کەرکووک لەبەردەم گۆڕانکاریی سیاسیدایە
تاران لەژێر گوشاری سەربازی و ئابووریی واشنتن
لە کەرکووک ململانێی وەرگرتنی پۆستی پارێزگار گەیشتووەتە لووتکە و پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکات. هاوکات، دۆخی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو قۆناخێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت؛ واشنتن هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکات و سزای نوێ بەسەر تاراندا دەسەپێنێت، لە کاتێکدا ژەنەراڵە بەهێزەکەی پاکستان وەک نێوەندگیر لە تارانە. لەسەر ئاستی ناوخۆش، کێشەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی شەهید غەزال دەنگدانەوەی گەورەیان دروست کردووە.
کەرکووک؛ گۆڕینی پارێزگار و هەڕەشەی بایکۆت
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ لە پێکهاتەی تورکمان ئەنجام بدات، ئەم جووڵەیە ناڕەزایەتی لێ کەوتووەتەوە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەکە بە "ناشەرعی" و "سەفەقاتی گوماناوی" ناو دەبات و بایکۆتی کردووە. لە ناوخۆی یەکێتیشدا دۆخەکە شڵەژاوە و باس لە ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی سێ ئەندامی ئەنجوومەن دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێبوار تەها تاوەکو ئێستا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش نەکردووە.
هێرشی درۆنی بۆ سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە
شەوی رابردوو، زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی کرایە سەر بارەگاکانی حیزبی کۆمەڵە لە زرگوێزەڵە، کەمپی پاکشاری لە هەولێر و بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە خەلیفان، ئەگەرچی هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانی ماددی زۆریان بە دوای خۆیاندا هێناوە و چەندین خانووی نیشتەجێبوونی خێزانەکان وێران بوون.
کێ لە گیان لەدەستدانی شەهید غەزال بەرپرسیارە؟
کۆچی دوایی غەزال مەولان، ئەو پێشمەرگەیەی لە بۆردومانی سوورداش بریندار بوو، کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە بەگوێرەی زانیارییەکان، سێ نەخۆشخانەی ئەهلی لە سلێمانی بەبیانووی نەبوونی "نووسراوی پۆلیس" و ڕێکارە ئیدارییەکان، ئامادە نەبوون وەریبگرن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پێش گەیشتنی بە چارەسەری تەواو، گیان بسپێرێت. ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی یاسایی ئەم کەیسە دەخاتە ڕوو.
باسم بەدری؛ بەربژێری نوێ و بەهێز بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق
کێشەی نێوان لایەنە شیعەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی قووڵتر بووەتەوە و کۆبوونەوەی یەکلاییکردنەوەی سەرۆکوەزیران بۆ دووەمجار دواخرا. لە نێوان سوودانی و مالیکیدا، ئێستا ناوی "د. باسم بەدری"، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، وەک بەربژێرێکی یەکلاکەرەوە و بەهێز دەرکەوتووە، بەدری پسپۆڕی ئابوورییە و وەک کەسایەتییەکی نزیک لە حیزبی دەعوە دەناسرێت.
ئیمارات و وڵاتانی کەنداو هۆشداری دەدەنە عێراق
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە فەرمی هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراقی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی توندی رادەست کرد، ئیمارات داوا دەکات بەغدا رێگری بکات لەو هێرشە تیرۆریستییانەی لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو دەکرێن، ئەمە سێیەم وڵاتی کەنداوە دوای سعوودیە و بەحرێن کە هەمان هەڵوێست بەرامبەر عێراق دەنوێنێت.
عاسم مونیر؛ 'مارشاڵە دڵخوازەکەی ترەمپ' لە تارانە
عاسم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان کە بە "سەرباز-دیپلۆمات" دەناسرێت، گەیشتە تاران بۆ گەیاندنی پەیامە توندەکانی سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ کە مونیری خۆش دەوێت، ئەرکی نێوەندگیری پێ سپاردووە تاوەکو ئێران رازی بکات دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت، مونیر لە پاکستان خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە و پلەی "فیڵد مارشاڵ"ی پێ دراوە، کە بەرزترین پلەی سەربازییە.
ململانێی تاران و واشنتن
ئێران مەرجی بۆ دانوستانەکان هەیە و رایگەیاندووە تا مافە ئابوورییەکانی دابین نەکرێت، دەست لە کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز هەڵناگرێت لە بەرامبەردا، ئەمریکا لە ماوەی 46 رۆژدا زیاتر لە 51 ملیار دۆلاری لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران خەرج کردووە.
واشنتن 10 هەزار سەربازی دیکە رەوانەی ناوچەکە دەکات
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڕیاریدا 10 هەزار سەربازی دیکە و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج بوش" رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. ئەمە وەک گوشارێکە بۆ سەر ئێران، لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت ئەمریکا پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی و دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە ئەتۆمییەکان و دوورگەی خارگ ئامادە کردووە.
سزای نوێ بەسەر تۆڕی قاچاخی نەوتی ئێراندا سەپێندرا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری،" سزای بەسەر 24 کۆمپانیا و کەشتیی سەر بە تۆڕەکەی "محەممەد حوسێن شەمخانی"دا سەپاند. ئەم تۆڕە تۆمەتبارە بە قاچاخکردنی نەوتی ئێران و گۆڕینەوەی بە زێڕی ڤەنزوێلا بۆ دابینکردنی دارایی حیزبووڵڵا و فەیلەقی قودس.
ئەردۆغان ستایشی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەکات
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەرلەمانی تورکیاوە هێرشی توندی کردەوە سەر نەتانیاهوو و بە "قەسابەکەی غەززە" ناوی برد و ستایشی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیای کرد بۆ هەڵوێستە ئازایانەکانی لە دژی ئیسرائیل و هەوڵەکانی بۆ ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین.
حکومەتی عێراق بڕی گەنمی جوتیارانی هەرێم کەم دەکاتەوە
لە بڕیارێکی نوێدا، بەغدا تەنیا 292 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە دوو ملیۆن تۆن. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئەم بڕیارە رەت دەکاتەوە و بە ستەم لە جوتیاران و سزایەکی سیاسی ناوی دەبات، چونکە بەپێی رێژەی دانیشتووانیش بێت، دەبوو 400 هەزار تۆن وەربگیرێت.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).