هێرش و دانوستان؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئاگری شەڕ و هیوای ئاشتی

07 May 2026
هێرش و دانوستان؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئاگری شەڕ و هیوای ئاشتی

لە شەوی رابردووەوە، ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دا، کە تەنیا زیانی ماددیی هەبووە. هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە 7/5/2026، لە بەغدا یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی، فەرماندەی زیندانی نوگرەسەلمان بەڕێوەدەچێت، کە بە یەکێک لە تاوانبارە سەرەکییەکانی ئەنفال دادەنرێت. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە جووڵەیەکی سیاسیی چڕ لەنێوان واشنتن و تاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە ئارادایە.

ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ و درەنگانی شەوی رابردوو، ئێران جارێکی دیکە کەمپ و بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچەکانی هەریر، خەلیفان، کۆیە و بالیسان کردە ئامانج. لە کاتێکدا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی چەند درۆنێکی لە هەریر و خەلیفان تێکشکاند، 4 مووشەک ئاراستەی کەمپی کۆمەڵە لە بالیسان کران و بنکەی حیزبی دیموکراتیش لە کۆیە بە 3 درۆن کرایە ئامانج.  

یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ لە بەغدا، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی مولازم عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، فەرماندەی زیندانی نوگرەسەلمان لە سەردەمی ئەنفالدا، بەڕێوەدەچێت. عەجاج، کە بە دڵڕەقی و ئەشکەنجەدانی دڕندانەی ژن و منداڵ و پیاوانی ئەنفالکراو ناسراوە، رووبەڕووی زیاتر لە 300 سکاڵا بووەتەوە.

عەجاج تکریتی؛ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مێژوویەکی خوێناوی

فەزیڵە محەممەد و چەندین رزگاربووی دیکەی ئەنفال، لەبەردەم دادگا و لە رێگەی میدیاکانەوە، چیرۆکی ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییانە دەگێڕنەوە کە لە زیندانی نوگرەسەلمان لەسەر دەستی عەجاج تکریتی چەشتوویانە. لە کاتێکدا قوربانییەک شوێنەواری کێبڵی ئەشکەنجە پیشان دەدات، یەکێکی دیکە تەسبیحێکی کوڕە شەهیدەکەی وەک دوا یادگاری پیشان دەدات.

کارنامەی وەزاریی عەلی زەیدی دەگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران

هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کارنامەی وەزاریی حکومەتەکەی رەوانەی پەرلەمان دەکات. بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتنی تایبەت بۆ دەنگدان لەسەر کابینە و کارنامەکە بەڕێوەبچێت. حەلبووسی داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کردووە لە بەغدا ئامادە بن بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی تەواو بێت.

یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێکەوت

ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت. وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندووە، هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازی لە 5,120 حاجیی هەرێمی کوردستان کراوە و تەنانەت شێفی کوردیش خواردنیان بۆ ئامادە دەکەن. هاوکات، سعودیە رێکارە ئەمنییەکانی تووند کردووە.

ژمارەی حاجییانی ئێران بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە

رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 13,500 حاجیی ئێرانی گەیشتوونەتە سعودیە. ئەم ژمارەیە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە پشکی فەرمیی ئێران زیاتر لە 86 هەزار کەس بووە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 30 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە. ساڵی رابردوو زیاتر لە 85 هەزار ئێرانی فەریزەی حەجیان بەجێهێنابوو.

سڕی ساکیک: قەدەخەکردنی وتاری کوردی لە مزگەوتەکان دژی برایەتییە

سڕی ساکیک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئاگری، رەخنەی تووندی لە بڕیاری موفتیی شارۆچکەی دیادین گرت بۆ قەدەخەکردنی وتاری هەینی بە زمانی کوردی. ساکیک بە رووداوی گوت، ئەمە هزرێکی 100 ساڵەی دەوڵەتی تورکیایە کە زمانی کوردی رەتدەکاتەوە و ئەم جۆرە بڕیارانە دژی بنەماکانی برایەتین.

ئەمریکا و ئێران لەبەردەم رێککەوتنێکی یەک لاپەڕەییدا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، جەنگ لەگەڵ ئێران "بە خێرایی" کۆتایی دێت و ئامانجی سەرەکی رێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی. بەپێی زانیارییەکان، واشنتن و تاران نزیکن لە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی کە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و سووککردنی سزا ئابوورییەکان لەخۆدەگرێت.

ئیسرائیل نیگەرانی خۆی لە رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دەردەبڕێت

میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵاوە بڵاویانکردەوە، تەلئەبیب نیگەرانە لەوەی هەر رێککەوتنێکی ئەمریکا و ئێران، دەبێتە هۆی سنووردارکردنی جووڵە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان. لە لایەکی دیکەوە، راوێژکارانی ترەمپ نیگەرانیی خۆیان لە کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا نیشان داوە، کە بووەتە پاڵنەرێک بۆ خێراکردنی هەوڵەکانی گەیشتن بە رێککەوتن.

ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر کەشتییەکی نەوتیی ئێرانی

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتیی ئێرانی بە ناوی "حەسنا" و لە نزیک دەریای عوماندا رایگرتووە. سێنتکۆم دەڵێت، کەشتییەکە هەوڵیداوە گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران بشکێنێت و پابەندی هۆشدارییەکان نەبووە.

گەورەترین فڕۆکەهەڵگری جیهان دەگەڕێتەوە ئەمریکا

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد"، کە بە گەورەترین و پێشکەوتووترین کەشتیی جەنگیی جیهان دادەنرێت، دوای ئەرکێکی 316 رۆژە لە دەریای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو ئەمریکا دەگەڕێتەوە. گەڕانەوەی ئەم کەشتییە زەبەلاحە وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاریی نوێ لە ستراتیژیی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە.

ئەمریکا فڕۆکەی "چاوی دۆزەخ" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات

سەرەڕای هەواڵی دانوستاندنەکان، ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکە بەهێزتر دەکات. واشنتن فڕۆکەی سیخوڕیی پێشکەوتووی جۆری (AWACS)ی ناسراو بە "چاوی دۆزەخ" جووڵاندووە، کە توانای دیاریکردنی مووشەک و درۆنی هەیە هەر لە یەکەم چرکەی هەڵدانیانەوە. هاوکات، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و فڕۆکەی ستراتیژیی (B-1B) و (B-52) لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

نامەیەکی جێفری ئێپستاین پێش خۆکوشتنی بڵاوکرایەوە

دادوەرێکی ئەمریکی نامەیەکی بڵاوکردەوە کە دەگوترێت جێفری ئێپستاین، ملیاردێری تۆمەتبار بە کاری دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان و منداڵان، پێش خۆکوشتنی نووسیویەتی. لە نامەکەدا هاتووە: "بۆ ماوەی چەندین مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم و هیچیان دەستنەکەوت." بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە دوای چەندین ساڵ، گومانەکانی دەربارەی چۆنیەتیی مردنی ئێپستاین لە زینداندا جارێکی دیکە وروژاندووە.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).