بڕیاری نوێ لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ لە رۆژی هیوا جەما، بە 53 خولەک، کۆمەڵێکی زۆر هەواڵ و زانیاری نوێ باس دەکەم، لە هەواڵی مووچەوە تاوەکو رێکەوتنی هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت، لەگەڵ دەستپێکردنی بەرنامەکە هەواڵیی بەپەلە گەیشت، لە ڤیدیۆی بەرنامەکە هەیە.
هەولێر و بەغدا؛ کۆتایی بەستەڵەکی نەوت
دواجار دووکەڵی سپی لە کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغداوە بەرزبووەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گەیشتنە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق قسەی بۆ رووداو کرد و و گوتی 18ی ئادار2026 ، سەرلەبەیانی هەناردەکردن دەستپێدەکات، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 48 کاژێردا بگاتە 250,000 بەرمیل لە رۆژێکدا. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم بڕیارە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بووە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی وڵات.
هاوکات، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی درەنگوەختدا کە تاوەکو پارشێو بەردەوام بوو، بڕیارێکی 8 خاڵیی دەرکرد. گرنگترین خاڵ بۆ کوردستانییان، پابەندکردنی بەغدایە بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "فەرمانبەری هەرێم و بەسرە هیچ جیاوازییەکیان نییە." بەڵام حەلبوسی هۆشدارییەکی توندیشی دا بەوەی کە نابێت هەرێمی کوردستان بە شێوازی "بەرابەر" مامەڵە بکات و زاراوەی "حکومەتی بەغدا" بەکاربهێنێت.
درۆن لە ئاسمانی کوردستان
لە کاتێکدا لە بەغدا قسە لەبارەی مووچە و نەوت دەکرا، لە ئاسمانی کوردستان جەنگێکی ڕاستەقینە لە ئارادا بوو. لە ماوەی شەو تاوەکو بەیانی، زیاتر لە 15 هێرشی درۆنی و مووشەکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران، هەموویان تێکشکێندران.
لە سۆران، 5 درۆن دۆڵی مەلەکانیان پێکا، لە کۆیە درۆنێک لە سەنتەری شار کەوتە خوارەوە و لە سلێمانی 4 درۆن تێکشکێندران، ئەوی دیکە لە شاری هەولێر بوون.
تاران ماڵاوایی لە لاریجانی دەکات
ئەمڕۆ تاران لە دۆخێکی نائاساییدایە. تەرمی عەلی لاریجانی، پیاوی رێککەوتنە ستراتیژییەکانی ئێران، لەگەڵ کوڕەکەی و جێگرەکەی دکتۆر عەلیڕەزا بەیات بەخاک دەسپێردرێن. لاریجانی کە دکتۆرای لە فەلسەفەی کانت هەبوو و ئەندازیاری رێککەوتنی 400 ملیار دۆلاری بوو لەگەڵ چین، کوژرانی درزێکی گەورەی لە ناو دەسەڵاتی ئێران دروست کرد.
سوپای پاسداران بۆ تۆڵەکردنەوەی لاریجانی، شەپۆلی 61ـەمینی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و بانگەشەی کوژرانی 230 ئیسرائیلی دەکات. جەنگەکە چووەتە 19ـەمین رۆژی خۆی و هیچ نیشانەیەک بۆ وەستان نابینرێت.
ترەمپ و جەنگی تەنیایی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە جیهانی شۆک کرد. ئەم بەیانییە رایگەیاند کە ئەمریکا سوپای ئێرانی تێکشکاندووە و ئیدی پێویستی بە "ناتۆ" و هاوپەیمانەکان نییە. ترەمپ دەڵێت: "ئێمە بە تەنیا دەتوانین و پێویستمان بە یارمەتی کەس نییە."
بەڵام لە ناوخۆی ئەمریکا ترسێکی دیکە هەیە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "دەستلەکارکێشانەوە لە ناو کۆشکی سپی دەستیپێکردووە" و ئاماژە بە رۆیشتنی جۆزێف کێنت دەکات، بەرپرسی باڵای دژەتیرۆری ئەمریکا، کە بە نادادپەروەرانە وەسفی جەنگی دژی ئێرانی کردووە.
ترس لە جەنگی ئەتۆمی وایکردووە کە بەرپرسانی ئەمریکا و ملیاردیێرەکان بکەونە کێبڕکێ بۆ دروستکردنی ژێرزەمینی پارێزراو. داواکاری بۆ کڕینی ژێرزەمین 10 هێندە زیادی کردووە و نرخی هەندێکیان دەگاتە 5,000,000 دۆلار.
لە کۆتایی بەرنامەکە دوو ڤیتی دەبینن، یەکیکیان لەبارەی چوارشەممە سووری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەی دیکەیان لەبارەی ئامادەکاریی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە ئەورووپا.
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).