هاوڕێ تۆفیق: بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن دوا دەکەوێت

07 May 2024
هاوڕێ تۆفیق: بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن دوا دەکەوێت
بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ راگرتنی بەشێک لە کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، شارەزایەکی هەڵبژاردنیش دەڵێت، هەڵبژاردن لە کوردستان کەوتە تونێلێکی تاریک و دەرکەوت ئەو پرۆسەیە بە رێککەوتنی سیاسیی ئەنجام دەدرێت نەک بە یاسا و دادگە.
 
"شەل نییە و پای شکاوە"
 
هاوڕێ تۆفیق، شارەزای هەڵبژاردن و بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ نموونە بە پەندێکی کوردی دەهێنێتەوە لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ راگرتنی باشێک لە کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دەڵێت وەکو کورد دەڵێت "شەل نییە و پای شکاوە"، دادگەش بەم بڕیارە کارەکانی چاپکردنی کارتی دەنگدان و بانگەشەی هەڵبژاردنی لە کۆمیسیۆن راگرت و هەڵبژاردنەکە بە دڵنیایی دوادەکەوێت.
 
گوتیشی: بەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی دەرکەوت کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کوردستان بە رێککەوتنی سیاسیی دەبێت نەک بە یاسا و دادگە، بەڵام ئەگەر کۆمیسیۆن کارەکانی رابگرێت ئەوا یەکێتی لە دادگەی تێهەڵچوونەوە تانە لە کۆمیسیۆن دەدات.
 
"کورسی کۆتا دەگەڕێتەوە"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، د. ئارام برادۆستی، شارەزای هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان باسی لە کورسی کۆتای "پێکهاتەکان"ی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: چاوەڕوان دەکرێت بەپێی ئەم بڕیارەی دادگە کورسی پێکهاتەکان بگەڕێتەوە، بەڵام دەستنیشانکردنی ژمارەی کورسیی کۆتاکان بەندە بە رێککەوتنی سیاسییەوە.
 
گوتیشی: بەپێی بڕیاری پێشتری دادگەی فیدراڵی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان 100 کورسییە، هەر بۆیە ناتوانرێت ژمارەی کورسییەکان زیادبکرێن و لەو 100 کورسییە ژمارەیەکیان تەرخان دەکرێن بۆ کۆتاکان.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا برادۆستی گوتی: دادگەی فیدراڵی هەموو کارەکانی کۆمیسیۆنی رانەگرتووە بەڵکو تەنیا یەک مادەی راگرتووە، بەڵام ئەو مادەیە کاریگەریی دەبێت لەسەر کۆی کارەکانی کۆمیسیۆن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.