارەی چاپكردنی كتێب ساڵ لە دوای ساڵ زیاد ‏دەبێت".‏

سانسۆری چ جۆرە كتێبێك دەكرێ‌؟
شەوقی عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشەنگای ‏نێودەوڵەتی ‏‏سلێمانی وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوی خستەڕوو لە پێشەنگای ‏كتێب لە سلێمانی ئاماری وردی كتێبەكانیان بە رێژەی لە سەدا سەد لایە، ‏لەبارەی زۆری سەردانیكەرانی پێشەنگاكانیش جەختی لەوە كردەوە كە ‏گەنجان زۆرینەی سەردانیكەران پێكدەهێنن گوتیشی "من دژی ئەوەم كە ‏دەڵێن گەنجانی ئێمە ناخوێنەوە،  ئەوە هەرگیز راست نییە، قەرەباڵغی ‏پێشەنگاكان لەلایەن گەنجانەوە باشترین بەڵگەی ئەوەیە كە گەنجانی ئێمە ‏دەخوێنەوە ‌و زۆریش بە باشی". لە پێشەنگاكاندا چ جۆرە كتێبێك سانسۆر ‏دەكرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارە بوو كە رووبەڕووی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پێشەنگای ‏نێودەوڵەتی ‏سلێمانی كرایەوە، شەوقی عومەر ئەوەی نەشاردەوە ‏كە بەشێك لە كتێب هەیە بە ناچاری دەبێت سانسۆری بكەن‌و گوتی "ئەو ‏كتێبانەی بە باڵای رژێمی پێشووی بەعسدا هەڵدەدا بە ئاشكرا سانسۆرمان ‏كردوە، دەبێت ئەوەش بزانین كام كتێبە سانسۆر دەكەیت لەئینتەرنێتەوە ‏بە ئاسانی دەست دەكەوێت".‏

هەر لەبەرنامەكەدا كۆمەڵێك قوتابی زانكۆ ‌و فەقێی ئاینی بەشداربوون بە ‏سەرنجەكانیان بەرنامەكەیان دەوڵەمەند كرد ‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 21-04-2024 پێشكەشكرا‌و میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە ‏

‏*شێروان عولا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ ‏و ‏‏بڵاوكردنەوە لەوەزارەتی رۆشنبیری ‏
‏* د.عیماد گوانی، پێش نوێژو گوتارخوێن ‏
‏* كاروان عەبدوڵڵا، نوسەر ‏
‏*شەوقی عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشەنگای ‏نێودەوڵەتی ‏‏سلێمانی ‏
‏* ئەژین عەبدولخالق، نوسەر ‌و رۆماننوس.‏