هەڵوێستەکان لەدوای کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی
دوای کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان گەشبینن کە ناکۆکییەکان وەلابنرێن و ئامادەکاریی بکرێت بۆ کۆنگرەی نیشتمانی بە ئامانجی یەکخستنی کورد و گەڵاڵەکردنی داواکاریی هاوبەش بۆ پێگەی کورد لە سووریای نوێ.
نەواف رەشید، نوێنەری پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "کۆبوونەوەی هەولێر گرنگییەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە و لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە سەرۆک مەسعود بارزانی رۆڵێکی گرنگی هەبووە."
گوتیشی: "ئێمە نوێنەرایەتیی کوردستانی سووریا دەکەین و لامەرکەزیی سیاسی بە مافی رەوای خۆمان دەزانین لە رۆژئاوای کوردستان."
لە بەرنامەکەدا محەممەد عەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا گوتی: "سەرۆک بارزانی ئامادەیە بۆ پشتیوانیی کورد لە هەرشوێنێکی جیهان بێت و ئێستا ئیدی وادەی ئەوەیە کۆنگرەی نیشتمانی بۆ یەکخستنی کورد ئەنجام بدرێت."
گوتیشی: "پێویستە هەموو لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کۆنگرەی نیشتمانی بەشداربن و پێش کۆنگرەی نیشتمانیش ئەنەکەسە و پەیەنەکە کۆببنەوە و رێکبکەون چونکە قۆناخێکی هەستیار لە رۆژئاوای کوردستان هەیە و پێویستمان بە یەکهەڵوێستییە."
هاوکات عەبدولسەلام بەرواری، سیاسەتڤان گوتی: "گۆڕانکارییەکان لە سووریا زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراون و تاوەکو دەستوور نەنووسرێتەوە سووریا دەوڵەتێکی مەرکەزی دەبێت."
ئەو سیاسەتڤانە باسی لەوەشکرد "سەرۆک بارزانی هەموو هەوڵەکانی بۆ سەرکەوتنی رۆژئاوای کوردستانە و نێچیرڤان بارزانی لێهاتووە و دەتوانێت دۆستایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دروست بکات."
بهشی بكه لە