مەلا عومەر دارەتوو: لە هەولێر کڕین و فرۆشن بە رێگەپێدانی حەج کراوە

21 June 2024
مەلا عومەر دارەتوو: لە هەولێر کڕین و فرۆشن بە رێگەپێدانی حەج کراوە
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پێشنوێژ و گوتاربێژێکی ئاینی دەڵێت، لە هەولێر کڕین و فرۆشتن بە رێگەپێدانی حەج کراوە و بە پارە رێگەپێدانی فەرمی حەج بۆ کەسانێک دەرکراون کە بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە حەج و لە سعودیە وەکو حاجیی فەرمی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
 
مەلا عومەر دارەتوو، پێشنوێژخوێن، گوتاربێژ و مامۆستای دیاری ئایینی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رووداو دا گوتی: "جیاوازیی نێوان ئەو حاجییانەی بە ڤیزەی حەج یان ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە حەج تەنیا پارەیە و هیچی دیکە، چونکە حاجییەک کە بە ڤیزەی گەشتیاری بچێتە حەج، تێچووی حەجەکەی کەمترە لە 1500 دۆلار، بەڵام حکومەت 4800 دۆلاری لە هەر حاجییەک وەرگرتووە." 
 
گوتیشی: "ئەم ساڵ حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی هەرزانی دوورەدەست شوێنی مانەوەیان لە سعودیە بۆ دابینکرابوو لەکاتێکدا پارەیەکی زۆریان لەلایەن حکومەتەوە لێوەرگیرابوو و ئەگەر بەپێی ئەو پارەیە بوایە دەبوو لە باشترین شوێنەکان هۆتێلیان بۆ دابینبکرایە."
 
'کڕین و فرۆشتنی رێگەپێدان'
 
بە گوتەی مەلا عومەر دارەتوو، لە هەولێر کڕین و فرۆشتن بە رێگەپێدانی حەجەوە کراوە، دەڵێت، خێزانێکی بینیوە لە حەج لەکاتێکدا بە ڤیزەی گەشتیاریی حەجیان کردووە، بەڵام سەرجەمیان وەکو ئەو حاجییانەی کە لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستانەوە نێردراون رێگەپێدانی فەرمییان بۆ کراوە و خۆیان گوتویانە کە لە هەولێر بە پارە رێگەپێدانەکەیان بۆ دەرکردوون.
 
"ڤیزەی تایبەتی حەج لە هەرێمی کوردستان بە خەڵک فرۆشراوە کە نرخەکەی زیاتر بووە لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی" مەلا عومەر دارەتوو وای گوت.
 
گوتیشی: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکان بەدواداچوون بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کڕین و فرۆشتن بە ڤیزە و رێگەپێدانی حەجەوە دەکەن."
 
'حەج بە ڤیزەی گەشتیاریی دروستە'
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ مەلا عومەر دارەتوو باسی لە دروستی و نادروستی ئەنجامدانی حەج بە ڤیزەی گەشتیاریی کرد و بە گوتەی ئەو هیچ زانایەکی ئاینی ئەو جۆرە حەجە رەتناکاتەوە و دەڵێت: "من 17 ساڵە ناو دەنووسم بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و هەموو ساڵێک رسوماتی مامەڵەکەم لێوەردەگیرێت و تاوەکو ئێستا ناوم نەگەڕاوەتەوە هەربۆیە ئەم ساڵ بە ڤیزەی گەشتیاری چوومەتە حەج و حەجەکەش بەپێی هەموو بنەما ئایینی و شەرعییەکان دروستە."