یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان: زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەکرێن
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت: تەواوکردنی مامەڵەی ئەو 30 هەزار فەرمانبەرەی بڕیاردراوە خانەنشین بکرێن چەند مانگێک دەخایێنێت و پێویستە وەزارەتی دارایی پلەکانیان بەرزبکاتەوە لەکاتی خانەنشینکردن.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: زۆرێک لە فەرمانگە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تووشی کەمیی فەرمانبەر دەبنەوە بەهۆی خانەنشینکردنی زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر پێکەوە و پێویستە بەپەلە شوێنی ئەو فەرمانبەرانە پڕبکرێتەوە کە خانەنشین دەکرێن.
گوتیشی: ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەکرێن لە 31/12/2024 لەکارترازانیان بۆ دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت رێکارەکانی خانەنشینکردنی فەرمانبەران چوار مانگ بخایێنێت.
بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشینکراون مووچەی مانگی 1ی 2025 وەرناگرن و ئەم ساڵ فەرمانبەرانی لەدایکبووی 1965 خانەنشین دەکرێن.
گوتیشی: پێویستە وەزارەتی دارایی پلەبەرزکردنەوەی ئەو فەرمانبەرانە تەواو بکات کە خانەنشین دەکرێن و ئەگەر قەرەبووی داراییشیان بۆ خەرج نەکرێت لانیکەم پێویستە فەرمانبەران بەو پلەیە خانەنشین بکرێن کە شایستەیانە.
بهشی بكه لە