شێوەزاری سۆرانی لە زمانی کوردی بۆ لیستی وەرگێڕانی زمانە جیهانییەکان لە گووگڵ زیادکرا
بە هەوڵی چەند گەنجێکی کورد، شێوەزاری سۆرانی لە زمانی کوردی بۆ لیستی وەرگێڕانی زمانە جیهانییەکان لە گووگڵ زیادکرا. بەشێک لەو گەنجانە داوا دەکەن هاوکارییان بکرێت بۆ چالاککردنی سیستمی وەرگێڕانی دەنگ و بەستانداردکردنی زمانی کوردی لە کیبۆرددا.
دوای بەردەستبوونی شێوەزاری سۆرانی لە زمانی کوردیدا لە وەرگێڕان، کۆمپانیای گووگڵ ناوی هەریەکە لە بۆکان حەسەن ناسراو بە بۆکان جاف، میدیا غازی زادە، رۆشنا عومەر، عەبدولڕەحمان سامان وەیسی پوور و سەرچیا خورشیدی هێنا کە رۆڵیان هەبووە لە زیادکردنی شێوەزارەکە و سوپاسی کردوون.
هەریەکە لە بۆکان جاف، رۆشنا عومەر و سەرچیا خورشید رۆژی هەینی 13-5-2022 میوانی 'رووداوی ئەمڕۆ'ی تۆڕی میدیایی رووداو بوون کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات؛ لە بەرنامەکەدا باسیان لە هەوڵەکانیان بۆ زیادکردنی شێوەزاری سۆرانی لە زمانی کوردی بۆ لیستی وەرگێڕانی زمانەکانی گووگڵ کرد.
سەرچیا خورشید لە بەرنامەکەدا گوتی، ئەو لە ساڵی 2014ـەوە هەوڵی سەرەتایی بۆ وەرگێڕان دەستپێکرد و گوتیشی، دەیان کەسی دیکەش رۆڵیان هەبووە لە زیادکردنی شێوەزارەکە بۆ گووگڵ ترانسلەیت.
هەر لە بەرنامەکەدا ئایزاک کایسپڕۆڵ، توێژەری زانستیی باڵا لە کۆمپانیای گووگڵ بەشداربوو؛ ئایزاک باسی لە قۆناخەکانی پەرەدان بە شێوەزاری سۆرانی کرد و گوتی، "ژمارەیەک خوێندکار و کەسانی ئەکادیمی کورد، بە تایبەت کوردی سۆرانی لە چەند ساڵی رابردوودا چالاکانە لە هەوڵدابوون بۆ زیادکردنی شێوەزاری سۆرانی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ، ئەمەش بە لای منەوە شتێکی جوان بوو."
ئایزاک باسی لەوەش کرد کە کورد نەتەوەیەکی ناسراوە لە ئەمریکا و بە تایبەت لە کالیفۆرنیا زۆر کەس کوردەکان دەناسن و سەرسامن پێیان. گوتیشی، "کوردەکان بە زۆر باروودۆخدا تێپەڕیوون، بەڵام هێشتا خۆڕاگربوون و کۆمەڵگەیەکیان بنیادناوە کە لە تەواوی جیهان خەڵک پێی سەرسامن. بۆ من جێگای شانازییە کە پاڵپشتی زمانی کوردیم کرد."
لە درێژەی قسەکانیدا ئایزاک گوتی، ئەوان هێشتا لە زیاتر پەرەپێدانی شێوەزاری سۆرانی کوردی بەردەوامن و کار لەسەر ئەوە دەکەن خوێندنەوەی کوردی زیاد بکەن و گوتیشی، ئەوە کاری زۆری دەوێت، بەڵام رۆژێک هەر دێتە بەرهەم.
سەبارەت بەو هەڵانەی هەندێک کات لە ئەپلیکەیشنەکە روودەدات، ئایزاک گوتی، دەکرێت لە وەرگێڕانەکەدا هەندێک کات هەڵە دروستبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی کوالێتییەکی باشی هەیە و ئەگەر هەڵەش رووبدات، بەکاربەران دەتوانن وەرگێڕی گووگڵ ئاگاداربکەنەوە و ئەوانیش کار لەسەر باشترکردنی بڕگە و تێگەیشتنەکان دەکەن.
رۆشنا عومەر سەبارەت بە دەستپێکردنی کارەکەی گوتی، زۆرکەس هاوکارییان کردووە و بۆ کۆنفرانسی ئەی سی ئێڵ چووەتە ئیتاڵیا و لەوێ ئایزاک خۆی بەشوێن ئەوەدا گەڕاوە کە بزانێت چ کوردێک لەوێیە؛ دواتر کە گەڕاوەتەوە پەیوەندی زیاتری بە ئایزاکەوە هەبووە و چەند داتایەکی بۆ ناردووە.
بۆکان جاف باسی لەوەکرد کە لە ساڵی 2015ـەوە لە رێگەی کۆمەڵەی گووگڵەوە کاری لەسەر وەرگێڕان کردووە و دواتر لە هیندستان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای گووگڵ ئەنجامداوە.
بۆکان جاف ئاماژەی بەوەکرد کە لە سەرەتادا لە کۆمەڵەی گووگڵ دەستی بە وەرگێڕان کردووە و دواتر لەسەر داوای بەرپرسانی گووگڵ، کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرسیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دامەزاراندووە و وەکو دامەزرێنەر کاری تێداکردووە؛ وەکو خۆی باسیکرد دواتر کەسانێکی خۆبەش هاوکارییان کردووە و پێکەوە دەستیان بە وەرگێڕان کردووە.
بۆکان جاف گوتی: من دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزیم؛ دوای کۆمەڵەکە کەسانێکی زۆری خۆبەخش هاتن و لە گرووپێکی فەیسبووکەوە کارمان دەکرد؛ ساڵی 2019 کۆمپانیای گووگڵ بەشێوەکی فەرمیی بانگهێشتی کۆمپانیاکەی کردم لە وڵاتی سەنگاپوور بۆ ئەوەی بتوانین ئەندازیاران و تەکنیکارەکانیان رووبەڕوو ببینین، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆرۆناوە گەشتەکەم جێبەجێ نەبوو و لە رێگەی ئۆنلاینەوە لەگەڵ بەرپرسانی گووگڵدا قسەم کرد.
بۆکان جاف ئاماژەی بەوەشکرد، کونسووڵی ئەمریکای لە هەڵەبجە بینیوە و داوای لێکردووە پاڵپشتی هەنگاوەکە بکەن و ئەویش گوتوویەتی لە رێگەی داراییەوە ناتوانن، بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە هاوکاریی دەکەن؛ دواتر لە رێگەی ئەوەوە چەند ئەندازیارێکی گووگڵیان پێناسێندراوە و بەردەوام گفتوگۆیان لەسەر زمانی کوردی کردووە.
بۆکان جاف باسی لە کارەکانی بۆ زاراوەی سۆرانی بۆ سیستمی وەرگێڕان کرد و گوتی: لە پلاتفۆڕمی گووگڵ و گووگڵ کراودسۆرسدا پێنج هەژمارم هەبوو. لە یەک هەژماردا نزیکەی 180 هەزار دەقم وەرگێڕاوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی. لە هەژمارێکی دیکەدا نزیکەی 35 هەزار دەقم وەرگێڕاوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی. زیاتر لە یەک ملیۆن داتام وەرگێڕاوەتە سەر زمانی شێوەزاری سۆرانی.
سەبارەت بە هاوکاریکردنیان لە کارەکانیان، سەرچیا خورشید گوتی، هیچ دامەزراوەیەک هاوکاری نەکردوون و ئەوەی هەبووە خۆبەخشی بووە؛ گوتیشی: لە هەندێک کات نەوەکو هاوکاری نەبووە، بەڵکو گرفتیشیان بۆ دروستبووە. بۆ نموونە، لە بابەتی کیبۆردی کوردیدا کە لەم ساڵانەی دواییدا کێشەی لە سیستمی ئای ئۆ ئێس هەبوو و تەنانەت لە ویندۆزیش کیبۆردی کوردی نەبوو، ئەوە ئیشی حکومەت یان ئەکادیمیای کوردی بوو کە لە سەرەتای ساڵی 2000ـەوە کاربکەن بۆ دانانی کۆدەکان و زیادکردنی کیبۆردی کوردی بۆ هەموو سیستمەکان، بەڵام کە لەو رووەوە کەمتەرخەمی کرابوو کێشەی زۆری دروستکرد، تاوەکو ئێستاش زۆرکەس بۆ نووسینی کوردی کیبۆردی عەرەبی یان ئینگلیزی بەکاردەهێنن، چونکە کیبۆردە کوردییەکان درەنگ گەیشتن.
سەبارەت بە هاوکارینەکردنیان، بۆکان جاف گوتی: کۆمپانیای گووگڵ کاتێک بانگهێشتی فەرمیی کردم و دوو رۆژی مابوو گەشتبکەم، بڕوابکەن هەندێک جار حەزم دەکرد گەشتەکە سەرنەگرێت؛ لەبەر ئەوەی لە رووی مادییەوە هیچم نەبوو، ئەوەبوو کۆمپانیای گووگڵ خۆی ڤیزەی بۆ وەرگرتین و تیکتیشی بڕی و تەنانەت لەوێ جلوبەرگیشی بۆ ئامادەکردین، ئەمەم بۆیە گوت بۆ ئەوەی بزاندرێت کە بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی نەکراوین.
بۆکان جاف ئاماژەی بە پێشوازی هاونیشتمانیان کرد لە کارەکەیان و گوتی، سوپاس و دەستخۆشی زۆریان لێکراوە و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییان پێوەکردوون و دەستخۆشیان لێکردوون.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا سەرچیا خورشید گوتی، ئەوەی ئێستا گووگڵ زیادیکردووە بریتییە لە وەرگێڕانی نووسین، خەڵکێکی زۆر داوای چالاککردنی وەگێڕانی دەنگ دەکەن، بۆ ئەوەش ئەوان نزیکەی 60 کاژێر دەنگیان کۆکردووەتەوە و داواشیکرد: هاوکاریمان بکرێت و لە زانکۆکانەوە بێنەسەرهێڵ بۆ ئەوەی بتوانین دەنگی زیاتر کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی لە یەک بۆ دوو ساڵی داهاتوودا سیستمی دەنگیش چالاک بێت، بۆ ئەوەی هەموو خەڵک تەنانەت ئەوانەشی ناتوانن بنووسن بتوانن قسەبکەن و راستەوخۆ دەنگەکانیان وەربگێڕدرێت، بەوەش خزمەتێکی زیاتر بە خەڵکی کوردستان بکەین.