ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

24 January 2025
ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
هەموارکردنی خاڵێکی یاسای بودجەی عێراق لەبارەی نەوتی عێراق لە پەرلەمان تێنەپەڕی، هەرچەنەدە هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان لەبارەیەوە کردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش دەنگی لەسەر داوە.
 
هەموارەکە بڕی 16 دۆلاری وەکو خەرجی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دانابوو، ئەمە دوو مانگ بەردەوام بێت و لەو ماوەیەدا کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندن بۆ تێچوونی دەرهێنانی نەوتی کوردستان بکات و نرخێک دەستنیشان بکات و هەردوولا بەو نرخە رازی بن.
 
مەحموود بابان، لێکۆڵینڤان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "هەموارێکی نوێی بودجە نێردراوە بۆ پەرلەمانی عێراق و لە هەموارە نوێییەکەشدا خاڵێک لەبارەی گازی هەرێمی کوردستان زیادکراوە."
 
گوتیشی: لە هەمواری نوێی بودجە عێراق داوای تەواوی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
بە گوتەی مەحموود بابان هەمواری نوێی بودجە "رەهەندێکی سیاسی" هەیە نەک "رەهەندی ئابووری" و دەڵێت: "لە کابینەکانی رابردووی حکومەتی عێراقیشدا کاتێک تەمەنی کابینەکە لە کۆتایی نزیک دەبووەوە و وڵات بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆیشت حکومەتی عێراق گوشاری دەخستە سەر هەرێمی کوردستان بۆ هەڵمژینی دەنگی ناڕەزایی سیاسی."
 
هاوکات یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت کە لە لەندەنەوە میوانی رووداوی ئەمڕۆ بوو، باسی لەوەکرد: "کێشەی نەبوونی متمانە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە."
 
بە گوتەی گەڵاڵی حکومەتی عێراق پەشیمان بووەتەوە لە رێککەوتنی هەمواری بودجە و باس لەوە دەکات: "کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەبوون پابەندبن بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا."
 
سەرۆکی رێکخراوی روونبین جەختیکردەوە کە عێراق وەکو بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن گرفت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و نایەوێت پێش هەڵبژاردن هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.