ترەمپ بە چەندین تریلیۆن دۆلارەوە وڵاتانی کەنداوی بەجێهێشت

15 May 2025
ترەمپ بە چەندین تریلیۆن دۆلارەوە وڵاتانی کەنداوی بەجێهێشت
رووداو دیجیتاڵ
 
سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەنداو بە "مێژوویی ناودەبرێت"، پێشبینی دەکرێت "ئەوەندە گۆڕانکاری بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە دوور نییە باڵانسی ناوچەکە بگۆڕێت."
 
ترەمپ بە زیاتر لە سێ تریلیۆن دۆلارەوە دەچێتەوە ئەمریکا، ئەمە جگە لە پێدانی بەڵێن بە سعودیە بەوەی ئەمریکا هەمیشە دەیپارێزێت، بەبەهای 142 ملیار دۆلار گرێبەستێکی لەگەڵ سعودیە واژۆ کرد.
 
جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "سەردانەکەی ترمپ بۆ کەنداو مێژووییە و سەرەتایەکی نوێیە هەم بۆ کەنداو و هەمیش بۆ ئەمریکا."
 
گوتیشی: "ئەمجارە لە سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دۆناڵد ترەمپ سەردانی ئیسرائیلی نەکرد وەکو یەکەم وێستگە، ئەمەش دەرخەری ئەو نیگەرانییەیە کە ئەمریکا بەرامبەر بەشێک لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل هەیەتی لەلایەک و لە لایەکی دیکەشەوە گوزارشتە لەوەی کە ئەمریکا لە دیدی ئیسرائیلەوە ناڕوانێت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. سامان سۆرانی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "ترەمپ توانا ئابووری و دیپلۆماسییەکانی خۆی نمایش دەکات و دەخوازێت بە ئابووری، ئاسایش سەقامگیر بکات."
 
گوتیشی: "وڵاتانی کەنداو بۆچوونی ئایدۆلۆژییان تێپەڕاندووە و دوورکەوتوونەتەوە لە ئایدۆلۆژیای پۆپۆلیستی و ئێستا سعودیە رۆڵێکی جەمسەریی دەگێڕێت."
 
هاوکات د. بەهرۆز جەعفەر، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی ئینستیتیوتی مەدیتەرانا بۆ توێژینەوەی هەرێمی لە رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند: "کەنداو خاڵی بە یەکگەیشتنی خۆرهەڵات و خۆرئاوایە و ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی سعودییە 100 ملیار دۆلاری لەگەڵ چین تێپەڕاندووە هەربۆیە ئەمریکا بە وردی چاوی لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ سعودیە."