ترەمپ دوو هەفتە مۆڵەت دەداتە ئێران
ترەمپ ماوەی دوو هەفتە مۆڵەت دەداتە ئێران و تاوەکو دێت ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە زیاتر دەبن، مامۆستایەکی زانکۆ لە ئەمریکا دەڵێت: ئەمریکا لە لێواری هێرشکردنە سەر ئێرانە.
د. ناسر باباخانی، لێکۆڵینڤان و مامۆستای زانکۆ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئەمریکا لە لێواری هێرشکردنە سەر ئێرانە و ئێران ئامادەیە لە کەرتی وزە و فڕۆکەوانی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکات.
گوتیشی: ئێران جیدییە لە کەمکردنەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان و رووسیا ئامادەیە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران وەربگرێت.
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، وژار فەهری لێکۆڵینڤان و شارەزای کاروباری ئێران گوتی: 20 ساڵە تەنگژەی ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوامە و ئەمریکا تەنیا بە دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران رازی نابێت.
گوتیشی: تێگەیشتنی ئێران بۆ دانوستاندن تەنیا پرۆگرامی ئەتۆمییە و هێزی ئێران بەهیچ پێوەرێک بەراورد ناکرێت بە هێزی ئەمریکا تەنانەت ئێران بە مەرجی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی شوێنی دانوستاندنەکان رازییە بەڵام ئیسرائیل هێڵی سووری لەسەر مووشەکەکانی ئێران هەیە.
بە گوتەی ناسر بابەخانی ئامانجی سەرەکی ترەمپ دروستکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێیە و دەڵێت: ترەمپ سازش لەسەر یۆرانیۆمی ئێران ناکات و ئێرانیش ترەمپ دەناسێت و لە هەڕەشەکانی باش تێدەگات.
بە گوتەی وژار فەهریش هێرشنەکردنی ئەمریکا سەرکەوتنی رێژەیی و سەرەتاییە بۆ ئێران و دەڵێت: ئێران مانەوەی دەسەڵاتەکەی بە سەرکەوتن دادەنێت.
بهشی بكه لە