رووداو گۆرانی ئەم 'کاتەت باش'ی کۆمسای بڵاودەکاتەوە

رووداو گۆرانی ئەم 'کاتەت باش'ی کۆمسای بڵاودەکاتەوە
خانمە گۆرانیبێژی کورد کۆمسای، نویترین کلیپی خۆی بە ناوی ئەم کاتەت باش بۆیەکەمجار لە شاشەی رووداوەوە بڵاودەکاتەوە.
لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆو تەلەفزیۆنی رووداو، کۆمسای روونیکردەوە، لەبەر ئەوەی رووداو شایەنی ئەوەیە کە باشترین کلیپەکانی تێدا بڵاوبکرێتەوە، بۆیە بڕیاریدا بۆیەکەمجار کلیپەکەی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوبکاتەوە. 

هەرچەندە ماوەی نۆ مانگە کلیپی 'ئەم کاتەت باش' ی کۆمسای تەواوبووە، بەڵام بڵاوینەکردووەتەوە، کۆمسای لە بەرنامەکەدا هۆکارەکەی ئاشکراکرد و گوتی:" لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو کلیپەکەم تەواوکراوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتی کوردستان و دواتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە دواکەوت، بڕیارمدا لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بۆیەکەمجار لە شاشەی رووداوەوە بڵاوبکەمەوە".
کۆمسای ماوەی چەند ساڵێکە لە شاشەی تیڤییەکانەوە دوورە و کەمترین هەواڵ لەسەری بڵاودەکرێتەوە، لەو بارەیەوە کۆمسای دەڵێت:" ماوەی حەوت ساڵە هەڤپەیڤینم لەگەڵ هیچ دەزگایەکی راگەیاندن نەکردووە، لەوە دڵنیابووم کە رووداو جگە لەوەی گرنگی بەلایەنی هەواڵی سیاسی دەدات، لەگەڵیشیدا گرنگییەکی زۆری  بە هونەرمەندان داوە، بۆیە دڵخۆشبووم بەوەی دوای ئەو هەموو ماوە زۆرە لە رووداوەوە دەرکەوم و هەڤپەیڤین بکەم".


لەنێو کلیپەکەی کۆمسای چەندین ئاماژەی تێدایەو کۆمسای رەتیکردەوە ئاماژەکانی نێو کلیپە نوێیەکەی هیچ مەبەستێک لەدواوە هەبێت و تەنیا بۆ جوانکاری بەکاریهێناوە.

لەو 25 تراگەی گۆرانییەکانی کۆمسای زۆربەیان ریتمی خێران، لەو بارەیەوە کۆماسای دەڵێت:" هونەرمەندی باش دەتوانێت بە ستایلی جیاواز گۆرانی بڵێت،کاتێک بەریتمی خێرا گۆرانیم گوت خەڵک پێشوازییەکی باشیان لێکرد و هەستمکرد خەڵک زیاتری حەزیان بە گۆرانییەکانی ریتمی خێران".
 
کۆمسای گوتیشی:" هەوڵمداوە دۆزی نەتەوەکەم لە گۆرانییەکانمدا رەنگبداتەوە و هەروەها دەمەوێ ئازادی کچانی وڵاتەکەم لە کلیپەکانم دیاربخەم و توانیومە تائەندازەیەکی زۆر دڵی کچان بەدەستبێنم".

کۆمسای سوپاسی خەڵکی باشووری کوردستانی کرد، کە هەمیشە و ئێستاش رێزی زۆریان لێگرتووە، بەڵام ئاشکرایکرد، کەمترین پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەندانی کورد هەیە و سەرسامی خۆشی بە توانا و بەهرەکانی نەجمەددینی غوڵامی گۆرانیبێژی گەورەی کورد دەربڕی.

کۆمسای باسی چیرۆکێکی خۆی لەگەڵ  یاسمین  لێڤی، خانمە گۆرانیبێژی ئیسرائیلی  ئاشکراکرد و گوتی:' لە مناڵییەوە سەرسامی دەنگ و ئاواز و بوێری یاسمین  لێڤی گۆرانیبێژی ئیسرائیلیم، کاتێک گۆرانی باوەشم بڵاوکردەوە، کلیپی گۆرانییەکەم بۆی نارد و داوام لێکرد چاوم پێیبکەوێت، هەرچەندە لەو بڕوایەدابووم هەرگیز وەڵامم نەداتەوە،کەچی دوایی خۆی پەویوەندی پێوەکردم و پێی گوتم کاتێک گوێبیستی گۆرانی باوەشت بووم گریام".
گۆرانی ئەم کاتەت باش لە میلۆدی کۆمسایە و بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزییە و کاری میوزیک و دابەشکردنی لەلایەن نۆیانبەوە بۆکراوەو تێکەڵە لە میوزیکی کوردی و بیانی.
 
رووداوی ئەمڕۆ، بەرنامەیەکی رۆژانەیە هەفتەی پێنج رۆژ پێشکەش دەکرێت لە کاژێر 21:00 بەکاتی هەولێر.
 
ئەم بەرنامەیە شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات.
 
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ هیوا جەمال پێشکەشی دەکات و سەنگەر ستار پرۆدیوسەری بەرنامەکەیە.