دابەشکردنی خەڵاتە گرانبەهاکانی پاشیڤی رووداو

دابەشکردنی خەڵاتە گرانبەهاکانی پاشیڤی رووداو

دوایین بەرنامەی پاشیڤی رووداو لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا پێشکێشکرا. لە بەرنامەکەدا چەندین میوان و بڕگەی جۆراوجۆر هەبوون. پێشکێشکاران سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح، بە جلوبەرگی رازاوەی کوردییەوە دەستیان بە بەرنامەکە کرد و پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان و نەورۆزیان لە بینەران کرد.

یەکەم میوانی بەرنامەکە، دیزاینەرانی جلوبەرگی کوردی یەنار و بنار بوون، کە خاوەنی یەنار بوتیکن. ئەوان باسیان لە دیزاینە تایبەتەکانیان و سەرچاوەی قوماشەکانیان کرد کە لە وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا و تورکیاوە هاوردەی دەکەن. هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە نرخەکانیان لە 35 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 3,500 دۆلار. لەم بڕگەیەدا، چەندین دەستە جلوبەرگی کوردی وەکو دیاری پێشکێش بە ستافی بەرنامەکە و خێزانی میوانەکان کرا.

دواتر، ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراو بەرزان سنجاوی، بووە میوان. بەرزان سنجاوی باسی لە دراما نوێیەکەی "دوو ماڵ و یەک سەعدی" کرد کە تێیدا رۆڵی پیاوێک دەگێڕێت کە دوو ژنی هەیە. هەروەها چەند بەسەرهاتێکی خۆشی ژیانی هونەریی خۆی گێڕایەوە و، بە گوتنی حەیرانێکی کۆمیدی، کەشێکی پڕ لە پێکەنینی دروستکرد.

بڕگەی هەرە چاوەڕوانکراوی بەرنامەکە، دابەشکردنی خەڵاتە گەورەکان بوو. بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیای کیا، یەکەم ئۆتۆمبێل کە لە جۆری کیا بوو، بەخشرایە نەزیر ئەبوو محەممەد، کە زۆرترین کۆمێنتی "پاشیڤی رووداو"ی نووسیبوو. دواتر پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ براوەکەدا کرا و پیرۆزبایی لێکرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا و بە ئامادەبوونی نوێنەری بەیار گۆڵد، خەڵاتی لیرەیەکی زێڕ بەخشرایە بارزان برادۆستی. هەروەها دوو سێت قەنەفەی مۆدێرن لەلایەن کۆمپانیای ڤانەوە پێشکێش بە دوو براوەی دیکە کران. هەروەها خەڵاتەکانی دیکە کە بریتی بوون لە دوو ئۆتۆمبێلی دیکەی جۆری کیا دابەشکران. 

لە کۆتاییدا، بەرنامەکە بە گۆرانی و میوزیکێکی تایبەت بە بۆنەی جەژنەوە کۆتایی هات و پێشکێشکاران جارێکی دیکە سوپاسی بینەران و سپۆنسەرەکانیان کرد کە لە ماوەی مانگی رەمەزاندا هاوکار و پشتیوانیان بوون.

شۆیەکی دوو كاژێرییە، بەدرێژایی مانگی رەمەزان پێشكێشدەكرێت. ئەو كەسانەی تاوەكو پاشیڤ ناخەون یان بۆ پاشیڤ هەڵدەستنەوە بەدرێژایی ئەو دوو كاژێرە زانیاری و بڕگەی هەمەجۆریان پێشكێش دەكرێت. بڕگەكانی بەجۆرێكن كە رەچاوی خێرایی لەسەر شاشە و هەمەڕەنگی و پڕ زانیاریبوون و چێژوەرگرتن تێیانداكراوە .

ئامانج لە پاشیڤ دروستكردنی شۆیەکی رەمەزانی پڕ زانیاری و ئینتەرتەیمێنتە بۆ ئەوانەی شەوانی رەمەزان ناخەون، بۆ ئەوەی ئاگاداری مژارە جۆرا و جۆرەكان بن كە بەتایبەتی لەو مانگەدا دەبنە جێگەی گفتوگۆ و سەرنج.