زریان رۆژهەڵاتی: ناوچەکە لە لێواری جەنگدایە و ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشی قورسە

26 February 2026
زریان رۆژهەڵاتی: ناوچەکە لە لێواری جەنگدایە و ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشی قورسە
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رایدەگەیێنێت، ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئێستای ئەمریکا لە ناوچەکەدا هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنە گەورەکانە و ئاماژە بەوەش دەکات کە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری جەنگدایە.
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و جموجوڵە سەربازییەکان رایگەیاند: "ئامادەکارییەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی ناوچەکەمان بیردەخاتەوە. واشنتن ئەمجارە گرنگییەکی زۆر و تایبەتی بە بواری بەرگری داوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ بەرگریی مووشەکی لە ناوچەکە زۆر چڕن."
لەبارەی ئەگەری پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئێران، زریان رۆژهەڵاتی ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو گریمانەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، گریمانەی هێرشی "قورس و گەورەن".
 راشیگەیاند کە تەنیا هێزەکانی ئەمریکا لە مەیدانەکە نین، بەڵکو جگە لە فڕۆکە ئەمریکییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنساش لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، ئەمەش نیشانەی جددییەتی دۆخەکەیە کە گەیشتووەتە لێواری جەنگ.
سەبارەت بە دەرئەنجامە سیاسییەکانی ئەم گرژییانە، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو پێشبینی دەکات کە رەنگە دۆخەکە بەرەو جۆرێک لە رێککەوتن بڕوات و وتی: "پێدەچێت ئێران رێککەوتنێکی هاوشێوەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئەمریکا بکات."
لەگەڵ ئەوەشدا، زریان رۆژهەڵاتی پێیوایە کە رێککەوتن کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان ناهێنێت و جەختدەکاتەوە کە "تەنانەت ئەگەر رێککەوتنیش لەنێوان هەردوولا بکرێت، کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەر بەردەوام دەبن."