میلان جاف؛ ئەو گەنجە کوردەی خەڵکی گەرمیان لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا قەدەخەکراوە

16 February 2026
میلان جاف؛ ئەو گەنجە کوردەی خەڵکی گەرمیان لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا قەدەخەکراوە

گەنجێکی کورد لە گەرمیان لەدایکبووە و ئێستا 25 ساڵە، لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا قەدەخەکراوە، دۆسیەیەکی چڕ و پڕی هەیە و چەندین تۆمەتی تێدان کە وەکو پۆلیسی فینلاند بڵاویکردووەتەوە تۆمەتەکانی بریتین لە هێرشکردنە سەر خەڵک، دەستدرێژیی سێکسی، هەوڵی کوشتنی خەڵک، بەکارهێنانی چەک، هەڕەشەکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان، بێبەشکردنی خەڵک لە ئازادی تاکەکەسی، مادەی هۆشبەر و بە بارمتەگرتنی خەڵک، بەڵام خۆی هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە، "میلان جاف" ناوێکی ناسراو لە میدیاکانی ئەورووپا کە بۆ ماوەی دوو ساڵ هێدلاینی زۆرینەی میدیاکان بوو و بە "مافیای کورد" دەناسێندرا لە فینلاند.

میلان جاف کێیە؟

گەنجێکی کوردە و ساڵی 2001 لە گەرمیان لەدایکبووە، ساڵی 2017 لە تەمەنی 16 ساڵی خۆی گەیاندووەتە فینلاند و وەکو خۆی دەڵێت: "ساڵی 2017 تەمەنم 16 ساڵ بوو کە چوومە فینلاند، لە منداڵییەوە خولیای خوێندنم نەبووە بەڵکو خولیای بوون بە پاڵەوانی بۆکسێنی ئازادم هەبوو (MMA) چونکە هەستمدەکرد شەڕکەرێکی باشم و لەو بوارە سەرکەوتوو دەبم، سەرەتا کە گەیشتمە فینلاند بەهۆی ئەوەی تەمەنم منداڵ بوو لە کەمپی تایبەتی منداڵان جێگیرکرام و رێگەم نەدرا بچمە بۆکسێنەوە، بەڵام دوای ئەوەی تەمەنم گەیشتە 18 ساڵ لە کەمپی منداڵان نەمام و چوومە هێلسنکی و لەوێوە توانیم وەکو وەرزش و وەکو خولیایەک بەشداریی بۆکسێنی ئازاد (MMA) بکەم و قۆناخ بە قۆناخ لەو بوارە بەرزبوومەوە و بوومە کەسێکی نێودار".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ میلان جاف دەڵێت: من مافیا نەبووم تەنیا گۆرانییەکم هەیە بەناوی "کوردیش مافیا" بەڵام لە فینلاند بەوە تۆمەتبارکراوم کە من باندێکی مافیاییم هەبێت بەناوی "کوردش مافیا" لەکاتێکدا ئەوە تەنیا ناوی یەکێک لە گۆرانییەکانی منە نەوەک گرووپێکم هەبێت بەو ناوە و کاری مافیاییم کردبێت.

ئەو دەڵێت: کوردیش مافیا گروپێک بوو لە هاوڕێکانم پێکمهێنا بۆ کلیپ و بەرهەمێکی هونەری "راپ" بەناوی کوردیش مافیا، لە رێگەی گۆرانیبێژێکی "راپ"ی فینلاندی تێکەڵی هونەری راپ بووم و شێوازی کلیپەکانم زیاتر شەڕ و مافیایی بوو، بەوهۆیەشەوە زیاتر نێوداربووم و زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فان و بینەرێکی زۆرم کۆکردەوە، بەشێک لە کلیپ و شێوازی گۆرانییەکانم بەجۆرێک بوون کە گۆرانیبێژەکانی دیکەی راپ نەیاندەوێرا بەوجۆرە بەرهەمەکانیان پێشکێش بکەن، هەربۆیە زوو ناسرام و نێودار بووم".

چەندین دۆسیەی مەترسیدار

پۆلیسی فینلاند دەڵێت: میلان جاف تۆمەتبارە بە هێرشکردنە سەر خەڵک، دەستدرێژیی سێکسی، هەوڵی کوشتنی خەڵک، بەکارهێنانی چەک، هەڕەشەکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان، بێبەشکردنی خەڵک لە ئازادی تاکەکەسی، مادەی هۆشبەر و بە بارمتەگرتنی خەڵک، بەڵام میلان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی کە خراوەتەپاڵم هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو کچێک ویستی ببێتە هاوڕێم و من رێگەم پێنەدا، هەربۆیە کەوتە پڕوپاگەندە لە دژی من و چەند جارێک لە تەلەڤیزیۆنەکانی فینلاند هەڤپەیڤینی لەگەڵ ئەنجامدرا و تۆمەتباری کردم بە دەستدرێژیی سێکسی، بەڵام تۆمەتەکە بێ بنەمایە، لەبارەی شەڕکردن و تووندوتیژیش میدیاکانی فینلاند پشتیان بە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کامێرای چاودێریی زیندان بەستبوو، لەکاتێکدا لە زیندان چەندین گرووپی مافیایی هەن و چەندجارێک هێرشیان کردە سەرم و منیش بۆ پارێزگاریکردن لە خۆم شەڕم لەگەڵ کردوون.

میلان جاف دەڵ:ێت: "دۆسیەیەکی دیکەی شەڕکردن لە پۆلیس لەسەرم تۆمارکراوە پەیوەندی بە کیشەی چەند گەنجێکی کورد هەبوو لە فینلاند، کەسێک پارەی لێبردبوون و هاتن داوای هاوکارییان لە من کرد، منیش رووبەڕووی ئەو کەسە بوومەوە کە پارەی لێسەندبوون و تووشی شەڕبووم لەگەڵیدا، بەڵام تۆمەتەکانی دزیکردن و بە بارمتەگرتنی خەڵک و بێبەشکردنی خەڵک لە ئازادی هیچ بنەمایەکی نییە".

لەبارەی هەڵگرتنی چەک و تووندووتیژیش دەڵێت: "چەکم هەڵنەگرتووە، بەڵام گۆرانییەکم هەیە بەناوی (AK - 47) کە بە کڵاشینکۆف ناسراوە و لە کلیپەکەیدا چەند جارێک ئاماژەی (AK - 47) نیشاندرابوو، پێموابوو کە کڵاشینکۆف وەکو مۆرکێک وایە لە کوردستان، ماڵ نییە ئەو جۆرە چەکەی تێدا نەبووبێت و پێشمەرگە پێشتر و ئێستاش بەوجۆرە چەکە شەڕی کردووە، هەربۆیە ناوی ئەو چەکە بووە ناو و هێمای گۆرانییەکم، نەوەک ئەو جۆرە چەکەم هەڵگرتبێت".

بڕیاری 20 ساڵ زیندانیکردن

لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ میلان جاف دوای دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری فینلاند وێنەی خۆیان بڵاوکردەوە لەنێو هۆڵی پەرلەمان و گوتیان "میلان جاف خوات لەگەڵ" وەکو ئاماژەیەک بۆ لەکۆڵبوونەوەی کەسێکی تاوانبار لە وڵاتەکەیان دەڵێت: "دووجار زیندانیی کراوم لە فینلاند، ساڵی 2020 بە تۆمەتی شەڕ و هەڵکوتانە سەر ماڵان خرامە زیندان و سزای ساڵێک و چەند مانگێکم بەسەردا سەپێندرا، دوو مانگی سزاکەم لە زیندان بەسەربرد و ساڵێک و دوو مانگیش لەژێر چاودێریی پۆلیس".

گوتیشی: "دواتر لە ساڵی 2021 دووبارە بە چەند تۆمەتێکی دیکە دەستگیرکرامەوە و پرۆسەی دادگاییکردنم دوو ساڵی پێچوو و دوو بڕیار لەدژم دەرکران و هەر بڕیارێکیان 10 ساڵ زیندانیکردن بوو، واتا بە گشتیی 20 ساڵ، بەڵام دواتر تانەم لە بڕیارەکاندا و سزایەکیان رەتکرایەوە و سزایەکیشیان لە 10 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 6 ساڵ و دوو مانگ، بەڵام دوای ماوەیەک برامە کەمپی داخراو لەبری زیندان و لەسەر خواستی خۆم داوامکرد دیپۆرتم بکەنەوە بۆ کوردستان و نەمویست چیتر لەو وڵاتە بمێنمەوە".

قەدەخەکردن لە هەموو یەکێتیی ئەورووپا

بڕیاری دادگەی فینلاند بەجۆرێکە کە میلان جاف تاوەکو تەمەنی مابێت بەهیچ جۆرێک بۆی نییە سەردانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بکات، بەڵام میلان جاف دەڵێت ئەوە نایاساییە و تانەی لێدەدەم، چونکە بەپێی بڕیاری دادگەی فینلاند بۆ هەتا هەتایە لە یەکێتیی ئەورووپا قەدەخەکراوم و مافم نییە سەردانی 29 وڵات بکەم، بەڵام ئەوەش نایاساییە و دادگا دەتوانێت تەنیا 10 ساڵ قەدەخەم بکات هەربۆیە ئێستا دووبارە تانەم لەو بڕیارە داوە.

دەقی گفتوگۆکە:
 
رووداو: کاک میلان بەخێر بێیت.
 
میلان جاف: سوپاس.
 
رووداو: بترسم کاک گفتوگۆت لەگەڵ دەکەم؟
 
میلان جاف: کورە، نەوەڵڵا.
 
رووداو: هەموو فینلاند لەم کاتەدا بە شوێن تۆدا دەگەڕێت، مانشێتی رۆژنامەکان ئێستا لەبارەی تۆوەیە، تیڤییەکانی فینلاند هەمووی باسی تۆ دەکەن، دەڵێن میلان جاف لە کوێیە، چی دەکات؟ بەڵام من دەرفەتێکی باشم هەیە کە ئاوا لەگەڵ مندا دانیشتوویت.
 
میلان جاف: بەڵێ وایە.
 
رووداو: هەموو میدیای فینلاند کە باسی تۆ دەکەن دەڵێن: سەرکردەی مافیا و سەرۆکی مافیا، خۆت بەو شێوەیە وەک سەرۆکی مافیا خۆت دەبینیت؟
 
میلان جاف: نەخێر، ئەوە بەس پڕوپاگەندەیە و هیچی دیکە نییە، من گۆرانییەکم بە ناوی "کوردیش مافیا"وەیە، ئەوانیش ئەوەیان کردووە بە سەبەب ئەو ناوە لە من بنێن، ئەگینا من هەر گۆرانیبێژم و راپ دەڵێم، ئەوەی "کوردیش مافیا" ناوی گۆرانییەکی منە.
 
رووداو: میلان جاف کێیە؟ ئەگەر بێت و کەسێک نەتناسێت لێرە، بیەوێت بزانێت میلان جاف کێیە، چۆن خۆتی پێ دەناسینیت؟
 
میلان جاف: گەنجێکم لە فینلاند دەژیام، پێشتر ڤیدیۆی پرانک و ئەوانەم دەکرد، دواتر دەستم کرد بە گۆرانی گوتن، لە رێگەی گۆرانییەوە زیاتر ناسرام لە فینلاند.
 
رووداو: زۆر ناسراویت لە فینلاند؟
 
میلان جاف: بەڵێ.
 
رووداو: کە دەڵێیت ناسراوم، هەر ئەوە نییە ئاسایی ناسرابیت؟ ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە، لە فینلاند ئەوەی کە میدیای فینلاندی باسی تۆ دەکات وەک کەسێکی گانگستەر، سەرۆکی مافیایەک، دواتر دێمە سەر بابەتی پرسەکانی دادگا و ئەو شتانە، تەنانەت دێمە سەر ئەوەی کاتێک کە تۆ دێیتەوە بۆ کوردستان، لە پەرلەمانی فینلاند پەرلەمانتارەکان کۆبوونەتەوە و هەموویان دەڵێن "خوات لەگەڵ" بە خۆشحاڵییەوە، "خوات لەگەڵ میلان جاف"، لێرە چیرۆکەکەی ئێرەم بۆ باس بکە، خەڵکی کوێیت، تەمەنت چەندە، چۆن گەیشتیتە ئەورووپا؟
 
میلان جاف: خەڵکی گەرمیانم، لە ١٥-١٦ ساڵییەوە چووم بۆ ئەورووپا و لە ٢٠١٧وە لە فینلاندم، ئیتر لەوێ ژیانم دەستی پێکرد، لە قوتابخانە بووم پێشتر، هەر لە منداڵییەوە حەزم لە قوتابخانە نەبووە، حەزم دەکرد بڕۆم بۆ MMA، لە کاتێکدا لەو کەمپەی کە منداڵانی لێبوو، کەمپی منداڵان.
 
رووداو: تۆ تەمەنی ١٦ ساڵیدا چوویت و لە ١٧ ساڵیدا گەیشتوویت وایە؟ لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠یت؟
 
میلان جاف: بەڵێ، ئیتر لە کەمپی منداڵان حەزم دەکرد، چونکە بەردەوام بە منداڵی شەڕ و ئەوانەمان دەکرد، بە منداڵی لێیان دەدام، ئیتر حەزم دەکرد کە گەورە بووم لێم نەدەن و من لەوانە بم کە لە خەڵک بدەم، ئیتر حەزم دەکرد بڕۆم بۆ MMA شەڕ بکەم لەوێ، بەڵام ئەو کاتە لە کەمپی منداڵان منیان نەدەبرد، ئیتر دەمزانی لەوەدا چاکم چونکە بەردەوام بە منداڵی ئیشمان ئەوە بوو.
 
رووداو: شەڕ؟
 
میلان جاف: بەڵێ، لە قوتابخانە شەڕە  لێت دەدەن و لێیان دەدەیت.
 
رووداو: لێیان داویت یان لێت دەدان؟
 
میلان جاف: لێیان دەدام و لێم دەدانەوە ئیتر ئاوا، یەکسان بوو.
 
رووداو: لە کەیەوە کەس لێی نەداویت؟ لە چ تەمەنێکەوە کەس نەیتوانیوە لێت بدات؟
 
میلان جاف: لە ١٥-١٦ ساڵی، لەو کاتانەوە ئیتر کەس نەیتوانیوە لێم بدات، بە منداڵی بە بیرم نایەت.
 
رووداو: لە کەمپێکدا بوویت بۆ خوار ١٨ ساڵ بوو، بەڵام نەتتوانی بچیتە  MMA؟
 
میلان جاف: بەڵێ، بەو هۆیەوە نەمتوانی، ئەو کاتە لە شارێک بووم ناوی "لۆهیا" بوو، لە دووری لۆهیا بووم ناوی "سینتیۆ" بوو، لەوێ دەژیام لە کەمپێک، خانوویەکی گەورە بوو وەک Airbnb  گەورە بوو، ئیتر لەوێ چونکە دوور بوو گوتیان ناتبەین، چونکە تۆ تاکە کەسی کە حەزت بە "ئێم ئێم ئەی" بێت، ئەوانی دیکە نایەن قورسە بۆ ئەوان بمبەن و بمهێنن، ئیتر بووم بە ١٨ ساڵ چووم بۆ هێلسینکی، لەوێ ژیانم دەستی پێکرد.
 
رووداو: بەڵام لە ١٧ ساڵیدا حەزت لە MMA بوو؟ MMA ڕەنگە خەڵک لێرە زۆر ئاشنا نەبێت پێی، بەڵام MMA یارییەکی ئەوەندە قورسە ئەگەری هەیە بمریت تێیدا، یارییەکی زۆر جیدییە، شەڕی ئاسایی نییە، بۆکس و شەقی تێدایە، یەکێکە لەو یارییانەی زۆر مەترسیدارە، ئەمە چ حەزێکە هەتبووە؟
 
میلان جاف: بەردەوام حەزم لە شەڕ بووە، حەزم دەکرد بڕۆم بیکەم بە وەرزشێک بۆ خۆم چونکە حەزم لە شەڕ بوو، دەمزانی تێیدا باشم، لە قوتابخانە بۆیە نەمدەخوێند، نەدەچووە مێشکم، زۆر خراپ بووم لە قوتابخانەدا، لەسەر رەحلە خەوم لێدەکەوت ئەوەندە ناخۆش بوو بەلامەوە، بەس بۆ شەڕ وا نەبووم، حەزم دەکرد بۆ ئەوە، چونکە دەمزانی خۆمی تێدا دەبینمەوە.
 
رووداو: دوای ئەوەی کە گەیشتیتە فینلاند، بەڵام چیرۆکێکی تۆ لەوێ زۆر سەیرە، ئەویش ئەوەیە گروپێک دروست دەکەیت ناوی "کوردیش مافیا"، ئەم گروپە چییە، کوردیش مافیا؟
 
میلان جاف:  ئەوە خۆی گرووپ نییە، ئەوە دەستم کرد بە گۆرانی گوتن ئەو کاتە، ئیتر برادەرانی خۆمم بانگ کرد، هاوڕێکانم، ئیتر گۆرانی دەردەکەیت ناکرێت بە تەنیا بیڵێیت، دەبێت کەست لەگەلدا بێت، ئۆتۆمبێلی جوانت پێ بێت، وەک "خەتەر"، وەک ئەو کوردانەی دیکەی کە گۆرانی دەڵێن، راپەرەکانی کورد، ئیتر پێویستی بە خەڵکە لەگەڵتدا بێت، وەکو ئەکتەرێک، دەبێت وەک ئەکتەرێک وابیت، منیش برادەرانی خۆمم بانگ کرد و گۆرانی "کوردیش مافیا"مان دەرکرد.
 
رووداو: راپ؟
 
میلان جاف: بەڵێ.
 
رووداو: راپەرێکی باشیت، لانی کەم لە ڤیدیۆکاندا وەک ئەوەی دەردەکەوێت، لە کوردستان فێری راپ بوویت یان لە فینلاند؟
میلان جاف:  نەخێر لە فینلاند.
 
رووداو: چی وای کرد کە سەرنجت بچێتە سەر راپ، تۆ خەڵکی گەرمیانیت، چی وایکرد سەرنجت بۆ مەقامی ئای ئای و ئەڵڵاوەیسی یان قەتارە نەچێت و راپ بڵێیت؟
 
میلان جاف:  ئەو کاتە زۆر گوێم لە راپ نەدەگرت، هەر بە تەمای نەبووم، کە چوومە ئەوێ زۆر گوێم لە راپ دەگرت، چونکە برادەرەکانم زۆربەیان گوێیان لە راپ دەگرت، برادەرێک خۆی گۆرانیبێژ بوو، ناوی "توریستی" بوو، ئێستا گۆرانییەکانی زۆر بەناوبانگن لە فینلاند، ئەمساڵ و ساڵانی پێشتر زۆرترین کەس گوێیان لە گۆرانییەکانی گرتووە، ئیتر لەو رێگەیەوە ئەو بانگی کردم، ئەو کاتە زۆر بەناوبانگ نەبوو، گوتی حەز دەکەین وەرە گۆرانیت بۆ دروست بکەین، گوتم من گۆرانی نازانم، گوتی کێشە نییە وەرە فێرت دەکەین، ئەو کاتە زۆر منداڵ بووم.
 
رووداو: کەواتە لە رێگەی کەسێکەوە؟ بەڵام ئەو کەسە چۆن تۆی ناسی کە پێت بڵێت وەرە با راپ بکەین؟
 
میلان جاف: من ئەو کاتە پرانک و ڤیدیۆ و ئەوانەم دەکرد لە سۆشیاڵ میدیا، ئیتر خەڵک سەیری دەکرد و دەیانناسیم، لە رێگەی ئەوەوە نامەی بۆ ناردم، ئەو منی دەناسی بەڵام من ئەوم نەدەناسی.
 
رووداو: کارەکانت زۆر ڤایرەڵ بوون، بۆ نموونە ئەوەی کە من خوێندمەوە لە میدیای فینلاندی دەڵێت زۆر بە زوویی ئینستاگرامەکەت ٩١ هەزار فۆڵۆوەرسی هەبووە، بۆ فینلاند زۆرە چونکە کۆمەڵگەیەکی بچووکە ٥ ملیۆن کەسن پێموایە، یوتیوبەکەت ٢ بۆ ٣ ملیۆن ڤیوی هەبووە، چۆن ئاوا زوو چوویتە نێو کۆمەڵگەی فینلاندی؟
 
میلان جاف: من دەمزانی بیڕازێنمەوە بەو جۆرەی سەرنجی خەڵک رابکێشم، دەبێت ئەکتەرێک بیت کە خەڵک سەرنجت بدەن، ئەکتەرێکی جیاواز بووم لەوانەی دیکە، شتێکم دەکرد کە ئەوانەی دیکە لە فینلاند نەدیاندەوێرا بیکەن، ریکۆردێک بوو کە ئەوانەی دیکە، گۆرانیبێژەکانی فینلاند نەیاندەوێرا بیکەن، ئیتر بەو هۆیەوە خەڵک زۆرتر سەیریان دەکردم.
 
رووداو: تەمەنت بوو بە ١٨ ساڵ ئینجا چوویتە هێلسینکی؟
 
میلان جاف: بەڵێ.
 
رووداو: زمانی فینلاندی چۆن فێربوویت وا بە خێرایی؟
 
میلان جاف: زمانی فینلاندیم خوێند لە قوتابخانە لەوێ، بەڵام زۆربەی لە رێگەی هاوڕێ و برادەرەوە فێربووم.
 
رووداو: بە فینلاندییەکی باش قسە دەکەیت؟
 
میلان جاف: بەڵێ فینلاندییەکی باش قسە دەکەم.
 
رووداو: کە سەیری میدیای فینلاندی دەکەم، هەر گەڕانێک بکەیت بۆ میلان جاف، شتی زۆر سەیر لەبارەی تۆوە هەیە، هەندێکیان ئەوەندە سەیرن کە من وەک رۆژنامەنووس لەگەڵتدا دانیشتووم هەندێکجار دوو جار بیر دەکەمەوە پێش ئەوەی پرسیارێکت لێ بکەم، بەڵام وەک تۆ گوتت ئازادی، پۆلیسی فینلاند دەڵێت: میلان جاف تۆمەتبارە بە هێرش بۆسەر خەڵک، بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر خەڵک، هەوڵی کوشتنی خەڵک، چەک و شتت بەکارهێناوە کڵاشینکۆف و دەمانچە و ئەوانە، هەڕەشەکردن، هەڵکوتانە سەر ماڵ، بێبەشکردنی خەڵک لە ئازادی خۆی، هەروەها بابەتی مادەی هۆشبەر و چەندین جۆر تاوانی دیکە، چی لەبارەی ئەم هەموو تۆمەتانە دەڵێیت کە پۆلیسی فینلاند دەڵێت میلان جاف ئەنجامی داوە؟
 
میلان جاف: حەزم کرد لەوەوە دەست پێ بکەین ئەو کات "رووداو" شتێکی لەسەر من بڵاوکردەوە، پێم ناخۆش بوو تۆزێک، چونکە ئەو شتانەی کە گوتران زۆربەی وا نەبوون.
 
رووداو: رووداو لە سەرچاوە فەرمییەکانی فینلاندەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوەی من دەیخوێنمەوە پۆلیسی فینلاند گوتوویەتی، قسەی من نییە، بۆیە ئێستا هاتووم گفتوگۆت لەگەڵ دەکەم، بۆچی پۆلیس ئەمانە لەسەر تۆ دەڵێت؟
 
میلان جاف: بەڵێ، با لەوەوە دەست پێ بکەین ئەوەی سێکشواڵییەکە، ئەوەی دەستدرێژییەکە، ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە، کچێک بوو لەناو گۆرانییەکەی خۆمدا بوو، تەمەنی لە خۆم گەورەتر بوو، زۆر حەزی لە من بوو، منیش لەگەڵیدا پەیوەندیم وەک پەیوەندی نەبوو، بەو هۆیەوە کە من لەگەڵیدا نەبووم، ئەوە هۆکار بوو کە سکاڵام لێ بکات و ئەسڵ و ئەساسی نییە. 
 
رووداو: رەتتکردووەتەوە بۆیە سکاڵای لێ کردوویت؟ 
 
میلان جاف: ئەوە ئیتر شتێکە بە کوردی نازانم چی پێ دەڵێن، واتە شتەکان شاردراونەتەوە و ئەو پەڕاوانە ناتوانم زۆر لەسەری قسە بکەم، بەڵام تۆمەتی بۆ هەڵبەستم، زۆر گۆرانیبێژ هەن، زۆر یاریزانی تۆپی پێ هەیە، ئێمباپێ، حەکیمی، 69، زۆر گۆرانیبێژی گەورە و ئەکتەری بەناوبانگ هەن کە تۆمەتیان بۆ هەڵبەستراوە بەو شێوەیە بۆ ئەوەی بەناوبانگ بن و پارەیان دەست بکەوێت، ئێستا دوای من ئەو کچە سێ چوار جار لە تەلەفیزیۆنەکاندا خۆی پیشان داوە لە شوێنی دیکە بووە، ئاوا بەهۆی منەوە بۆ ئەوەی بەناوبانگ بێت، ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە، من پێویستم بەوە نەبووە، هەر کچێک حەزم لێی بووبێت دەتوانم پەیوەندی لەگەڵدا دابنێم، چونکە کە بەناوبانگ بیت ئەو کاتە دەتوانی هەموو شتێک بکەیت، زۆر ئاسانترە کاتێک کەسێکی بەناوبانگ بیت.
 
رووداو: شەڕەکان؟ ئەگەر بێت و شەڕەکان باسی بکەین، من هەندێک ڤیدیۆم بینیوە، لە ڤیدیۆیەکیاندا کابرا بە بۆکسێک دەخەیتە سەر زەوی، لە کامێرای چاودێرییەوە گیراوە، لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا پێموایە لە زیندانە، کەسێک تاوەیەک ئاو و رۆن، رۆنی قرچاو دەکات بە دەموچاوتدا، نازانم چۆن دەموچاوت نەسووتاوە و تێک نەچووە، ئیتر لەوێ دەست دەکەیت بە شەڕ، شەڕەکانت لانی کەم لە ڤیدیۆکاندا هەیە، ئەوانەم بۆ ڕوون بکەوە.
 
میلان جاف: فینلاندییەکان زۆربەیان لەوانەیە قسە بکەن، بەڵام هەر حەزیشیان لە منە، چونکە دەزانن من لە گۆرانییەکاندا شتەکان دەڵێم، دەڵێم کەسێکی ئاوام و درۆ ناکەم، زیندانی ئەوێ جیاوازە وەک لە زیندانی ئێرە، ئیتر خەڵک شەڕت پێ دەفرۆشێت، لەوێش مل شۆڕ بکەیت خەڵک وازت لێناهێنێت و هەمووان پێت فێر دەبن، دەبێت نەهێڵی کەس هێڵی سوور ببەزێنێت، ئەوانەی شەڕیان لەگەڵ دەکەم، یەکێکیان ئەوەبوو ئاوە گەرمەکەی بە دەموچاومدا کرد، ئەوە پێشتر لە هاوڕێیەکی گرووپەکەی ئەوانم دابوو، نەمزانی هاوڕێی ئەوانە، تەڵەی بۆ دانابووم بەڵام سەری نەگرت، ئەوەی دیکەش بەیانی لە خەو هەڵدەستی، تاقەتت نییە و پیاو شەڕت پێ دەفرۆشێت، دەم و چاوت نەشۆردبێت شەڕ بفرۆشێت ئیتر وا بوو، قەزییەکە بوو بە دوو قەزیە، ئیتر دێت و یەخەت دەگرێت، چی بکەین.
 
رووداو: گفتوگۆیەکە چییە پێش ئەوەی بۆکسەکەی لێ بدەیت؟ گفتوگۆیەکی تووند هەیە لە نێوانتاندا؟
 
میلان جاف: وایە، رۆژنامەی دەخوێندەوە، ئیتر منیش لەتێک نانم دەرکرد، ئەوێ شوێنی نان خواردنە نەدەبوو ئەو لەوێ رۆژنامەی بخوێندایەتەوە، لەتێک نانم دەرکرد و خستمە سەر رۆژنامەکە بۆ ئەوەی کیسەی نانەکە ببەستم تاوەکو پیس نەبێت، ئیتر ئەویش دەستێکی دا لە نانەکەم، گوتم بۆ دەستی لێ دەدەیت؟ ئیتر ئاوا لەوێوە قەزیەکە بوو بە دوو قەزیە.
 
رووداو: بۆکسێک دەهێنێت؟
 
میلان جاف: ئیتر ئەوە زیندانە، قسە نەکەیت ئەوانی دیکە پێت فێر دەبن.
 
رووداو: بەڵام لە دەرەوەی زیندانیش زۆر چیرۆکی شەڕت لەسەرە.
 
میلان جاف: ئەوانەی دیکەش بەهۆی هاوڕێ و کوردەوە بووە.
 
رووداو: چەند شەڕت کردووە، لەبیرتە؟
 
میلان جاف: ناوەڵڵا.
 
رووداو: دەیان، سەتان؟
 
میلان جاف: نا نا بابە ئەوەندەش نییە، پێویست ناکات باسی بکەین.
 
رووداو: باشە، تۆمەتی دزیکردن دراوەتە پاڵت، چی دەڵێیت لەسەر ئەوە؟
 
میلان جاف: ئەوە پارە قەرزار بوو.
 
رووداو: چۆن؟
 
میلان جاف: ئەو برادەرە پارەی هاوڕێکانی ئێمەی بردبوو، ئیتر داوای یارمەتی دەکەن، کوردن دەبێت یارمەتییان بدەیت. 
 
رووداو: ئەو کەسەشی رووی لێ بکەن بۆ یارمەتی تۆیت؟
 
میلان جاف: ئیتر هات و من دەمویست سوڵحیان بۆ بکەم.
 
رووداو: سوڵحەکە چۆن بوو؟ سوڵحێک میلان جاف بیکات چۆنە؟
 
میلان جاف: من دەمهێنان، دایاندەنیشێنم و دەڵێم کاکە شەڕ مەکەن پیاوی باش بن، پەنابەرین با ئەم رەگەزپەرستانە لێمان هین نەبن، ئیتر قەزیەکە وای لێهات لە سوڵحدا نەما.
 
رووداو: لێتدا؟
 
میلان جاف: وەڵڵا ئیتر ئاوا بوو.
 
رووداو: باسی ئەوە دەکرێت کە خەڵکت لە ئازادی بێبەش کردووە.
 
میلان جاف: خەڵک لە ئازادی بێبەش ناکەم.
 
رووداو: بۆ نموونە خەڵکت بە کۆیلە کردووە، خەڵکت دەستگیر کردووە لە ماڵەوە، خەڵکت زیندانی کردووە، چۆنە ئەوانە؟ 
 
میلان جاف: نا شتی وا هەر نییە، خۆ من کەسێکی ئاوا نیم بڕۆم لەسەر شەقام لە خۆمەوە خەڵک زیندانی بکەم، ئەگەر شتێکیش بووبێت کەسێکی نەناسراو نەبووە، ئەو پرسە شتێکی دیکەی لەدواوە بووە، وەک پارەبردن یان ئەو شتانە.
 
رووداو: کاک میلان، تۆ کەسێک بوویت، کەواتە خەڵکێکی ئاسایی یان هاوڕێکانت کێشەیان هەبووایە دەهاتنە لای تۆ، هاوڕێکانت زۆرینەیان کوردن؟
 
میلان جاف: بەڵێ زۆرینەیان کوردن 
 
رووداو: هاوڕێی فینلاندیت هەبوو؟
 
میلان جاف: بەڵێ فینلاندی، عەرەب، رۆمانی، رووسیش.
 
رووداو: هەموو ئەمانە ئەگەر کێشەیان هەبووبێت هاتوون بۆ لای تۆ، یان بەشێکی زۆریان لانی کەم؟
 
میلان جاف: زۆرینەیان بەڵێ، ئەوانە ناسراون و فینلاندیش زۆر گەورە نییە، ئیتر یارمەتییان دەدەین.
 
رووداو: واتە ئەوانەی کێشەی پارەیان هەبووە یان هەڕەشەیان لێکراوە، هاتوون بۆ لای تۆ بۆ یارمەتی؟
 
میلان جاف: بەڵێ
 
رووداو: دەتەوێت بڵێیت ئەم تۆمەتانەی لەسەرتن هەمووی بەهۆی یارمەتیدانی هاوڕێکانتەوە هاتوونەتە سەرت؟
 
میلان جاف:  هەڵەی منیشی تێدا بووە، بەڵام زۆرینەی بەهۆی یارمەتیدانی هاوڕێوە بووە، یارمەتی هاوڕێی کوردم زۆر داوە، حەزناکەم کوردێک لەو وڵاتە زۆری لێ بکرێت، ئیتر بەو هۆیەوە تووشی زۆر شەڕ بووین، هەرچەندە هەڵەی خۆشمی تێدا بووە.
 
رووداو: یەکێک لەو تۆمەتانەی لەسەرەتە بابەتی چەکە، چەک هەیە لە فینلاند؟ ئەوەندە ئاسانە؟
 
میلان جاف:  چەک هەیە
 
رووداو: چەکت پێ بووە؟
 
میلان جاف: نەخێر چەکم پێ نەبووە، ئەوان چەکیان بە من نەبینیوە، تەنیا وا دەڵێن.
 
رووداو: چەکت پێ نەگیراوە؟
 
میلان جاف: نەخێر چەکم پێ نەگیراوە؟
 
رووداو: تۆمەتباری بەوەی هەوڵی کوشتنت داوە، هەوڵی کوشتنی کێت داوە؟
 
میلان جاف: نازانم باسی کێ دەکەن، من لە دادگا گوتم کە من کەسم نەکوشتووە و هەوڵی کوشتنی کەسم نەداوە، تەنیا لەگەڵ گرووپێکدا کێشە و شەڕمان هەبوو، هەڕەشەم لێ نەکردوون تەنیا بە قسەی خۆش قسەم لەگەڵ کردوون.
 
رووداو: بە قسەی خۆش گوتووتە دەتانکوژم؟
 
میلان جاف: نەخێر ئەو شتانەی تێدا نییە؟
رووداو:   ناوی گرووپەکەت ناوە AK-47، ئەمە ناوی چەکی کڵاشینکۆفە، بۆچی ئەو ناوە؟ لە هەموو ڤیدیۆکانیشتدا نووسراوە AK-47
میلان جاف: ئەوە گرووپ نییە، تەنیا ژمارەیەک هاوڕێ بووین،  AK-47 رەمزی کوردە، لە مێردینی باکووری کوردستان زۆر بەکاردێت، پێشمەرگەش هەر بەو چەکە شەڕی کردووە، بۆ من رەمزێکی کوردییە، چەکێکی کوردانەیە و پێشمەرگە کاتی خۆی و ئێستاش هەر بەو چەکە شەڕ دەکات، بۆیە کردوومە بە رەمز چونکە رەمزێکی کوردییە، پێموایە رەنگە هەموو ماڵێک چەکێکی وای تێدابێت.
 
رووداو: بەڵام لەو هەموو مۆرکە کوردییە، بۆ نموونە شتی دیکەمان هەیە، گوێزمان هەیە و هەنگوینی کوردیمان هەیە، بۆچی کڵاشینکۆفت هەڵبژارد؟
 
میلان جاف: ئاخر چۆن گوێز دەخرێتە نێو راپەوە، راپ و گوێز پێکەوە ناگونجێت، بەڵام کڵاشینکۆف و راپ پێکەوە دەگونجێت.
 
رووداو: لە راپەکانی خۆتدا لە یوتیوب، بەو شێوەیە خۆت پیشان دەدەیت کە کەسێکی گانگستەری و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی خۆتە و هێڵسینکی لەژێر کۆنترۆڵی خۆتایە، پۆلیسیش وا دەڵێت، لە ڤیدیۆکەشا هەروا دەردەکەوێت، خەڵکێکی زۆرت لە دەوروبەرە، بابەتی زیندان و شەڕ و ئەم شتانە، ئەمە تاکو چەند ژیانی راستی خۆت بووە؟
 
میلان جاف: لە ژیانی راستیدا من حەز دەکەم یارمەتی زۆر خەڵک بدەم و هەر واش بووم، بەڵام لە سۆشیاڵ میدیا و گۆرانی، ئەوە ژیانێکی دیکەیە، وەک ئەکتەرێک چۆن لە فیلمێکدا خۆی پیشان دەدات، دەبێت لە گۆرانیشدا هەر وابێت و هیچ جیاوازییەکی نییە، وەک ئەکتەرێک وام لە سۆشیاڵ میدیا و لە گۆرانییەکانم لە یوتیوب، ئەوە تەنیا نواندنە ولە ژیانی راستیدا من کەسێکی دیکەم.
 
رووداو: چۆنیت؟
 
میلان جاف: نەرم و نیانم.
 
رووداو: رۆژێکی ئاساییت لە فینلاند چۆن دەستی پێ دەکرد، چیت دەکرد؟
 
میلان جاف: جاری وا بوو کارم دەکرد.
 
رووداو: کارت دەکرد؟ 
 
میلان جاف: بەڵێ کارم دەکرد.
 
رووداو: چ کارێکت دەکرد؟
 
میلان جاف: کاری دووکان لەگەڵ هاوڕێدا، شوێنی شوشتنی ئۆتۆمبێل و ئەوانە هەبوو، لەگەڵ کاری رێستورانت، ئەوانەشم کەمێک کردووە، هەروەها کاری "رێمۆنتی" نازانم بە کوردی چی پێ دەڵێن.
 
رووداو: دیلیڤەری؟
 
میلان جاف: نەخێر، ریمۆنتی ئەوەیە کە دەچیت لە ماڵێک کار دەکەیت.
 
رووداو: نوژەنکردنەوە؟
 
میلان جاف: بەڵێ نوژەنکردنەوە و ئەوانەشم کردووە
 
رووداو: بەردەوام کارت دەکرد؟ 
 
میلان جاف: قوتابخانەشم دەکرد ئەو کاتە، وەرزشیشم دەکرد، بەردەوام وەرزشم دەکرد.
 
رووداو: چیرۆکی تۆ لەگەڵ زیندان چۆنە؟ ئەوە دەزانین لە کۆتایی ٢٠١٧ تۆ گەیشتوویتە فینلاند، تەمەنت ١٦ ساڵ بووە کاتێک کوردستانت جێهێشتووە، ٢٠١٦ جێتهێشتووە و ٢٠١٧ گەیشتوویت، تەمەنت ١٧ ساڵ بووە، کاتێک دەبیتە ١٨ ساڵ دەچیتە هێڵسینکی، لەوێ زمان دەخوێنیت بەڵام خوێندنی دیکە ناکەی، بەڵام هەر زوو تۆ رووبەڕووی زیندان دەبیتەوە، چەند جار چوویتە زیندان؟
 
میلان جاف: دوو جار، یەکەم جاریان دوو مانگ بوو. 
 
رووداو: ساڵی چەند بوو یەکەمجار؟
 
میلان جاف: ساڵی ٢٠٢٠
 
رووداو: تۆ کۆتایی ٢٠١٧ گەیشتوویت، دوو ساڵ دوای گەیشتنت کەوتیتە زیندانەوە، بە چ تۆمەتێک؟ شەڕ؟
 
میلان جاف:  شەڕ و ئەوەی کە ماڵی یەکێک بێزار بکەیت و دزیکردن، بەڵام دواتر دزیکردنەکەیان هەڵوەشاندەوە، لەسەر شەڕکردنەکە و ئەوی دیکەیان حوکمیان دام.
 
رووداو: چەند حوکم درای ئەو کاتە؟ 
 
میلان جاف: ئەو کاتە ساڵ و پێنج مانگ بوو، بە وردی بیرم نایات، دوو مانگ لە زیندان مامەوە، دوازدە مانگی دیکەی حوکمەکەم لە دەرەوە بوو لەژێر چاودێری پۆلیس، دەبوو هەفتانە سەردانی پۆلیس بکەم.
 
رووداو: ئەی جاری دووەم؟
 
میلان جاف: جاری دووەم دەستگیرکرام.
 
رووداو:  لەسەر ئەو تۆمەتانەی دیکە کە باسم کرد؟
 
میلان جاف: بەڵێ، لەسەر ئەو کێشانە بوو.
 
رووداو:  چەند ساڵ حوکم درای؟ دادگایەکەت چەندی خایاند؟ 
 
میلان جاف: زۆری خایاند، دوو ساڵ دادگایی بوو. 
 
رووداو:  ساڵی چەند بوو دووەم جار؟
 
میلان جاف: ساڵی ٢٠٢١ دەستیپێکرد تاوەکو ٢٠٢٣ 
 
رووداو:  دوو ساڵ لەسەر یەک تۆ هەواڵی میدیاکان بوویت؟
 
میلان جاف: تۆزێک جیاوازە دادگەی ئەوێ وەکو ئێرە نییە، لەوێ ئەگەر حوکمیان دای بە دڵت نەبێ دەتوانی بیبەیتە دادگەی گەورەتر. 
 
رووداو: چەند حوکم درای لە دادگەی خوارەوە؟ 
 
میلان جاف: 10 ساڵ سزادرام
 
رووداو: تانەت لێدا؟
 
میلان جاف: دوو دادگە هەبوو، یەکێکیان 10 ساڵ، ئەوەی دیکەیان چوار پێنج مانگ دوای ئەوەی هەر 10 ساڵی دیکەیان بۆ داوا کردم، واتە ٢٠ ساڵ.
 
رووداو: لە کۆتایی بووە چەند؟
 
میلان جاف: لە کۆتاییدا بە هەموویەوە نزیکەی 9 ساڵ بوو، ئەو 10 ساڵەی کە داوا کرابوو لابرا چونکە هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو کە من ئەو کارەم کردبێت، بۆیە ئەوە لابرا، ئەوەی دیکە 10 ساڵیان پێدام، من قبووڵم نەکرد و بردمە دادگەی گەورە، لەوێ 10 ساڵەکەیان بۆ کردمە 6 ساڵ و 2 مانگ، حوکمەکانی دیکەش بە هەمووی نزیکەی 9 ساڵی کرد.
 
رووداو: بەڵام تۆ تاوەکو ئێستا هەر مافی پەنابەرێتیت هەبوو لەوێ؟ پاسپۆرتت نەبوو؟
 
میلان جاف: تەنیا مافی پەنابەریم هەبوو.
 
رووداو: ئەو شەش ساڵەت چۆن بەسەربرد؟ لە ٢٠٢١وە دەستی پێکرد، هەر لە زیندان بووی، ئەو ڤیدیۆیانەی من بینیومە دووەمجارە کە لە زیندانی وایە؟ هەردووکی هەر شەڕە؟
 
میلان جاف: بەڵێ
 
رووداو: کەشی نێو زیندان چۆن بوو؟
 
میلان جاف: لە زیندانی ئەوێ، بۆ من قورسیان کردبوو لەسەرم، چونکە دەیانوت تۆ ستریت گانگیت و سەرۆکیانی، منیان خستبووە بەشە مەترسیدارەکان، لەوێ شەڕ زوو زوو روویدەدا، ئیتر پیاو نایەتە ژێر شەڕەوە، بەڵام لەوێ رۆژانە زۆر کەم دەخراینە دەرەوە، جاری وا بوو سێ کاژێر لە رۆژێکدا.
 
رووداو: رووبەڕووی چەند شەڕ بوویتەوە، دووانی بە ڤیدیۆ هەیە، چەند شەڕی دیکەت کردووە؟ 
 
میلان جاف: پێموایە دە پازدە شەڕێک. 
 
رووداو:  لەوێش زیندان گرووپ گرووپە و هەرکەس گرووپی خۆی هەیە؟
 
میلان جاف: بەڵێ ئەوەش هەیە
 
رووداو:  دوژمنت هەبوو لەنێو زیندان؟ 
 
میلان جاف: هەبوون کە حەزیان لێم نەبوو. 
 
رووداو:  کێ بوون ئەوانەی دژت بوون؟ 
 
میلان جاف: عەرەبی تێدا بوو، فینلاندیشی تێدا بوو، لەگەڵ جەماعەتی "لیڤی".
 
رووداو: تۆ کاتێک لە زیندان بوویت، دوای ئەوە لە مانگی ٩ی ٢٠٢٥ فینلاند بڕیاریدا پەنابەرێتییەکەت هەڵبوەشێنێتەوە و دیپۆرتی کوردستان بکرێیتەوە، بەڵام سەرەتا تۆ تانەت لێدا، دواتر خۆت تانەکەت کێشایەوە و گوتت من خۆم دەگەڕێمەوە، ئارەزوومەندانە دەچمەوە بۆ کوردستان، ئەمە چۆن بوو؟ دوای چوار ساڵ لە زیندان؟
 
میلان جاف: لە مانگی هەشتی 2025 لە زیندان هاتمە دەرەوە و بردیانم بۆ کەمپی داخراو، حەزم کرد بڕۆمەوە، گوتم با بڕۆمەوە بۆ کوردستان، گوتم با بچمەوە بۆ کوردستان خۆ ئەگەر حەزم لێ بێت دەگەڕێمەوە فینلاندم تاقەتم نەمابوو لەوێ و لە زووشەوە لەوێ بووم، تاقەتیشم نەبوو چاوەڕێ بکەم، ئیتر گوتم بۆ نەڕۆمەوە، وڵاتی خۆمان زۆر خۆشترە لە فینلاند.
 
رووداو: بەڵام تۆ دەڵێیت ئەگەر حەزم لێ بێت دەچمەوە، بەپێی بڕیارەکەی دادگای فینلاند تۆ بۆ هەمیشە لە فینلاند قەدەخەی، لە هەموو وڵاتانی شینگن قەدەخەی، بۆت نییە پێ بخەیتە نێو ٢٩ وڵاتەوە تاوەکو لە ژیاندا بیت لەسەر ئەم گۆی زەوییە؟ 
 
میلان جاف: ئەوە جارێ دادگەییەکەم ماوە، سکاڵام ماوە لەوێ، ئێستا من بە حەزی خۆم هاتوومەتەوە، بەڵام وازم لە پرسەکە نەهێناوە، بۆیان نییە بۆ هەتاهەتا قەدەخەم بکەم، هەر ١٠ ساڵە، بەڵام ئەوەش هەر لەسەر کاخەزە و هیچی دیکە نییە.
 
رووداو: چۆن تەنیا لەسەر کاخەزە؟ 
 
میلان جاف:  برادەرانم کە لەگەڵم بوون، دووان سیانێکیان نێردرانەوە، ئێستا لە ئیتاڵیا و فەرەنسان، برادەری دیکەشم زۆرن ئاوا بەو شێوەیە، واتە هیچ نییە و تەنیا کاخەزە.
 
رووداو: ئەگەر بە فڕۆکەخانە بچیت تەنیا کاخەز نییە، بەڵام رێگەی تایبەتی خۆتان هەیە؟ 
 
میلان جاف: بەڵێ
 
رووداو: شتێک سەیرە بەلامەوە، بۆ بابەتی هاتووچۆ، دادگە شوێنێکت لێ قەدەخە دەکات، ئێستا لەگەڵمدا قسە دەکەیت و دەڵێیت چوونەوە زۆر ئاسانە، ئەم هەموو سیستمەی جیهان، ئەم هەموو کۆنترۆڵی سنوورە کە هەیە، هێشتا ئەوەندە ئاسانە بۆ ئێوە کە هاتووچۆ بکەن بەنێو ئەورووپادا؟
 
میلان جاف:  ئێمە نییە، هەر خۆمم
 
رووداو:  ئەوەندە ئاسانە بۆ تۆ هاتووچۆ بکەی، هەر کات بتەوێت بچیتەوە؟
 
میلان جاف: ئەوە نییە لە کوردستانەوە ئەوانەی دەچن هەموویان دەگەن
 
رووداو: هەموویان ناگەن
 
میلان جاف: من دەگەم
 
رووداو: ئەوەندە ئاسانە بۆت؟
 
میلان جاف: بەڵێ
 
رووداو: مەبەستەکەم ئەوەیە ئەم هەموو تەکنەلۆژیای جیهان کە هەیە، ئەم هەموو هەوڵ و ملیاران پارەیەی یەکێتیی ئەورووپا خەرجی دەکات، هێشتا نەگەیشتووەتە ئەوەی رێگە لە میلان جاف بگرێت؟
 
میلان جاف: من نەمگوتووە دەڕۆمەوە، کوردستان زۆر خۆشە و هەر ناڕۆمەوە.
 
رووداو: گەڕایتەوە ئێرە، کەیسەکەت لە دادگە ماوە لەوێ، گوتت لەوێ بێزار بووم، بەڵام تۆ لەوێ ستایلی ژیانت زۆر جیاواز بوو، دەتوانی وەکو جاران لێرە بژیت؟
 
میلان جاف: بەڵێ دەتوانم، چونکە من شەڕ بە کەس نافرۆشم، لێرەش کوردستان جیاوازە و هەمووی خزم و کەسوکارە، خەڵکی ئێرە زۆر بەڕێزترن لەوانەی ئەوێ، ئەو شەڕ و شتانەی کردوومە زۆربەی بەهۆی هاوڕێ کوردەکانەوە بووە بۆ یارمەتی، لێرە ئەو هاوڕێ فینلاندییەی لەگەڵمە بردوومەتە نێو بازاڕ و پیشانم داوە ئەو هەموو پارەیە لەو بازاڕە کەوتووە کەس نایەت دزی بکات، یان ئەو هەموو زێڕ و شتانە لێرە کەس نایات دزی بکات، کەس شەڕ ناکات، هەمووی وەکو برا وایە، لێرە زۆر ئاسایی دەژیم و من هەر کوردم، شێوەی ژیانی ئەوێ هیچ نییە.
 
رووداو: پێشبینیت چۆن بوو پێش ئەوەی بچیت بۆ ئەورووپا لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا؟ ئەوە دەرچوو کە خۆت بیرت لێ کردبووەوە؟
 
میلان جاف: کە بیرم لێکردەوە حەزم کرد بڕۆم ببم بە شتێک و یارمەتی خەڵک بدەم، یارمەتی خەڵکی فەقیر و هەژار.
میلان جاف: بوویتە بە شتێک، بەڵام شتەکە چۆنە ئەوە خەڵک بڕیاری لێ دەدات؟ فینلاند دەڵێت نەبووە بە شتێکی باش، یارمەتی خەڵکیشدا داوە بەڵام لە شەڕدا؟
 
میلان جاف: ئەگەر تەماشای بکەین فینلاند رەگەزپەرستترین وڵاتی ئەورووپایە، چۆن هەموو ساڵێک یەکەمینن لە خۆشبەختترین وڵات، لەوەشدا هەر یەکەمن، بەڵام راستیش نییە کە دڵخۆشترین وڵات بن، هەر نازانم چۆنە، حەزم لێکرد ببم بە شتێک، هەمیشە لە منداڵییەوە حەزم لە کاراکتەر بووە، زۆرحەزم لە فیلم بوو و حەزم بە ئاکشن بوو.
 
رووداو: من خەڵک دەناسم کە لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا دەژین، خەڵک دەناسم هەر لەو ساڵانەی کە تۆ چوویت یەک دوو ساڵ پێش تۆ چوون و ئێستا پاسپۆرتیشیان هەیە و لە بواری هونەردا کار دەکەن و هیچ کێشەیەکیان نییە، رۆژێک ڕێیان نەکەوتە پۆلیس، بەڵام چۆنە تۆ چوویتە ئەوێ و تووشی ئەم هەموو کێشەیە بوویت؟ چی روویدا؟ خۆت پێتوایە لە کوێدا هەڵەت کرد؟
 
میلان جاف: لە شەڕی یەکەمدا لەگەڵ ئەو برادەرەی کە بۆم باس کردی، یەکەمجار شەڕمان بوو دوای ئەوە سوڵحمان کرد بەڵام گوتمان با هەر شۆو بکەین و بە خەڵک نەڵێین سوڵحمان کردووە، گوتمان با لە سۆشیاڵ میدیا بەردەوام بین، دوای ئەوە هەر بۆ نمایش شەڕێکمان رێکخست و شەڕەکەمان کرد، لەوێوە بابەتەکە تۆزێک گۆڕا، بە نیازی ئەوە نەبووم لەوێ ببم بە گانگستەر، یان ببم بە کەسێکی وا، هەرگیز حەزم بە ئازاردنی خەڵک نەبووە، بەڵام ئیتر کە ئەوانە روویدا خەڵکیش شەڕت پێ دەفرۆشێت و پێ بە پێ کێشەکان هەمووی هاتن و وا بوو، قەدەری خودا بوو، نازانم بڵێم چی.
 
رووداو: کەواتە لەو خاڵەوە، هاوڕێیەکت هەبوو شەڕت لەگەڵیدا هەبوو و سوڵحت لەگەڵ کرد؟
 
میلان جاف: هاوڕێم نەبوو، کەسێکی بەناوبانگ بوو و بووە دەمەقاڵێمان لە سۆشیال میدیا، دوای ئەوەی سوڵحمان کرد و ئاشتبووینەوە، بەڵام گوتمان با لە سۆشیال میدیا بەردەوام بین، دوای ئەوەی بۆ نواندن شەڕێکم رێکخست.
 
رووداو: شەڕەکەتان کرد بە ناچاری؟
 
میلان جاف: بەڵێ 
 
رووداو:  بەڵام سوڵحتان کردبوو، بۆچی شەڕتان کرد؟
 
میلان جاف: ئەو گوتی با بیکەین عەیبە دوایی دەڵێن شەڕیان نەکردووە، چوینە هۆڵێک و دەستکێشمان کردە دەست و شەڕمان کرد.
 
رووداو: شەڕەکەتان پەخش کرد؟
 
میلان جاف: بەڵێ، ئەو شەڕە ستریم بوو، ئیتر لەوێوە خەڵک شەڕی پێ دەفرۆشتم لەسەر شەقام، منیش منداڵ بووم نەمدەزانی هۆکار چییە، خەڵک لەسەر شەقام دەهات دەیگوت با شەڕ بکەین، خۆ منیش ناڵێم نایکەم.
 
رووداو: من نامەوێت بۆچوونی خۆم دەرببڕم، بەڵام خەڵکی زۆرم بینیوە کە تووشی شەڕ و ئەوانە بوون، هەمیشە ئەو کەسانەی زۆر شەڕانین کە پرسیاریان لێ دەکەیت دەڵێن بەخوا من قەت حەزم لە شەڕ نییە بەڵام خۆی یەخەم دەگرێت، بەڵام هەست ناکەیت خۆت کەسێکی شەڕانیت و حەزت لە شەڕە؟
 
میلان جاف: هەرگیز شەڕ لەگەڵ هاوڕێکانم ناکەم، دەمەقاڵێمان لەگەڵ هاوڕێدا هەبووە بەلام هەرگیز حەزم لەو شەڕانە نییە، هەرگیز شەڕم لەگەڵ هاوڕێی خۆمدا نەکردووە، شەڕەکان وا نەبووە کە بچیت لەسەر شەقام یەخەی یەکێک بگریت، و لێی بدەیت ئەوە شتێکی زۆر ناشرینە، بەڵام ئیتر خەڵکە و وازت لێ ناهێنێت، هاوڕێیە و کوردە و دێت داوای یارمەتی دەکات یارمەتی دەدەیت، من لە پرسەکەدا نەبووم بەڵام تێکەوتووم.
 
رووداو: بەڵام بیرت نەکردەوە لە کۆتاییدا ئەمە شەڕە، خەڵک بۆچی بۆ خۆشییەکانیان پێت ناڵێم لەگەڵمان بە و بۆ شەڕ پێت دەڵێن، بیرت لەمە نەکردەوە؟
 
میلان جاف: شەڕی من تەنیا لەگەڵ گرووپێک بوو، خۆ شەڕم لەگەڵ هەموو فینلاند نەکردووە
 
رووداو: دەزانیت من لە هەموو تەمەنمدا یەکجار ببینیومە گەنجێک لە وڵاتێک دیپۆرت بکرێتەوە، پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەمووی لەنێو پەرلەمان کۆببنەوە و وێنە بگرن و بنووسن میلان جاف خودات لەگەڵ لەکۆڵمان بوویتەوە! ئەم گەنجەش تۆیت، کوردی، خەڵکی گەرمیانیت..
 
میلان جاف: ئەوە شتێکی دیکەی لە پشتەوەیە، کردوویانە بە پرسێکی سیاسی، چونکە ئەوانە رەگەزپەرستانە هەرگیز حەزیان لە پەنابەر نەبووە.
 
رووداو: ئەوانە گرووپی سیاسی راستڕەون؟
 
میلان جاف: بەڵێ راستڕەون و لە هەموو ئەورووپا هەن، ئەوان دۆخیان ئێستا زۆر خراپە، من هەمیشە لە ڤیدیۆکانمدا قسەیان لەسەر دەکەم، هەر وەکو راپەرێک دەرناکەوم و هەر وەکو کەسێک دەرناکەوم کە تەنیا شەڕ بکەم، من گۆرانی دەڵێم و دەربارەی سیاسەت قسە دەکەم لەوێ، ئەوان پێیان ناخۆشە، ئەو گرووپە ئێستا دۆخیان زۆر خراپە چونکە کە هاتنە سەر دەسەڵات گوتیان وا دەکەین کە چیدیکە وڵات پارە رانەکێشێت و قەرز نەکات، چونکە زۆر قەرزارن، گوتیان دۆخی خەڵک باش دەکەین و کار زیاد دەکەین و 100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنین، بەڵام لە کاتی ئەواندا 100 هەزار هەلی کار کەمکرایەوە، بۆیە ئەم پرسەی منیان بە سیاسی کردووە تاوەکو بڵێن کارێکی باشمان کردووە، لەوێ چەندین هەزار فینلاندی لە زیندانن و 95٪ی زیندانیکراوان فینلاندین بەڵام باسی ئەوان ناکەن، راستە من هەڵەم کردووە و داوای لێبوردنم لێ کردوون، داوای لێبوردن لە کوردەکانی ئەوێش دەکەم کە هەڵەیەکم کردووە و نەمزانیوە، بە رێگەی هەڵەدا رۆیشتووم و خەڵک وا بیر نەکاتەوە کە ئەم رەگەزپەرستانە تەنیا لەبەر من وا دەکەن، ئەوان منیان کردووە بە هۆکارێک و موزایەدەی سیاسیم پێوە دەکەن، چەندین ساڵ پێش ئێستا کە من نەبووم ئەوان هەر دانی خێریان بە پەنابەردا نەناوە، ئێستا دەڵێن پەنابەر تەنیا پارەی حکومەت دەخوات، بەڵام ئەو رەگەزپەرستانە ئێستا تەماشایان کردووە تاوەکو بزانن پەنابەران چەند پارەی باج دەدەن، دەرکەوتووە پەنابەران زۆرترین پارەی باج دەدەن، ئەو رەگەزپەرستانە هەر پارە نادەن، دادەنیشن لە ماڵەوە دەخۆنەوە و لە ژنەکانی خۆیان دەدەن و ئینجا قسەی خراپ لەسەر پەنابەر دەکەن، ئێمەئ پەنابەر لەوێ لە فینلاندییە رەگەزپەرستەکان زیاتر کار دەکەین، ئەوانیش راهاتوون کە دانیشن و کار نەکەن.
 
رووداو: لە هەموو ڤیدیۆکانتدا ئاڵای کوردستان هەیە، باسی کوردستان و کوردبوون دەکەیت، ئێستاش جلێکت لەبەرە کە وێنەی ئالای کوردستانی لەسەرە، ئەم هەستە چییە، دەکرێت بۆم باس بکەیت؟
 
میلان جاف: کورد زۆر نەهامەتی بینیوە لە هەر چوار پارچە، بۆیە بەردەوام خۆم بە کورد دەرەخەم چونکە بۆ من هەر کورد بێت جا رۆژئاوا بێت یان رۆژهەڵات، باکوور یان باشوور، هەر کوێ بیت من ناڵێم ئەوە کوردی ئەوێیە یان ئێرانییە، من هەر بە کوردیان دادەنێم، خەڵکی گەرمیان بم یان سلێمانی و هەولێر من خۆم هەر بە کورد دەزانم و حەز دەکەم یەک بین و یەکدەست بین، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی خۆمان خۆش بکەین و یارمەتی یەکدی بدەین، بەردەوام گوتوومە کە کوردم و حەزم کردووە یارمەتی کوردان بدەم، هەمیشە هەر گوتوومە کوردم و هەرگیز نەمگوتووە عێراقیم، هەمیشە کە پرسیارم لێدەکەن دەڵێم کوردم و کاتێک دەڵێن کوردی کوێ؟ دەڵێم کوردستان، ئەوەش نییە کە رەگەزپەرست بم و رقم لە تورک یان عەرەب بێت، یان سووری و ئێرانی، لە هەموویان هاوڕێم هەن، بەڵام من رقم لەوانەیە کە رقیان لە کوردە.
 
رووداو:  خەڵک لێرە نیگەران بێت کە تۆ گەڕاویتەتەوە؟
 
میلان جاف: نەخێر، چونکە من کەسێکی وا نیم و لەم وڵاتانەی خۆماندا شتی وا نییە، من کەسێکی مافیا نیم، تەنیا گۆرانییەکانم بە ناوی کوردیش مافیاوەیە، تەنیا ناوی گۆرانییەکانە.
 
رووداو: واز لە گۆرانی و راپ دەهێنیت لێرە؟
 
میلان جاف: بە نیازم بەردەوام بم
 
رووداو: سوپاس، من پسیارم نەما
 
میلان جاف: هیوادارم ئەمە یارمەتی خەڵک بدات و پشتیوان بە خودا کەناڵە فینلاندییەکانیش ئەمە دەبینن، بزانن من ئەو کەسە نیم کە باسی دەکەن، ئەو مافیا و شتانە وا نییە، گرووپێکی هاوڕێ بووین، ئەگەر هەڵەیەکمان کردووە لێرەوە داوای لێبوردنیان لێ دەکەین، داوای لێبوردن لە کوردانی فینلاندش دەکەم ئەگەر هەڵەیەکم کردبێت و سوپاس.