گفتوگۆ و بەخشینی خەڵات و کەبابی ئیسکان لە پاشیڤی رووداو
بەرنامەی پاشیڤی رووداوی ئەمشەو، لە یەکێک لە شەقامە ناسراوەکانی شاری هەولێر، شەقامی ئیسکانەوە دەستیپێکرد. محەممەد شێخ فاتیح، سەردانێکی وەستا ئەیادی کرد، کە کەبابچییەکی بەناوبانگە و خەڵکێکی زۆر حەزیان بە کەبابەکەیەتی. وەستا ئەیاد، باسی لەوە کرد کە چۆن لە منداڵییەوە دەستی بەم کارە کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لەسەر داوای کڕیارەکانی بڕیاریداوە لە مانگی رەمەزانیشدا دوکانەکەی کراوە بێت. وەستا ئەیاد، دڵنیایی دا کە هەمیشە گۆشتی خۆماڵی و کوالێتی بەرز بەکاردەهێنێت و باسی لەوەش کرد کە نرخی هەر شیشێک کەباب تەنیا 3,000 دینارە، چونکە مەبەستی سەرەکی خزمەتکردنی خەڵکە.
قورئانخوێنێکی ناسراوی کورد، کە بەشداری چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە، میوانێکی دیکەی بەرنامەی پاشیڤ بوو. لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سەمیرا کارزان، باسی لە گرنگیی مەقامەکانی وەکو بەیات، رەست و حیجاز کرد لە کاتی قورئانخوێندندا و چۆن جوانی دەبەخشنە خوێندنەوەکە. هەروەها بە رێزەوە ستایشی دەنگی سەمیرای کرد و گوتی کە بۆ قورئانخوێندن زۆر گونجاوە.
لە بەشێکی دیکەی پاشیڤی رووداودا، فەرزەند موهاجر، بازرگانێکی سەرکەوتووی خەڵکی سۆران، بەشداربوو. ئەو بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر چیرۆکی ژیانی خۆی گێڕایەوە، کە چۆن لە سفرەوە و بە کاروانچێتی لە سنوورەکان دەستی پێکردووە و ئێستا بووەتە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی سۆران و چەندین چێشتخانە. فەرزەند، هانی گەنجانی دا کە پشتیان بە خۆیان ببەستن و بوێرانە بچنە ناو جیهانی بازرگانییەوە.
لە نێوان گفتوگۆکاندا، گرووپی میوزیکی پاشیڤ بە سەرپەرشتیی هونەرمەند شیاو کەمال، چەند پارچە میوزیکێکی ئارام و عیرفانییان پێشکێش کرد کە کەشێکی رۆحانییان بەخشیبووە بەرنامەکە. سەمیرا کارزان، لەگەڵ گرووپەکەدا، بە دەنگە خۆشەکەی موناجاتێک و شیعرێکی لەسەر گەورەیی خودا خوێندەوە.
لە کۆتاییدا، کاتی ئەوە هات براوەی خەڵاتی لیرەی زێڕی بەیار گۆڵد رابگەیەنرێت، کە ناوی محەممەد عەلی بوو. بەرنامەکەش بە بانگدان و نانخواردنی پاشیڤ لەسەر سفرە رازاوەکەی شێف سەوسەن کۆتایی هات.
شۆیەکی دوو كاژێرییە، بەدرێژایی مانگی رەمەزان پێشكێشدەكرێت. ئەو كەسانەی تاوەكو پاشیڤ ناخەون یان بۆ پاشیڤ هەڵدەستنەوە بەدرێژایی ئەو دوو كاژێرە زانیاری و بڕگەی هەمەجۆریان پێشكێش دەكرێت. بڕگەكانی بەجۆرێكن كە رەچاوی خێرایی لەسەر شاشە و هەمەڕەنگی و پڕ زانیاریبوون و چێژوەرگرتن تێیانداكراوە .
ئامانج لە پاشیڤ دروستكردنی شۆیەکی رەمەزانی پڕ زانیاری و ئینتەرتەیمێنتە بۆ ئەوانەی شەوانی رەمەزان ناخەون، بۆ ئەوەی ئاگاداری مژارە جۆرا و جۆرەكان بن كە بەتایبەتی لەو مانگەدا دەبنە جێگەی گفتوگۆ و سەرنج.