عێراق دەبێتە گۆرەپانی شەڕی ئەمریکا و ئێران

عێراق دەبێتە گۆرەپانی شەڕی ئەمریکا و ئێران
دەربارەی دواپێشهاتەکانی کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری رووداونی شەڕ لە ناوچەکەدا، هەریەکە لە سەرهەنگ حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەمریکا بۆ ئاشتی و شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە واشنتنەوە، فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق لە لەندەنەوە و ئەردەشێر پێشەنگ، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی لە تارانەوە، میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆبوون.

سەرەتا مستەفا گۆران پەیامنێری رووداو لە بەغدا و نامۆ عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نووسینەگەی رووداو لە واشنتنەوە دوا پێشهاتەکانی هەردوو وڵاتیان خستەڕوو.

پاشان سەرهەنگ حەمەسەعید رایگەیاند،ئێران و ئەمریکا خوازیاری شەڕنین، تەنانەت گەلی ئەمریکا و سیاسییەکانی ئەمریکاش نایانەوێ جەنگ رووبدات،بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران دوورنییە.

سەرهەنگ حەمەسەعید روونیکردەوە، کردەوەکەی ئەمریکا کاردانەوەی هێرشەکەی سەر بنکەی کەی وەن و باڵیۆزخانەکەی بوو، جگە لەمەش  ئەمریکا هەستی بەوە کرد سەنگی لە عێڕاق نەماو.

سەرهەنگ حەمەسەعید گوتی" ئێران دەستەوەستان ناوەستێت لە تووڵەکردنەوەی لە ئەمریکا، لەلایەکی دیکەوە هەردوولاش هەوڵی بەدەستهێنانی کورد دەدەن، بۆیە سوودی کورد لە پاراستنی هاوسەنگیە لەنێوان ئێران و ئەمریکا، بەپێچەوانەوە رەنگە ببێتە قوربانی.

لای خۆیەوە ئەردەشێر پێشەنگ گوتی" ترەمپ هەوڵیدا رێککەوتنێکی باشتر لەچاو ئۆباما لەگەڵ ئێران بکات، هەوڵیشیدا بەسزا ئابوورییەکان، ئێران ناچاری رێککەوتنێکی نوێ بکات و ملکەچی بکات.

ئەردەشێر پێشەنگ روونیکردەوە،  هیچ کەس پێشبینی نەدەکرد ئەمریکا سولەیمانی لە عێراق بکوژێت و  جگە لە ترەمپ هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا بوێری کوشتنی سولەیمانی نەبوو، گوتیشی" تاوەکو ئێستا کورد سەرکەوتووبووە لە پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ئەمریکا و ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، فەرهاد عەلائەدین گوتی" هەڕەشەکانی ئێران بۆ ئەمریکا جددی نین و ئەمریکا نیازی کشانەوەی لە عێراق نییە، بڕیارەکەی پەرلەمانیش بایەخێکی ئەوتووی نییە، حکومەتیش ناچارنییە جێبەجێی بکات، چونکە کورد و سوننە دەنگیان پێنەداوەو لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکاش نین لە عێراق.

فەرهاد عەلائەدین رەتیکردەوە چین و رووسیا پشتیوانی عێراق بکەن دژی ئەمریکا و  هیچ رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان چین و عێراق دا نییە.

فەرهاد عەلائەدین ئاشکرایکرد، زەحمەتە ئێستا عێراق ببێتە چەند پارچەیەک، یاخود بەشێکی لێجیابێتەوە،چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکاتەوە.

دەربارەی هەڵوێستی کوریدیش فەرهاد عەلائەدین گوتی" پێویستە کورد لەم قۆناخەدا یەکهەڵوێست بێت و دەبێت لیژنەیەکی باڵای لە ئاستی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان لە بەغدا دروستبکات و بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکاریبکات".