نێردەی UN داوای دەکات دەرفەت بە گفتوگۆی هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی سووریا بدرێت

24 January 2025
نێردەی UN داوای دەکات دەرفەت بە گفتوگۆی هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی سووریا بدرێت
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆسەر هەسەدە بەردەوامە، تورکیاش دەڵێت، "ئەگەر شەڕ لە نێوان سووریا و هەسەدە رووبدات ئێمە ئامادەین هاوکاری سووریا بکەین."
 
لەلایەکی دیکە، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بۆ جاری دووەم شاندی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا کۆببێتەوە، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا هەردوولا لەسەر پێکهێنانی دوو لیژنە رێککەوتبوون، بەڵام هێشتا ئەو دوو لیژنەیە کارا نەکراون، کە یەکێکیان سەربازییە و ئەوەی دیکە کارگێڕی.
 
د. عەبدولباست سەیدا، سیاسەتڤان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دەڵێت: "دیموکراسی بە تەنیا هەموو کێشەکانی سووریا چارەسەر ناکات و سووریا زیاتر لە پێکهاتەیەکی تێدایە و چەندین ساڵە مافی زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێشێل دەکرێت، هەربۆیە ئێستا هەمووان چاویان لەوەیە مافی خۆیان وەربگرنەوە."
 
ئەو سیاسەتڤانە گوتیشی: پێویستە مافەکانی کورد لە دەستووری سووریا بچەسپێت.
 
د. عەبدولباست سەیدا لەبارەی هەڵوێستەکانی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی هێزەکانی تەحریر شام رایگەیاند: "ئەحمەد شەرع خواستی خۆی بۆ دەوڵەتی مەدەنی نیشانداوە و لێدوانەکانیشی لەبارەی کوردەوە تاوەکو ئێستا گوتارێکی باش بوون."
 
باسی لەوەشکرد دەوڵەتی نوێی سووریا "نابێت لەسەر بنەمای ئایین دروستبکرێتەوە و نابێت ئەزموونی ئەفغانستان لە سووریا دووبارە بکرێتەوە."