هەمواری بودجەی عێراق و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، دڵنیایی وەرگیراوە کە ساڵی 2025 کێشەیەک نەمێنێت بەناوی مووچە و عێراق مانگانە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی نەخوازراودان، بەڵام گرێنتی وەرگیراوە کە ساڵی 2025 گرفتی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست نەبێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی کە هاوکات لە لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە لە پەرلەمانی عێراق، باسی لە سەردانی لیژنەکەیان و بەدواداچوون بۆ هۆکاری رێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق کرد و گوتی، "بەغدا پێیوایە ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، بۆیە رێگری لە هەناردەکردنی مریشک دەکات لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
گوتیشی، "وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێگری لە هێلکە و بەرهەمە ئاژەڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و پێیوایە کە هێلکە و بەرهەمی ئێرانی بەنێوی بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی عێراق دەکرێت."
بهشی بكه لە