مەلا بەختیار: ئێستاش بەنەخوێنی زۆر بەرپرسی یەکێتی بەدەستی منەوەیە

10 May 2024
مەلا بەختیار: ئێستاش بەنەخوێنی زۆر بەرپرسی یەکێتی بەدەستی منەوەیە

ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران بە ''مێژوویی'' دەزانێت و دەڵێت: ''لە سەردانەکەدا قسەی باش کراوە و گەشبینییەک هەیە.''

مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، سەردانێکی مێژوویی بوو، بەستەڵەکەکانی توواندەوە و بەپێی ئاخاوتنەکان، لە رووی سیاسییەوە قسەی باش کراوە و گەشبینییەک هەیە.

گوتیشی: قسەیەکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرنجی راکێشاوە، کە گوتی، "ئیرادەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە تاران هەیە". مەلا بەختیار دەڵێت: "ئەم قسەیەم زۆر بە جوانی وەرگرت و باشیشم لێکدایەوە، هۆکارەکەی کۆمەڵێک شتە.''

مەلا بەختیار باسی لە ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنە کوردستانییەکان کرد و گوتی: ''ئەو ململانێیەی لە نێوان حیزبەکاندا هەیە، هەمووی بە زیانی کورد بووە، هەمووی زیانی دیموکراسی تێدا بووە، ئێستا هەرێمی کوردستان بە دیفاکتۆ دوو هەرێمە، هێزی پێشمەرگە یەکی نەگرتووەتەوە، هەستیاری و بێ متمانەییەکی سەیر لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا دەبینرێت.''

لە بەشێکی گوتەکانیشیدا مەلا بەختیار باسی لە رەوشی سیاسیی و هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ئەگەر 50٪ی خەڵک بچن بۆ دەنگدان، ئەم حیزبانە دەبێت سوپاسگوزاریی خودا بکەن.

گوتیشی: یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانی کەم دەکەن و وەکو پەیامێکیش بۆ بەشێک لە بەرپرسانی ئەو حیزبە مەلا بەختیار گوتی: ئێستاش بەنەخوێنی زۆر بەرپرسی یەکێتی بەدەستی منەوەیە.