محەممەد حاجی مەحموود: کلیلی بەغدا لە تارانە و سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کێشەکان چارەسەر دەکات

06 May 2024
محەممەد حاجی مەحموود: کلیلی بەغدا لە تارانە و سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کێشەکان چارەسەر دەکات
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران "گرنگییەکی زۆری" هەیە و بەمنزیکانە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان دەردەکەون.
 
دەشڵێت: "بەتایبەت کە کلیلی بەغدا لە تارانە و رێبەری باڵای ئەو وڵاتەش تەنانەت ئامادەنییە لەگەڵ بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانیش دابنیشێت، بەڵام کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەرخەری ئەوەیە کە رێککەوتنی باش ئەنجامدراوە."
 
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، هەرێمی کوردستان و ئێران مێژوو و خاڵی هاوبەشیان هەیە، "هەربۆیە پەیوەندییەکی قووڵیشیان هەیە و ئەوەی ئەم ماوەیە روویداوە لەنێوانیان لێکتێنەگەیشتن بووە نەک نەمانی پەیوەندی و ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران ئەو لێکتێنەگیشتنانە چارەسەر دەکات."
 
گوتیشی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند داواکارییەکی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان هەیە "لەسەروو هەمووشیانەوە راگرتنی هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ تاران و واشنتن و ئەنقەرە، ئێران نایەوێت هەرێمی کوردستان گرنگی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا بدات، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ ئێران بە گرنگ نەبینێت."
 
"رێککەوتن کراوە"
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا محەممەد حاجی مەحموود باسی لەوەکرد رێککەوتنی نێوان هەولێر و تاران لە "بنەمادا ئەنجامدراوە" و ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران هەنگاوی کۆتایی رێککەوتنەکەیە، "چونکە هەفتەی رابردوو دووجار شاندی ئێران سەردانی هەولێریان کردووە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبووەتەوە، هەربۆیە رێککەوتنەکان ئامادەکراون و ئەمڕۆ [دووشەممە] لە تاران تەواوکران."
 
"کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگیی و بەهایەکی زۆری هەیە، چونکە رێبەری ئێران ئامادەنییە تەنانەت بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانیش ببینێت، بەڵام کاتێک لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە واتا رێککەوتنەکان خەمڵیون و کراون،" محەممەد حاجی مەحموود وای گوت.
 
گوتیشی: ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و رێککەوتنی هەولێر و تاران کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەتایبەت کە بەمدوواییانە بەغدا گوشاری زۆری خستووەتە سەر هەولێر لەکاتێکدا کە هەمووان دەزانن کلیلی بەغدا لە تارانە و رێککەوتن لەگەڵ تاران واتا چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا و بە دڵنیایی هێورکردنەوەی کێشەکانی بەغدا و هەولێر بەشێکە لە رێککەوتنەکانی تاران و هەولێر.
 
کاریگەریی سەردانەکەی ئەردۆغان
 
هەر لە بەرنامەی 'رووداوی ئەمڕۆ' محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان باسی لە گرنگیی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر کرد و بە رووداوێکی کاریگەر لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان چوواندی و گوتی: "هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر کاریگەریی زۆری لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان هەبوو."
 
گوتیشی: من پێموایە سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا تەنیا پرۆتۆکۆلی بوو و بنەما و ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر بوو، ئەو سەردانە کاریگەریی زۆری لەسەر بەغدا و تارانیش دروستکرد و ئێستا ئێران دەیەوێت هەرێمی کوردستان تەنیا جێگەی بایەخی تورکیا نەبێت، بەڵکو هاوشانی تورکیا بۆ ئێرانیش جێگەی بایەخ و گرنگی بێت.
 
رۆژی 22.4.2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، ئەردۆغان و شاندەکەی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە، هاوکات کۆبوونەوەکە بە بەشداری چەندین وەزیر و بەرپرسی باڵای دیکەی هەرێمی کوردستان بوو.
 
"هەڵبژاردن بەبێ پارتی ناکرێت"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا و کاتێک پێشکێشکاری 'رووداوی ئەمڕۆ' لەبارەی ناکۆکییەکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسیاری لێکرد، محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: لە چەند رۆژی داهاتوو و دوای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران چارەنووسی ئەو پرسە یەکلایی دەبێتەوە.
 
گوتیشی: ئێران بە دڵنیایی کاریگەریی دەبێت لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و ئەگەر گرفتەکان چارەسەر نەکرێن هەڵبژاردن رەنگە بۆ مانگی 10 یان 11ی ئەم ساڵ دوابکەوێت، چونکە هەڵبژاردن بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام نادرێت.
 
ناکۆکیی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوای ئەوە سەریهەڵدا رۆژی 18 ئاداری 2024  پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."