مەرجەکانی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان دەبرێتە دادگەی فیدراڵی
سکاڵایەکی دیکە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای باری کەسیی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە، سکاڵاکە لەسەر هێنانی ژنی دووەم بوو، کە مەرجی داناوە رەزامەندیی ژنی یەکەمی لەسەر بێت و داواکرابوو هەڵبوەشێتەوە، بەڵام دادگەکە سکاڵاکەی رەتکردەوە.
موحسین هەرتەلی، ئەو پارێزەرەی سکاڵاکەی تۆمارکردووە دەڵێت: کۆڵ نادەین و بە بەڵگەی بەهێزترەوە سکاڵا تۆمار دەکەینەوە، چونکە ئەوەی پیاو نەتوانێ ژنی دووەم بهێنێت بەبێ رەزامەندیی ژنی یەکەم، پێچەوانەی دەستووری عێراق و شەریعەتە.
پەخشان کاکەوەیس، چالاکڤانی بواری ژنان لەبارەی سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرجەکانی فرەژنی دەڵێت: سکاڵا دژی رێگری لە فرەژنی دژایەتیی کۆمەڵگەیە، چونکە رێگری لە فرەژنی پەیوەندی بە هەموو کۆمەڵگەوە هەیە و کارێکی ناتەندروستە بە هەموو پێوەرەکان.
گوتیشی: هیچ حاڵەتێکی فرەژنیی خێزانێکی تەندروستی لێ بەرهەم نەهاتووە، بەپێچەوانەوە فرەژنی گرفتی ئابووری بۆ خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات.
لە بەرامبەردا بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان دەڵێت: فرەژنی نەبووەتە دیاردە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و تەنیا لە سنووری حاڵەت ماوەتەوە، بەڵام ئێمە وەکو یەکێتیی پیاوان پاڵپشتیی فرەژنی دەکەین لە چوارچێوەی رێکار و بەندە یاسایی و شەرعییەکاندا.
گوتیشی: کۆمەڵگە پێویستی بە رێگەدانە بە فرەژنی، بەپێی ئامارەکان لە 14 ساڵدا زیاتر لە 120 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشاونەتەوە، هەربۆیە رێگری لە فرەژنی کاریگەریی خراپی لەسەر کۆمەڵگە هەیە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی یەکێتیی پیاوان دەڵێت: یاسای باری کەسێتی لە هەرێمی کوردستان و رێگری لە فرەژنی، خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی مافی پیاوانە.
بهشی بكه لە