کەریم گوڵانی: زۆربەی کەس لە فەیسبووک نزای مردنیان بۆکردووم

06 September 2020
کەریم گوڵانی: زۆربەی کەس لە فەیسبووک نزای مردنیان بۆکردووم

تووشبوونی هونەرمەندی میللی کەریم گوڵانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی دوو گرتەڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئەمڕۆش لە رووداو گوتی، هەرچەندە لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانم پەشیمان نیم، بەڵام زۆربەی کەس لە فەیسبووک نزای مردنیان بۆ کردووم. 
 
هونەرمەندی میللی کەریم گوڵانی و نیاز نووری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەشداری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداویان کرد و لەبارەی تووشبوون و گیانلەدەستدانی هونەرمەندان بە کۆرۆنا قسەیان کرد. 
کەریم گوڵانی چەند رۆژێکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و وەک خۆی دەڵێت "تەندروستیم باشە"، لە دوو رۆژی رابردوودشدا دوو گرتە ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە گرتەڤیدیۆیەکدا داوای لە سەرۆکی حکومەت کرد هاوکاریی بکات. ئەمڕۆش لە رووداوی ئەمڕۆ  گوتی "کاک مەسروور ئاگاداری دۆخی تەندروستیم بووە و لێژنەیەکی ناردە ماڵەکەم." گوتیشی "دەستی سەرۆک بارزانی ماچ دەکەم و یەکێکم لە دەروێشەکانی پارتی و بارزانی.".
 
کەریم گوڵانی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئەو توانای ئەوەی نییە پارچەیەک حەبی پاراستۆڵ بکڕێت، سەبارەت بەو قسەیەی دەڵێت "من داوای پارەم نەکردووە، بەڵکو داوای شوێنێکی باشم کردووە بۆ چارەسەری تەندروستیم. ئەوەی لە ڤیدیۆکەشدا باسم کردووە بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە ئەو قسەیەم کردووە، ئەگەر نا حەبێکی پاراستۆڵ بە دوو هەزار و 500 دینارە. چۆن توانای کڕینیم نییە".
 
نیاز نووری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لەکاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەکە لەبارەی بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆکانی کەریم گوڵانی گوتی "من زوو لە تەندروستی هونەرمەندم پرسی. ئەوەی کاک کەریم بڵاوی کردووتەوە دەچێتە بواری ژیانی تایبەتی خۆی و ئێمە ئاگاداری ئەوە نین، نیگەرانیش بووم لەوەی کە ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکردووەتەوە. چونکە هونەرمەندانی ئێمە خۆشەویستن لەنێو خەڵکدا و نابێت بگەنە ئەو ئاستەی خەڵک بەزەیی پێدابێنەوە." 
 
نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، سەندیکای هونەرمەندان ماوەی حەوت ساڵە حکومەت بودجە و مینحەی بڕیوە و "حکومەت کەمتەرخەمە بەرامبەر بە ئێمە و هونەرمەندان. ئەوەش یەکەم جار نییە ئەو گلەییانە دەکەم. هەمووشمان دەزانین کە وەزارەتی رۆشنبیری دەسەڵاتی نییە و هەموو شتێک لای سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی."
 
نیاز نووری ئاماژە بەوەش دەدات، حیزبەکانی دەسەڵات (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) هیچ هاوکارییەکی هونەرمەندان ناکەن، چونکە هەموو سێکتەرەکان لەبەریەک هەڵوەشاون و هەموو خەتاکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات. 
 
 تاوەکو ئێستا چوار هونەرمەند بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و چەندین هونەرمەندی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە. نیاز نووری دەشڵێت " ئەوانەی پێویستییان بە شتێک بووبێت و داوای یارمەتییان کردبێت، ئێمە یارمەتیمان داون. من زۆر زۆر پێم خۆشبوو کە وەزیری تەندروستی سەردانی کەریم گوڵانی کرد، بەڵام لەکوێ بوو ئەگەر عەتا چاوشین و ئەوانی دیکە بە کۆرۆنا کۆچی دواییان کرد؟"
 
نیاز نووری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە ڤیدیۆکانی کەریم گوڵانی و هاوکارییکردنی دەڵێت "ئەگەر کەریم گوڵانی وەک ئەندامێکی پارتی ئەم ڤیدیۆیەی بڵاونەکردبایەوە، رەنگە وەزیری تەندروستی سەردانی نەکردبایە و کەسیش هاوکارییان نەکردبایە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی کاردانەوە و کۆمێنتی هاونیشتمانییان بۆ ڤیدیۆکانی کەریم گوڵانی دەڵێت، دەست و چاوی ئەوانە ماچ دەکەم کە جوێنیان پێداوم و ئەوانەیشی کە پێیان ناخۆشبووە دەشڵێت " لە ڤیدیۆیەکی رووداو 673 هەزار و 375 کەس کۆمێنتی نووسیبوو، تەنیا 375 کەسەکە وتوبوویان ئینشائەڵڵا چاکدەبیتەوە، ئەوانەی دیکە هەموو وتبوویان ئینشائەڵڵا دەمرێ".