وردەکاریی و شێوازی کەمکردنەوەی 'خەرجیی کارەبا' لە ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ
ئەندازیارێکی کارەبا شێوازی پێوانەکردنی خەرجی کارەبا بۆ هەر ئامێرێکی کارەبایی نێوماڵ روون دەکاتەوە و دەڵێت، هاونیشتمانییان دەتوانن خۆیان هەژماری تێچووی کارەبای هەر ئامێرێکی ماڵەکانیان بکەن بەپێی پێویستی ئامێرەکە بۆ بڕی کارەبا و کاژێرەکانی بەکارهێنانی ئامێرەکە، هاوکات باس لە تەکنیک و شێوازی کۆنترۆڵکردنی ئامێرەکان دەکات تاوەکو بەکارهێنەران بە شێوازێک بەکاری بهێنن کە کەمترین خەرجی کارەبای هەبێت لەسەریان.
د. سەرکار جەوهەر نانەکەلی، ئەندازیاری کارەبا و مامۆستای زانکۆ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ شێوازی هەژمارکردنی خەرجیی کارەبا بەپێی سیستمی نوێی دەستنیشانکراوی کارەبای 24 کاژێریی لە هەرێمی کوردستان روون دەکاتەوە و دەڵێت: تێچووی کارەبای هەر ئامێرێک بە لێکدانی وات لەگەڵ کاژێرەکانی کارکردن دەستنیشان دەکرێت و لە رێگەی پێوەری زیرەکیشەوە هاونیشتمانییان دەتوانن چاودێریی بەردەوامی کارەبای بەکارهاتوویان بکەن رۆژانە.
خەرجیی کارەبا چۆن هەژمار دەکرێت؟
بە گوتەی نانەکەلی ئێستا هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئامێرە کارەباییەکان کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەی چۆن وابکەن ئامێرەکانیان لە نموونەی بەفرگر و تەلەڤزیۆن و پێداویستییەکانی ناوماڵ کەمترین بڕی کارەبا بەکاربهێنن، چونکە ئێستا لە هەموو جیهان خەرجیی کارەبا لەبەرچاو دەگیرێت بە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکانی وەکو ئەمریکا و وڵاتانی ئەرووپا.
"هەموو ئامێرە کارەباییەکان لەسەریان نووسراوە ئەم ئامێرە چەند کارەبای پێویستە لە کاژێرێکدا، بۆ نموونە ئەگەر ئامێرێکی تەلەڤزیۆن باس بکەین لە پشتی ئامێرەکە نووسراوە (power - 50 w) واتا ئەم ئامێرە بۆ هەر کاژێرێک کارکردن پێویستی بە 50 وات کارەبا هەیە، ئەگەر لە شەو و رۆژێکدا ئەم تەلەفزیۆنە 10 کاژێر کاربکات ئەوا ( 50 * 10 = 500 وات) خەرجیی کارەبا بەکاردەبات لە هەر رۆژێکدا کە دەکاتە نیو کیلۆوات، بۆ خەرجی مانگەکەش بەپێی لێکدانی ( 500 وات * 30 رۆژ = 15 کیلۆوات بۆ مانگێک) و بەپێی نرخی دەستنیشانکراوی ئێستای کارەبا (15 کیلۆوات کە خەرجی یەک مانگی تەلەڤزیۆنەکەیە * 72 دینار = هەزار و 80 دینار بۆ مانگێک، ئەم شێوازی پێوانەیە بۆ هەموو ئامێرە کارەباییەکانی دیکە دروستە" د. سەرکار جەوهەر نانەکەلی وای گوت.
گوتیشی: بە گشتی ئامێرە کارەباییە نوێیەکان بۆ بەکارهێنان باشترن بەراورد بە ئامێرە کارەباییە کۆنەکان چونکە بەهۆی تەکنەلۆژیای نوێوە ئامێرە نوێیەکان هەمان کاری ئامێرە کۆنەکان وەکو بەفرگر و جلشۆر و ئامێرەکانی دیکە دەکەن بە کارەبایەکی کەمتر.
چۆن خەرجی کارەبا کەمدەکرێتەوە؟
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە رووداوی ئەمڕۆ ئەو ئەندازیارەی کارەبا باس لەوە دەکات کە هاونیشتمانییان چۆن دەتوانن هەمان ئامێر بە کارەبایەکی کەمتر بەکاربهێنن تاوەکو لە کۆتایدا خەرجی کارەبایان کەمبێتەوە و چەند نموونەیەک دەهێنێتەوە.
نانەکەلی دەڵێت: زۆرینەی ئامێرە کارەباییەکان ئێستا سیستمی (power save) یان تێدایە، ئەم سیستمە بۆ پاشەکەوتکردن و کەمکردنەوەی خەرجی کارەبای ئەو ئامێرەیە، بۆ نموونە تەلەڤزیۆنێک کە سیستمی (power save)ی تێدابێت لە رێکخستنەکانی ئامێرەکەوە کاتێک ئەم سیستمە کارا دەکەیت، هەمان ئامێری تەلەڤزیۆن خەرجی کارەبای بۆ نیو هێندەی خۆی دادەبەزێت، یان بەفرگرێک کاتێک نمرەی بەستنەکەی کەمدەکەیتەوە و زیاتر ئۆتۆماتیک دەکات خەرجی کارەبای زۆر کەمتر دەبێتەوە لەوەی نمرەی بەستن لە نمرەیەکی بەرز بێت و بەفرگرەکە کەمتر ئۆتۆماتیک بکات.
گوتیشی: یەکێک لەو ئامێرانەی ناوماڵ کە کارەبایەکی زۆری پێویستە ئامێری گەرمکردنی ئاو (بۆیلەر)ە، بۆ ئەمەش بە هەمان شێوە هاونیشتمانییان دەتوانن بە کارەبایەکی کەمتر لە هەمان ئامێرەکەی خۆیانەوە ئاوی گەرمیان دەستبکەوێت، بۆ نموونە ئەگەر بۆیلەری ماڵێک هیتەرە کارەباییەکەی (3000 وات بێت) ئەمە خەرجی زۆر زۆر دەبێت، پێش هەموو شتێک پێویستە هیتەرەکەی بگۆڕدرێت بە (1000 وات)ی کە لە بازاڕەکان هەیە، دوای گۆڕینی هیتەرەکە پێویستە نمرەی گەرمی ئاوەکە بۆ ئۆتۆماتیکی ئامێرەکە کەم بکرێتەوە، واتا ئەگەر نمرەی گەرمی لە (80 پلە) دانرابوو کەمبکرێتەوە (60 پلە) بەوەش بۆیلەرەکە هەمان کاری خۆی دەکات و ئاوی گەرم بە کارەبایەکی کەمتر بۆ بەکاربەرەکەی دەستەبەر دەکات.
بهشی بكه لە