پۆڵا تاڵەبانی: یەکێتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات

02 May 2024
پۆڵا تاڵەبانی: یەکێتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، یەکێتی لە وادەی خۆیدا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و بۆ هەموو کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ پارتی ئامادەن جگە لە کۆبوونەوە و باسکردنی دواخستنی هەڵبژاردن.
 
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رووداو گوتی: "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و هەر کێشەیەک بۆ هەڵبژاردن دروستبکرێت رێکاری یاسایی دەگرینەبەر."
 
گوتیشی: "زۆرینەی لایانە سیاسییەکان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە وادەی دەستنیشانکراوی خۆی و جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ لایەنێک نایەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت."
 
بە گوتەی تاڵەبانی، هێشتا دەرفەت ماوە تاوەکو پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات: "ئێستاش ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بیەوێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات کە یەکێتی هیواخوازە پارتی بڕیارێکی لەو جۆرە بدات ئەوا دەتوانرێت دەرچەیەک بدۆزرێتەوە و پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت."
 
"تاوەکو ئێستا پارتی نەیگوتووە پرۆسەی هەڵبژاردن پەکدەخات، بەڵکو تەنیا گوتوویەتی بەشداریی پرۆسەکە ناکات،" ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی وای گوت.
 
'شاندی یەکێتی دەچێتە بەغدا'
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ کاتێک پێشکێشکاری بەرنامەکە پرسیاری لێکرد کە زانیارییەک هەیە رۆژی هەینی، 3 ئایاری 2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردن سەردانی بەغدا دەکات؛ سیروان تاڵەبانی گوتی: "شاندی یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی بەردەوام سەردانی بەغدا دەکەن." 
 
گوتیشی: "بە دڵنیایی پرسی هەڵبژاردن یەکێک دەبێت لە خاڵەکانی کارنامەی سەردانی سەرۆک و شاندی یەکێتی بۆ بەغدا، بەڵام بە دیاریکراوی وادەکەی نازانم رۆژی هەینییە یان رۆژانی دواتر."
 
"ساڵی 2022 کاتێک داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا داواکە تەنیا هی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبوو بەڵکو داوای زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بوو،" پۆڵا تاڵەبانی وای گوت.
 
گوتیشی: دواخستنی هەڵبژاردن ساڵی 2022 لەپێناو هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بوو، هەموو لایەنە سیاسییەکان تێبینییان لەسەر یاساکە هەبوو، ئەوکاتیش پەرلەمانی کوردستان لەکاردا بوو و بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی هەڵبژاردن دواخرا، بەڵام ئەمجارە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان شەرعییەتیان نامێنێت و هەر لایەنێک زیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن بگەیەنێت راستەوخۆ زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
 
'نەبوونی بەڵگە'
 
ناکۆکیی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوای ئەوە سەریهەڵدا رۆژی 18 ئاداری 2024  پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
لەوبارەیەوە، پۆڵا تاڵەبانی لە رووداوی ئەمڕۆ گوتی: پارتی هیچ بەڵگەیەکی نییە کە باس لە هەڵبژاردنی دیزاینکراوی پێشوەختە دەکات و ئەو کۆمیسیۆنەی بڕیارە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات هەمان ئەو کۆمیسیۆنەیە کە هەڵبژاردنی لە عێراق بەڕێوەبرد و پارتی هیچ گرفتێکی لەگەڵیدا نەبوو.
 
لەبارەی کورسیی پێکهاتەکانیش ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: "هیچ لایەنێک ناتوانێت مزایەدە بەسەر ئێمەدا بکەت و یەکێتی خۆی با داکۆکیکار لە مافی پێکهاتەکان دەزانێت." 
 
دەشڵێت: "یەکێتی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان نەبوو، بەڵکو داوای دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکانی کرد نەک هەڵوەشاندنەوەیان."
 
بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.