رووداوی ئەمڕۆ؛ هیندستان کورسیی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات

25 April 2025
رووداوی ئەمڕۆ؛ هیندستان کورسیی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات

مادان گۆپاڵ: خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داوای کورسی خوێندن لە زانکۆکانی هیندستان بکەن

کۆنسوڵی هیندستان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت لەرووی بازرگانی و کوولتوری و پێدانی ڤیزای گەشتیاری و دابینکردنی کورسی خوێندن پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر بەهێز بووە و پێدانی ڤیزایان بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 20٪ زیادکردووە.

مادان گۆپاڵ، کۆنسوڵی هیندستان لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە پەیوەندییەکانی هەولێر و نیودەلهی دەکات و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وردەکاریی سەرانی گرووپە هوونەرییەکان لەنێوان هەردوولا دەکات.

لە بەشێکی بەرنامەکەش دەڵێت: لەم مانگەدا بەرنامەی سکۆلارشیپی هیندی کە لەلایەن ICCR-ەوە پاڵپشتی دەکرێت، کارایە بۆ بۆ خوێندکارانی عێراقی و کورد و هەموو ساڵێک ٧٥ خوێندکار دەنێرین بۆ خوێندن لە هیندستان و ئێستا خوێندکاران لە هەرێمی کوردستانەوە دەتوانن داوای کورسی خوێندن بکەن لە زانکۆکانی هیندستان.

دەقی گوتەکانی مادان گۆپاڵ، کۆنسوڵی هیندستان لە هەرێمی کوردستان:

رووداو: پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهات و گەشەسەندنەکانی ئەم پەیوەندییانە چین؟

مادان گۆپاڵ: پێش ئەوەی دەست پێبکەم، با لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە پیرۆزبایی لە ئێوە و  رۆژنامەڤانانی کورد بکەم کە یادی ١٢٧ـەمین ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییە. بەیانی لە رۆژنامە و میدیاکاندا بینیم. خۆشحاڵم کە پیرۆزبایی لە هاوڕێ رۆژنامەنووسە کوردەکانمان دەکەم لەم بۆنەیەدا.

لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستانەوە، خۆشحاڵم کە لەو کاتەوەی کونسوڵخانەکەمان لە هەولێر لە ئابی ٢٠١٦دا کردووەتەوە، پەیوەندییەکانمان بە باشی دامەزراون و پێش دەکەوێت و وەک کونسوڵخانە کە سەرەتا تەرکیزمان لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانە، کە خزمەتگوزاریی کونسوڵییە، ئێمە کونسوڵخانەیەکی تەواو کارایین لێرە و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکەش دەکەین، لە هەموو جۆرە ڤیزایەکەوە، ئەمە لە بەغدا سەربەخۆیە. هەروەها خزمەت بە هاووڵاتییانی هیندی و کۆمەڵگەی هیندی لە هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەمە سەرنجی سەرەکیی خزمەتگوزارییەکانمانە بۆ هاوڕێ کوردەکانمان و هاوڵاتییانی هیندی. هەڵبەتە لایەنی دیکەی پەیوەندییەکانمان هەن، کە بازرگانی، فەرهەنگی، پەیوەندیی نێوان خەڵکە کە دڵنیام باسی دەکەین.

رووداو: با لە بازرگانییەوە دەستپێبکەین، هیچ خەمڵاندنێک هەیە لەبارەی بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی و مامەڵەی بازرگانی لە نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان؟

مادان گۆپاڵ: تا ئەوەندەی پەیوەندیی بە داتاوە هەیە، داتای جیاواز نییە بۆ هەرێمی کوردستان بە داخەوە، دڵنیا نیم لەوانەیە دەستەی ئاماری کوردستان یان شتێکی لەو جۆرە هەبێت کە ئەم داتایانە کۆبکاتەوە، دڵنیا نیم بەڵام بۆ ئێمە داتای گشتگیر بۆ عێراق کۆکراوەتەوە و عێراق هاوبەشێکی گەورەی بازرگانییە بۆ هیندستان، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی نەوتی خاو هاوردە دەکەین کە هیندستان نزیکەی بە بەهای ٣٠ ملیار دۆلار نەوتی خاو لە عێراقەوە هاوردە دەکات. بەڵام شتی باش ئەوەیە کە ئێمە هەروەها هەندێک کاڵا و خزمەتگوزاری هەناردەی عێراق دەکەین، بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستانیش. لە ماوەی ٢١ مانگی رابردووی مانەوەم لە هەولێر، دەبینم بازرگانانی هیندی گرنگیی زیاتر دەدەن. سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن یان بازرگانانی کورد دەچن بۆ هیندستان بۆ دۆزینەوەی دەرفەت، بۆیە لەو رووەوە خۆشحاڵم کە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بە باشی بەڕێوە دەچێت، گەشە دەکات و هاوکاریی زیاتر لە کاروباری بازرگانیدا دەبینین.

رووداو: ئەو کاڵا سەرەکییانە چین کە هیندستان هەناردەیان دەکات بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان؟

مادان گۆپاڵ: بە گشتی ئەگەر بەراوردی بکەیت چوار - پێنج یان رەنگە ١٠ کاڵا هەن کە گرنگن لە رووی قەبارەی بازرگانییەوە برنج یەکێکیانە ئێمە هەناردەکەرێکی باشین، عێراق بازاڕێکی گرنگە بۆ ئێمە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەبینم لە هەر شوێنێک کە برنجی هیندی، برنجی بەسمەتیی هیندی بە باشی دەفرۆشرێت و نزیکەی ٢٥٪ی بازرگانییەکە لە برنجەوە دێت ئەمەش نیشان دەدات کە بە بەهای نزیکەی زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بەهای برنج هەناردە دەکەین و دڵنیام هاوردەکەری گەورەی برنج لە هەرێمی کوردستانیش هەن.

بەرهەمەکانی تر کە لە ئێستادا سەرنجیان دەخەین سەر لێرە ئامێری پزیشکی و دەرمانن کە نزیکەی ١٠٪-١٢٪ـی پشکی هەناردەی هیندی پێکدێنن، پاشان بەرهەمەکانی گۆشت کە بڕێکی باش لە گۆشت و بەرهەمەکانی گۆشت هەناردەی عێراق دەکرێن بۆ هەرێمی کوردستان، کە من بە تایبەتی تێبینیم کردووە کە کاشیی سیرامیک خەریکە دەبێتە باو لە هەرێمی کوردستان و لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەشەکانی تری عێراقیش بڕاندی باشی هیندی لە هەولێر و بەشەکانی تری هەرێمی کوردستان و شارەکانی تری عێراق هەن، ئەمەش کەرتێکی گرنگە کە هیندستان بە باشی کاردەکات لە رووی هەناردەکردن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چەند کەرتێکی دیکەش هەن وەک پارچەکانی ئۆتۆمبێل یان تایە، پاتری، کارەبایی.

لە هەر شوێنێک دەڕۆم دەبینم زۆربەی هاوردەکردن لە قوماش، بەتایبەتی قوماشی ژنانە، لە هیندستانەوە هاوردە دەکرێت ئەمەش بەشدارییەکی گرنگە لە هەناردەی هیندی بۆ عێراق.

رووداو: کاتێک باسی هیندستان دەکەین، بێگومان فەرهەنگ بەشێکی گەورەیە لە هیندستان، لە رووی فەرهەنگییەوە، وەک کونسوڵخانە چیتان کردووە لێرە بۆ نزیککردنەوەی هەرێمی کوردستان و هیندستان لە رووی فەرهەنگییەوە؟

مادان گۆپاڵ: با پێت بڵێم، لەو کاتەوەی لە تەمموزی ٢٠٢٣وە هاتوومەتە ئێرە، شتێکی باش کە زۆر باوە بوونی سینەمای هیندی یان بۆلیوودە لە هەرێمی کوردستان، خەڵک هێشتا پێوەی پەیوەستن. پێموایە ئەوە خاڵی دەستپێک بوو کە یارمەتیدەر بوو لە گەشەپێدانی پەیوەندییە کەلتوورییەکانمان لە رێگەی فیلمە هیندییەکانەوە. خۆشحاڵم پێت بڵێم کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، وەک وڵاتی سەرەکی بەشداریمان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک کرد. فیلمی هیندی لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش کران، چونکە تەوەرەکە وەرزش بوو، فیلمێکی هیندی بەناوبانگی شاروخ خان، "چیک دی ئیندیا" لەوێ نمایش کرا و تەنانەت چەند دەرهێنەرێک و ئەندامێکی لیژنەش لە هیندستانەوە هاتبوون. ئەمە رووداوێکی گرنگ بوو بۆ نیشاندانی فەرهەنگمان لە رێگەی فیلمەوە و خۆشحاڵم کە بوونی ئێمە لە رێوڕەسمەکاندا جێی خۆشحاڵیی هەموان بوو. من خۆم بەشداریم کرد.

ئەمە لایەنێکە کە لە فەرهەنگەوە دەستمان پێکرد، بەڵام با ئەوەشت پێ بڵێم کە لە دوو ساڵی رابردوودا، ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی لەنێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان هەبووە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا تیپێک بە ناوی "فۆڵک شەیر" کە تیپێکی هونەریی فۆلکلۆری و سەمای دهۆک بوو چوو بۆ هیندستان بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "کوللو داشارا" و لە چەندین شوێنی هیندستان نمایشیان پێشکەش کرد لە بەرامبەردا گرووپێکی مۆسیقا بە ناوی "تال یاترا" سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە بۆنەی ساڵیادی مەهاتما گاندی نمایشێکی تایبەتیان پێشکەش کرد، ئەمە لە ٢٠٢٣دا بوو و خۆشبەختانە لە ٢٠٢٤ـیشدا ئەم هاوکارییە فەرهەنگییەمان بەردەوام بوو، تیپێکی میوزیکی ١٢ کەسی لە سلێمانییەوە سەردانی هیندستانیان کرد بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هونەری فۆڵکلۆر و موزیک و سەما لە نیودەلهی، لە بەرامبەردا گرووپێک بە ناوی "دان سمیت" لە هیندستانەوە هات بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک. لە سەردانەکەیاندا چەندین نمایشیان پێشکەش کرد لە ئاکرێ، هەولێر، سلێمانی و دوا بەرنامەیان لە پارکی پێشمەرگە لە ناوەڕاستی شاری هەولێر بوو کە خەڵکێکی زۆر رەنگە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس بەشدار بوون و لە کریسمسدا دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخسا نمایش پێشکەش بکەن بۆ بینەرێکی زۆر و خۆشەویست، بۆیە دەتوانی بڵێی بە شێوەیەکی رێکخراو لە دوو ساڵی رابردوودا ئاڵوگۆڕی تیپی موزیکی و فەرهەنگیمان هەبووە.

رووداو: کەواتە چاوەڕێی بوونی زیاتری گروپی کەلتووری و هیندی دەکەین لە هەرێمی کوردستان و گروپی کوردیش لە هیندستان لە بۆنەکاندا، زۆر کەس دەیانەوێت یان دەچن بۆ هیندستان بۆ خوێندن، ئایا سکۆلارشیپ یان بەرنامەتان هەیە تاوەکو خەڵک لێرە داواکاری پێشکێش بکەن و دەرفەتی خوێندنیان دەست بکەوێت لە هیندستان؟

مادان گۆپاڵ: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە گرنگە، بەتایبەتی ئێستا لەم مانگی نیسانەدا بەرنامەی سکۆلارشیپی هیندی کە لەلایەن ICCR-ەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەرنامەیەکی بەهێزی سکۆلارشیپمان هەیە بۆ خوێندکارانی عێراقی و کورد، هەموو ساڵێک ٧٥ خوێندکار دەنێرین بۆ خوێندن لە هیندستان وەک بەشێک لەم بەرنامەیە و ئەم ژمارەیە لە زیادبووندایە، دوا رۆژی پێشکەشکردنی داواکاری لەم مانگەدایە، ٣٠ی نیسان، لە رێگەی پلاتفۆرمی رووداوەوە دەمەوێت هانی بەشداریی زیاتری خوێندکارانی کورد بدەم بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ئەم بەرنامە گرنگ و پڕبایەخەی سکۆلارشیپ، حکومەتی هیندستان پاڵپشتیی دەکات، هەر لە پێشکەشکردنی داواکارییەوە تا بلیتی گەشت و ڤیزا.

رووداو: هەموو شتێک؟

مادان گۆپاڵ: هەمووی لەسەر حکومەتی هیندستانە، لەگەڵ بڕێک پارەی مانگانە بۆ مانەوە، خەرجیی ژیان لە هیندستان، خوێندن، کتێب و شتی دیکە. ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە.

رووداو: باشە، بەڵام بۆ کوێ بچن داواکاری پێشکەش بکەن؟

مادان گۆپاڵ: با شتێکی سادە بڵێم، ئێستا تەکنەلۆژیایە، بەهۆی گووگڵەوە  زۆر ئاسانە بگەڕێن بۆ ICCR Scholarship، یەکەم پەڕە کە دێت پۆرتاڵی سکۆلارشیپەکەمانە و پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینی روون و کراوەیە بەبێ دەستێوەردانی هیچ کەسێک. داواکاری پێشکەش دەکەیت لەو سکۆلارشیپەدا بە تۆمارکردن و رێگەیەکی زۆر ئاسان و گونجاوەوە بەبێ دەستتێوەردانی کونسوڵخانە یان هیچ لایەنێکی تر، شتی باش ئەوەیە دەرفەت هەیە لە چەندین بواری خوێندندا، لە بەکالۆریۆسەوە تا ماستەر و تەنانەت دکتۆرایش. داوا دەکەم رووداو تیشک بخاتە سەر ئەمە.

رووداو: ئەمە دەرفەتێکی باشە. 

مادان گۆپاڵ: تەنیا شتێک هەیە، چونکە زمانی خوێندنمان ئینگلیزییە، با خوێندکارانی کورد بزانن کە دەبێت ئینگلیزی بزانن، ئاستێکی سەرەتایی ئینگلیزی پێشمەرجە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ئەم سکۆلارشیپانە.  کاتێک پرۆسەی تۆمارکردن تەواو دەبێت، داتاکان دێنە لای ئێمە، لەوێوە رۆڵی ئێمە دەستپێدەکات، دوای کۆتایی وادە و هەموو تۆمارکردنەکان، ئێمە لە پۆرتاڵەکەمانەوە کە دەرفەتی چوونەژوورەوەمان هەیە، یەک بە یەک بانگیان دەکەین و رێنونییان دەکەین و زانیاریی زیاتریان پێدەدەین، گومانەکانیان دەڕەوێنینەوە، یارمەتییان دەدەین بۆ تەواوکردنی کاروبارەکانی پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکان و رێنوێنییان دەکەین کە کام بەش باشترە بۆیان بەپێی بواری خوێندنیان هەموو شتێک زۆر روونە بەبێ هیچ دەستێوەردانێک. 

رووداو: دوا پرسیارم لەبارەی گەشتیارییە، ئێستا خەڵک زیاتر دەچن بۆ هیندستان، مانگانە یان ساڵانە چەند ڤیزا دەدەن؟

مادان گۆپاڵ: لەوکاتەوەی دەستمان بە خزمەتگوزاریی ڤیزا کردووە، بە تێپەڕبوونی کات، ژمارەی ئەو ڤیزایانەی کە کونسوڵخانەی هیندستان لە هەولێر دەریاندەکات لە زیادبووندایە، لە ٢٠٢٣دا نزیکەی ٥٠٠٠ ڤیزامان داوە، لە ٢٠٢٤دا نزیکەی ٦٠٠٠، دەتوانی بڵێی پێدانی ڤیزا نزیکەی ٢٠٪ زیاد بووە. 

رووداو: لە ساڵێکدا؟

مادان گۆپاڵ: لە ساڵێکدا کە مانگانە بە تێکڕا دەکاتە نزیکەی ٥٠٠ ڤیزا، واتە رۆژانە ٢٥ ڤیزا، بە لەبەرچاوگرتنی ٢٠ رۆژی کارکردن لە مانگێکدا، ئەمە ژمارەیەکی باشە و مانگ بە مانگ، ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە زۆرینەی ڤیزاکان بۆ گەشتی پزیشکین، چونکە هیندستان بە کوالێتی و خزمەتگوزاریی پزیشکی بە نرخێکی گونجاو ناسراوە، هەروەها زۆر دوور نییە لە هەولێر یان هەرێمی کوردستانەوە؛ لە ماوەی رۆژێک و چەند کاژێرێکدا دەتوانی بگەیتە هیندستان. لەم دواییانەدا خواست لەسەر ڤیزای گەشتیاری، بازرگانی و خوێندن زیاد بووە، ئەمەش نیشانی دەدات کە خەڵکی کورد زیاتر گرنگی بە هیندستان دەدەن، بێگومان هەڵمەتی "هیندستانی سەرسووڕهێن"مان هەیە کە هەمیشە پەرە بە گەشتیاری دەدات و خۆشحاڵم کە لێرە کاریگەریی لەسەر خەڵک هەیە و خەڵکی کورد زیاتر داوای ڤیزای گەشتیاری دەکەن.