ترەمپ بە کەشتیگەلێکی مەزنەوە هەڕەشە لە تاران دەکات
لە لایەک دۆناڵد ترەمپ بە گەورەترین کەشتیگەلی جەنگییەوە هەڕەشەی "باجی بێوێنە" لە تاران دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق لە رێگەی رێککەوتنێکەوە، کۆتاییان بە گرژییەکانیان هێنا و قۆناخێکی نوێی سەربازی و سیاسییان دەستپێکرد. هاوکات عێراقیش لە نێوان چەقۆکەی واشنتن و گوشارەکانی تاراندا، چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمارە.
مەزڵووم عەبدی: هێزەکانمان دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا
فەرماندەی گشتی هەسەدە، مەزڵووم عەبدی، رایگەیاند کە هێزەکانیان دەبنە بەشێکی فەرمی لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوای سەربەخۆ لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە. ئاسایشیش دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ. عەبدی جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە بۆ پاراستنی ناوچەکە بووە لە "کۆمەڵکوژی".
٣٥ خاڵی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر. بەپێی رێککەوتنەکە کە ئەمریکا و فەرەنسا گەرەنتی دەکەن، ئاگربەستێکی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت، خوێندنی کوردی بەردەوام دەبێت و زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی دەناسرێن. هەروەها تورکیا لە عەفرین و سەرێ کانی دەکشێتەوە. رۆژی هیوا جەمال 34 خاڵی رێککەوتنەکەی بڵاوکردەوە.
لیندزی گراهام: پشتکردنە کورد ئابڕووچوونە
سیناتۆر لیندزی گراهام هۆشداری دا کە جێهێشتنی کوردانی رۆژئاوا دوای شەڕی داعش، پەڵەیەکی رەش دەبێت بۆ ئەمریکا. گراهام داوای لە تورکیا کرد کە پەنا بۆ توندوتیژی نەبات و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنگرێس کار بۆ یاسایەک دەکات بۆ پاراستنی کورد.
عەمید مەروان عەلی؛ لە ئیدلبەوە بۆ حەسەکە
عەمید مەروان عەلی، ناسراو بە "ئەبو مەحجەن"، وەک بەڕێوەبەری ئاسایشی حەسەکە دەستنیشانکرا. ئەم کەسایەتییە کە پێشتر لە ناو گروپە چەکدارەکانی ئیدلب (HTS) بەرپرسی ئەمنی بووە، ئێستا رۆڵێکی سەرەکی لە رێککەوتنی نوێی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا دەگێڕێت.
روفاتی شەهید ئەحمەد گەیشتەوە کەرکووک
تەرمی شەهید ئەحمەد هێمن کەرکووکی، کە لە رۆژئاوای کوردستان شەهید بوو، گەیشتەوە کەرکووک. لە کاتی تێپەڕبوونی بە هەولێر، جەماوەرێکی زۆر بە دروشمی "شەهید نامرێ" پێشوازییان لە روفاتەکەی کرد. باپیری شەهید رایگەیاند کە ئەوان شانازی بەو قوربانییەوە دەکەن لە پێناو کوردایەتیدا.
هۆشداری سووریا بە رۆژنامەنووسان
وەزارەتی راگەیاندنی سووریا هۆشداری داوەتە میدیا بیانییەکان کە بەبێ مۆڵەت نەچنە ناوچەکانی پێشووی هەسەدە. وەزارەتەکە رایەگەیاندووە، هەر رۆژنامەنووسێک بەبێ مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتەکەیان لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بێت، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە سبەی یەکشەممە دانیشتنێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق لە ژێر گوشاری تووندی دارایی ئەمریکادایە. شارەزایان دەڵێن واشنتن "دۆلار" وەک تانک بەکاردەهێنێت و دەتوانێت لە رێگەی بانکی فیدراڵیی نیویۆرکەوە سیستەمی بانکی و مووچەی عێراق پەکبخات.
ترەمپ: تاران دەیەوێت رێککەوتن بکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە گەورەترین کەشتیگەلی دەریایی بەرەو ئێران بەڕێخستووە، کە تەنانەت لەوەی بەردەم ڤەنزوێلاش گەورەترە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە مۆڵەتێکی دیاریکراوی داوە بە تاران و جەختی کردەوە کە هەفتەی رابردوو رێگری لە لەسێدارەدانی ٨٣٧ کەس کردووە لەو وڵاتە. ترەمپ دەڵێت: "ئەوان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن."
سعودیە هانی ترەمپ دەدات دژی ئێران بجوڵێت
ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئاشکرای کردووە کە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری سعودیە، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا داوای لە ترەمپ کردووە هەڕەشەکانی دژی ئێران جێبەجێ بکات، چونکە بەبێ ئەوە رژێمی تاران بە بەهێزی دەمێنێتەوە. ئەمە وەک گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ریاز دەبینرێت.
گەندەڵی لە پاڵاوتگەی کەربەلا و بڕیاری نوێ بۆ بریکاران
پەرلەمانتار حەیدەر موتەیری ئاشکرای کرد کە ٥٢ ملیۆن دۆلار بۆ تەنها ٤٩ راوێژکار لە پاڵاوتگەی کەربەلا خەرج کراوە. لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بازرگانی قازانجی بریکارانی خۆراکی لە ٥٠ دینارەوە بۆ ٥٠٠ دینار زیاد کرد و لە باج بەخشیونی.
دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی حەماس
دژەتیرۆری ئیسرائیل ڤیدیۆی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی باڵای حەماسی بڵاوکردەوە کە تێیدا سووکایەتی پێدەکرێت.
زێڕ و زیو شکان
لە بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی زێڕ و زیو پاشەکشەیەکی بەرچاوی تۆمارکردووە و شارەزایانی فۆرێکس باس لە "داڕمانێکی گەورە" لە بازاڕە داراییەکاندا دەکەن.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).