کامەران مەتین: ئێران سازش لە پرۆگرامی مووشەکی و گرووپە پرۆکسییەکان ناکات

20 April 2026
کامەران مەتین: ئێران سازش لە پرۆگرامی مووشەکی و گرووپە پرۆکسییەکان ناکات
پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: بەم دۆخەی ئێستاوە رێککەوتن لەنێوان واشنتن و تاران ئەستەمە و پێویستە هەردوولا سازش لە بەشێک لە مەرجەکانیان بکەن، پێشبینیش دەکات ئاگربەست درێژ بکرێتەوە تاوەکو گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجامێک.
 
د. کامەران مەتین، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سەسیکس لە بەریتانیا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ئێران لە بەرامبەر راگرتنی جەنگ و رێککەوتن زیاتر لە پرسێکن، هەربۆیە پێناچێت ئێران رازی بێت بە هەموو مەرجەکان و لە چەند دۆسیەیەک سازش ناکات بەتایبەت پرۆگرامی مووشەکی و پاڵپشتیی گرووپە پرۆکسییەکانی لە ناوچەکە.
 
بە گوتەی مەتین، ئێستا جیاوازی بۆچوون لەنێوان دەسەڵاتدارانی ئێران پەیدا بووە و گوتی: کێشەی نێوخۆیی لەنێوان باڵەکانی دەسەڵات لە ئێران هەیە.
 
ئەو پسپۆڕە نێودەوڵەتییە گوتیشی، تاوەکو رادەیەک رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا لەبارەی پرسی ئەتۆمی چاوەڕوانکراوە، چونکە نە ئەمریکا سازش لەو داواکارییەی دەکات و نە ئێرانیش پێداگیریی لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی دەکات، بەڵام لە دۆسێیەکانی مووشەکی و گرووپە پرۆکسییەکان و پرسی هورمز ئێران بە هیچ جۆرێک سازش ناکات تاوەکو رێککەوتن وەکو تەسلیمبوون لێکنەدرێتەوە.