پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی عێراق و شاندێکی سەربازی چوونە سەرگەڕان

18 February 2025
پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی عێراق و شاندێکی سەربازی چوونە سەرگەڕان
پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و شاندێکی سەربازیی چوونە سەرگەڕان بۆ بەدواداچوونی رێگرییەکانی سوپای عێراق لە کێڵانی زەوی و کارکردنی جووتیارانی کورد.
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: لێکەوتەکانی رێگریی سوپای عێراق لە جووتیارانی کورد ئەرێنی بوون و ئەمڕۆ 50 پەرلەمانتاری کورد پێکەوە سەردانی سەرگەڕانیان کرد.
 
گوتیشی: یەکڕیزیی کورد دژی پەلاماردانی جووتیاران هەیە و وەزیری بەرگری داوای لە سەرۆکوەزیران کردووە دۆسیەی سەرگەڕانیان لێ وەربگیرێتەوە.
 
بە گوتەی یاروەیس چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیار بدات دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە رادەستی پۆلیس بکرێت و ئەرکەکە لە سوپا وەربگیرێتەوە.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، ساتیح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک گوتی: گومانمان هەیە حکومەتی عێراق یاسای گەڕانەوەی موڵک جێبەجێ بکات، بەڵام داوامان لێکراوە دان بە خۆماندا بگرین بۆ چارەسەری کێشەی جووتیاران.
 
گوتیشی: ئێستا رێگریی لە جووتیارانی 5 گوند دەکرێت زەوییەکانیان بکێڵن.
 
هاوکات شوان داودی، نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەم چارەسەرانە وەکو ئازارشکێن وایە بۆ کێشەی جووتیاران، چونکە کێشەی جووتیارانی کورد بە یاسا چارەسەر ناکرێت و پێویستی بە بڕیاری سیاسییە.