راوێژکارێکی دۆناڵد ترەمپ میوانی هەوراز گوڵپییە

22 August 2020
راوێژکارێکی دۆناڵد ترەمپ میوانی هەوراز گوڵپییە
گابرێل ساوما: ترەمپ جەخت لە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان دەکاتەوە

ئەندامێکی ئەنجوومەنی راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دۆخی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان زۆر باشترە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و روونیکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە نیازە ژمارەی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە عێراق کەمبکاتەوە.
 
گابرێل ساوما ئەندامێکی ئەنجوومەنی راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردەنەکان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ستایشی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ فەراهەمکردنی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوە جیاوازەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و گوتی" رۆڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی کەشی گونجاوی پێکەوە ژیان لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا جێگەی رێز و ستایشە و دڵنیاین  حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە بە جددی کاری بۆ ئەو پێکەوە ژیانەی کردووەو دۆخی کریستیان، ئێزدی و ئاینزانەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان زۆر باشترە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و تەواوی ناوچەکە".
 
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کورد و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، گابرێل ساوما دەڵێت" ئیدارەی ترەمپ پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لە دۆزی کورد دەکات، بەتایبەتی لە عێراق، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بەهێزن و سەرۆک هەمیشە جەخت لە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان دەکاتەوە".
 
دوای نزیکەی دوومانگی دیکە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، گابرێل ساومای ئەندامی ژووری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ دەڵێت:" دڵنیام ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەباتەوە و جارێکی دیکە دەبێتەوە بە سەرۆک".
دەشلێت" جگە لە کۆمارییەکان، ئەوانەی ئەندامی هیچ یەکێک لە دیموکرات و کۆمارییەکان نین دەنگ بە ترەمپ دەدەن".
 
سەبارەت بە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، گابرێل ساوما دەڵێت" هەردوولا پێویستیان بەیەکدی هەیە، بەدڵنیایەوە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەتەواوی ناکشێنەوە، بەڵام ترەمپ بڕیاریداوە ژمارەیان کەمبکاتەوە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، چونکە پێشتریش بەرلەوەی ببێتە سەرۆک بەڵینیدابوو ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کەمبکاتەوە".
 
رووداوی ئەمڕۆ بەرنامەیەکی رۆژانەیە، شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات. جگە لە رۆژانی دووشەممە و هەینی،
لە کاژێر 22:00 بە کاتی هەولێر لەلایەن هەوراز گوڵپی پێشکەش دەکرێت و سەنگەر ستار پرۆدیوسەریەتی.