دارا سێکانیانی: هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەبارەی دواکەوتنی مووچە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا بکات

08 May 2025
دارا سێکانیانی: هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەبارەی دواکەوتنی مووچە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا بکات
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان "کێشەیەکی سیاسییە، نەک یاسایی" و کراوەتە بەشێک لە بابەتی هەڵبژاردن. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەمواری یاسای بودجە دوو پاڵپشتیی یاسایی گرنگن بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر گرفتی لە داهاتی نێوخۆ و بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆران نییە، دەتوانێت لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا دژی حکومەتی عێراق تۆمار بکات و پابەندی بکات بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی.
 
"راڤەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن"
 
د. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێندەی گرفتێکی سیاسییە هێندە گرفتێکی یاسایی نییە، چونکە بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە لایەک و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەکی دیکە لەڕووی یاساییەوە چارەسەری گرفتەکەی کردووە، بەڵام ئەوەی وای کردووە مووچەکە دوابکەوێت، راڤەی سیاسییە چ لەلایەن حکومەتی عێراق و چ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەند و بڕگەکانی بڕیار و یاساکان."
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سیاسییە نەک یاسایی.
 
عێراق بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران هەنگاو دەنێت و بڕیارە لە 11-11-2025 ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت؛ د. دارا سێکانیانی پێیوایە، "بانگەشەی پێشوەختە باڵی بەسەر هەموو دۆسیەکان کێشاوە، لەنێویشیاندا دۆسیەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەندێک لایەن و بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی لایەنە کوردستانییەکان، تاڕادەیەک نەرمی دەنوێنێت بە ئامانجی دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستەکەی دوای هەڵبژاردن، بەڵام هەندێک لایەنی دیکەی سیاسی دژی ناردنی مووچەن بۆ هەرێمی کوردستان."
 
جگە لە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەشێکی دیکەی گرفتی سیاسیی دۆسیەی مووچەی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە راڤەی جیاواز و سیاسییانەی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانەوە هەیە بۆ یاسا و بڕیارەکان.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان لە پرسی (بەجێکردنی مووچە) راڤەی جیاوازی بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کردووە، حکومەتی عێراقیش لە پرسی (داهات و خەرجی) بە هەمان شێوە راڤەی جیاوازی بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کردووە."
 
دارا سێکانیانی پێیوایە، ئەم راڤە جیاوازانە وایانکردووە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوەکو ئاستێکی زۆر، بێ متمانە بن بەرامبەر یەکدی لە پابەندبوون بە ئەرک و وەرگرتنی شایستەکان، "هەر ئەم بێ متمانەییەش وایکردووە هەموو مانگێک پێویست بێت بە بڕیاری سیاسی و تایبەتی سەرۆکوەزیران مووچە بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، نەوەک بەپێی یاسا و بڕیارە یاساییەکان."
 
"پەنابردن بۆ دادگەی فیدراڵی"
 
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوە کرد، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی سەر شانی خۆی، بەتایبەت لە رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ بە گەنجینەی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، ئەوا بژاردەی یاسایی لەبەردەمە بۆ پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە لە وادەی خۆی.
 
دارا سێکانیانی گوتیشی، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی تەواوی هەبووە، دەتوانێت پەنا بباتە بەر دادگەی فیدراڵی و حکومەتی عێراق ناچار بکات بە خەرجکردنی شایستەکانی، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت داهاتی راستەقینە بسەلمێنێت و بڕی دیاریکراو نەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، ئەوا حکومەتی عێراق دەتوانێت لە رێگەی دادگەی فیدراڵییەوە بەردەوام گرفت بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "تائێستا هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەمیش حکومەتی عێراق خۆیان بەدوور گرتووە لە یەکلاکردنەوەی کێشەکە بە یاسا و بڕیاری دادگە، بەڵکو هەردوولایان پەنایان بۆ سازان و چارەسەری سیاسی بردووە، هەر ئەمەش وایکردووە هەموو مانگێک مووچەی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت."
 
42 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەغدا تائێستا مووچەی مانگی چواری خەرج نەکردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچە ناکات و دەڵێت هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نێوخۆیی بەوشێوەیەی کە عێراق دەیەوێت.
 
هەرێمی کوردستان رۆژی 17ی ئادار بڕی 48 ملیار دیناری بە شێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەکو داهاتی نێوخۆ، بەڵام بەغدا دەڵێت ئەو پارەیە کەمە و دەبێت هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر رادەست بکات.