جەمیل هەورامی: بافڵ تاڵەبانی و عومەر شێخ مووس سەردانی سەرکردە ناڕازییەکانی یەکێتی دەکەن
سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان دەڵێت، لیژنەیەک بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و عومەر شێخ مووس، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهێندراوە بۆ سەردانی سەرکردە و تیکۆشەرە دێرین و ناڕازییەکانی یەکێتی و، داوایان لێدەکرێت بگەڕێنەوە ناو ئۆرگانەکانی حیزبەکە و کار بکەن.
جەمیل هەورامی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان کە هاوکات فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە بوو لە کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبەدا، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "لیژنەیەک لە یەکێتیدا دروست کراوە تاوەکو سەردانی هەموو ئەو سەرکردە و تێکۆشەرە دێرینانە بکات کە ئێستا نیگەرانن و بەشداریی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەیان نەکرد."
گوتیشی، لیژنەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و عومەر شێخ مووس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری حیزبەکە سەرپەرشتیی دەکەن و سەردانی هەموو سەرکردە ناڕازییەکان دەکەن، گوێ لە نیگەرانییەکانیان دەگرن و هەوڵ دەدەن قایلیان بکەن تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ کارکردن لەناو ئۆرگانەکاندا، بەڵام ناتوانن ببنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، چونکە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دەبێت لەو ئەندامانە بن کە لە کۆنگرەدا دەرچوون بۆ سەرکردایەتی.
بهشی بكه لە