شاخەوان عەبدوڵڵا: چەند خاڵێکی گرنگمان بۆ کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زیدی زیاد کردووە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ژمارەیەک تێبینییان لەبارەی کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی هەبووە و توانیویانە چەند خاڵێک بۆ کارنامەکە زیاد بکەن، بەتایبەت پرسی یاسای نەوت و گاز، ئەنجوومەنی فیدراڵی، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور.
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی: "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا دوور بوو لە باسی پلە و پۆست، بەڵکو بۆ باسکردنی پرسە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە خەڵکی کوردستان بوو؛" ئاماژەی بەوەشکرد، نێوەرۆکی رێککەوتنی پارتی لەگەڵ "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" لەسەر بنەمای پرسە نەتەوەییەکان داڕێژراوە، چونکە چ لە رابردوو و چ لە داهاتوویشدا پارتی رێگەی بە سیاسەتی دووژمنکارانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەداوە".
"کارنامەیەکی کرچ و کاڵی ناوەندی"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی دا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە کۆبوونەوە و هاوئاهەنگی بوون لەبارەی کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی و گوتی: "کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی بە عەقڵییەتێکی ناوەندی نووسرابوو و چەندین دەستەواژەی نادەستووریی تێدابوو".
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، پارتی چەندین خاڵی بۆ کارنامەکە زیاد کردووە و رایگەیاند: "توانیومانە یاسای نەوت و گاز، ئەنجوومەنی فیدراڵی، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و مادەی 140 بۆ کارنامەی کابینەکە زیادبکەین و خاڵەکانیش وەک خاڵ و تێبینیی پەرلەمان بۆ کابینەکە زیادکراون، تاوەکو ئەو خاڵانە زیادبکرێن و دواتر بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی پەسندکردنی".
"گرووپە چەکدارەکان وەک ئاستەنگی گەورە"
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد کە گەورەترین بەربەست لەبەردەم حکومەتەکەی زەیدی پرسی گرووپە چەکدارەکانە و گوتی: مەرجی ئەمریکا بۆ حکومەتی نوێ، کۆتاییهێنانە بە گرووپە چەکدارەکان، بەڵام لایەنە شیعەکان یاری بە کات دەکەن و داوای مۆڵەت دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، ئەوەش گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم پەسندکردنی حکومەتەکە بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، چونکە ئەمریکا بە راشکاوی بە هەموو لایەنەکانی گوتووە کە مەرجی سەرەکی بۆ پاڵپشتی حکومەتی نوێی عێراق کۆتاییهاتنی گرووپە چەکدارەکانە".
لەبارەی ململانێی نێوخۆیی لایەنە شیعەکانیش لەبارەی بەرکەوتە و دابەشکردنی وەزارەتەکان لە بەغدا، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "سوودانی گوشار دەکات کە پرسی وزە لەدەستی خۆیدا بمێنێتەوە و بۆ ئەوەش هەموو هەوڵێک دەدات کە وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا بۆ هاوپەیمانییەکەی خۆی بێت"؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەوڵەتی یاسا" دەستبەرداری وەزارەتی نەوت بووە تەنیا بۆ ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێ.
لەبارەی لایەنە کوردستانییەکانیش لە بەغدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "یەکێتی بەپێی شایستە و خاڵبەندی، تەنانەت پۆستی سەرۆککۆماریشی بەرناکەوێ، بەڵام ئێستا هەوڵی وەرگرتنی دوو وەزارەتیش دەدات؛" لەبارەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیشەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی مافی خۆیانە وەزارەت وەربگرن، بەڵام لە پشکی پارتی هیچ وەزارەتێک نادرێتە لایەنەکانی هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ.
بهشی بكه لە