وردەکاریی گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی سێ وڵات

02 February 2026
وردەکاریی گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی سێ وڵات

ئەمڕۆ لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال وردەکاریی گۆڕانکارییەکانی لانیکەم سێ وڵاتی ناوچەکە باس دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا رووناکیی دەخەینەسەر ململانێ نێوان یەکێتی و پاتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق،  هاوکات باسی سێ تەوەر دەکەین کە بڕیارە  شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باسی بکەن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کەناڵە نهێنییەکانی واشنتن و تاران لە رێگەی سێ وڵاتەوە ورد دەکەینەوە، ئەوان دەیانەوێت رێگری بکەن لە  تەقینەوەی دۆخەکە.
هەروەها کۆمەڵێک دیمەنی نوێ پیشان دەدەین.

سەردانی شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگاتە هەرێمی کوردستان و سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە گەیشتنە بە لێکتێگەیشتن لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار. عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانێتییەکە رایدەگەیێنێت کە دەخوازن کورد بە یەک بەربژێر بچێتە پەرلەمان. ئێستا 13 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، کە دیارترینیان د. فوئاد حوسێن (پارتی) و نزار ئامێدی (یەکێتی)ـن.

قەیرانی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رووبەڕووی کێشەی یاسایی بووەتەوە. دوێنێ بەهۆی ئامادەبوونی تەنیا 70 پەرلەمانتار، رێژەی یاسایی تەواو نەبوو. دادوەر رزگار محەمەد ئەمین، هۆشداری دەدات کە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەهۆی تێپەڕبوونی وادەی 30 رۆژەی دەستووری، نادەستوورییە. پێشنیار دەکات پەرلەمان دووبارە دەرگای خۆپێشاندانی بەربژێرەکان بکاتەوە بۆ وەرگرتنی شەرعییەت.

د. ئەشواق جاف: پارتی دەخوازێت پۆستی سەرۆککۆمار چالاک بکاتەوە

د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بۆ رووداو رایدەگەیێنێت، پارتی تەنیا بۆ پۆست کێبڕکێ ناکات، بەڵکو دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆمار وەک سەردەمی مام جەلال ببێتەوە بە چەقی بڕیار و پارێزەری دەستوور. جاف ئاشکرای کرد کە د. فوئاد حوسێن پێشنیازێکی داوەتە قوباد تاڵەبانی کە پارتی ئامادەیە پۆستەکانی دیکەی عێراق بداتە یەکێتی بەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام یەکێتی تاوەکو ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە.

دۆسیەی سووریا؛ رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق و پێکدادان لە سوەیدا

ئەمڕۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 14 خاڵیی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەستیپێکرد. قەدەخەی هاتووچۆ لە حەسەکە راگەیێندرا و بڕیارە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا (حکومەتی کاتی) بچنە ناو شارەکە. رێککەوتنەکە هاوئاهەنگی سەربازی، تێکەڵکردنی دامەزراوەکان و ناساندنی بڕوانامەکانی رۆژئاوای کوردستان لەخۆدەگرێت. هاوکات، لە باشووری سووریا و لە شاری سوەیدا، پێکدادانی سەخت لە نێوان گروپە دروزەکان و هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق روویداوە.

دۆسیەی ئێران؛ نێوەندگیریی سێ وڵات لە نێوان تاران و واشنتن

کەناڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و تاران لە رێگەی سویسرا، قەتەر و عومانەوە بە چالاکی ماونەتەوە. عومان رۆڵی ستراتیژی و گەیاندنی پەیامە هەستیارەکان دەگێڕێت. ترەمپ داوای رێککەوتنێکی گشتگیر دەکات کە پرسی ئەتۆمی، مووشەکی و میلیشیاکان لەخۆبگرێت. لە ناوخۆی ئێرانیشدا ململانێ لە نێوان بەرەی پزیشکیان (بۆ سازش و لابردنی سزا ئابوورییەکان) و بەرەی توندئاژۆ (سوپای پاسداران) توندبووەتەوە.

هێرشەکەی داعش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێیامی

رێکخراوی داعش ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێیامی پایتەختی نێجیری بڵاوکردەوە. هێرشەکە بنکەی سەربازی "101"ی کردووەتە ئامانج کە پێشتر لای ئەمریکییەکان بووە و ئێستا راهێنەری رووسی و درۆنی بایراکتاری تورکی لێیە. پسپۆڕان ئەمە بە وەرچەرخانێکی مەترسیدار لەچالاکییەکانی داعش لە ناوچەی ساحل دادەنێن.

پەیکەری کەزی؛ سیمبولی یاخیبوونی مێینە لە رۆتەردام

لە شاری رۆتەردامی هۆڵەندا، پەیکەرێکی گەورەی پۆڵایین بە ناوی "کەزی" بە بەرزی 6.5 مەتر سەرنجی رێبواران رادەکێشێت. ئەم کارە هونەرییەی "کالیۆپی لیمۆس" کە ساڵی 2021 دانراوە، گوزارشت لە یاخیبوونی ژنان دژی باوکسالاری و هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری و ئازادی دەکات، کە هاوتایە لەگەڵ ئەو سیمبولەی شەڕڤانانی کورد بەکاری دەهێنن.

ئامەدسپۆر؛ گەڕانەوە بۆ پێشەنگ بە گۆڵباران

یانەی ئامەدسپۆر لە یاریگەی خۆیدا لە ئامەد، سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر یانەی ئەدەنەسپۆردا بەدەستهێنا و بە 7 گۆڵی خاوێن یارییەکەی بردەوە. بەم ئەنجامە ئامەدسپۆر بە 46 خاڵ گەڕایەوە پێشەنگی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا و هەنگاوێکی گەورەی بەرەو سوپەرلیگی تورکیا نا بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو رووبەڕووی گەورەکانی وەک گەڵاتەسەرای و فەنەرباخچە ببێتەوە.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).