د.فەرهاد عەلائەدین: شیعە و سوننە چاوەڕێی یەکێتی و پارتی ناکەن بۆ رێککەوتن
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق رایدەگەیێنێت، لایەنە شیعەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار سەرکەوتووبێت، باسلەوەشدەکات رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار وادەکات پەرلەمان ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە و سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە.
رۆژی دووشەممە 25-7-2022، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دیاریکرد، کە محەممەد شیاع سوودانییە، د.فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق دەڵێت، نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا تاوەکو دوایین ساتەکانیش "حەزی دەکرد خۆی بەربژێر بکات" بەڵام لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە دەنگدان لەنێو خۆیاندا بەربژێری سەرۆکوەزیرانیان دیاریکردووە.
محەممەد ساڵح عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە، لە تویتەر، وێنەی کەسێکی رەشپێستی بڵاوکردەوە و بە توانجەوە نووسیویەتی: سوودانی لەگەڵ سێبەرەکەیدا تەوقە دەکات. ئەمە سەرەتایەکی خێر نییە بۆ سوودانی.
د.فەرهاد عەلائەدین پێیوایە، ئەوە تەنیا توانجێکە کە لە شیاع سوودانی دەدرێت، تاوەکو ئێستا سەدرییەکانیش هیچ دژایەتی و رەتکردنەوەیەکیان بۆ بەربژێرەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەبووە، بەڵکو موقتەدا سەدر بەکشانەوەی لە پەرلەمان خۆی رێگەی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردەوە کە حکومەت پێکبهێنن، ئێستا سەدرییەکان دەیانەوێت ئۆپۆزیسیۆنێکی جەماوەریبن.
محەممەد شیاع سوودانی لەو سەرکردانەی نێو ماڵی شیعەیە، کە بە سەرکردەکانی هێڵی دووەم یان نەوەی دووەمی سیاسییەکانی شیعە هەژمار دەکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق دەڵێت، ئێستا لەنێو شەقامی شیعە و تەنانەت مەرجەعیەتیش لەگەڵ ئەوەدابوون بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران لە سەرکردەکانی هێڵی یەکەم نەبێت، کە بە درێژایی 19 ساڵی رابردوو تاقیکراونەتەوە، بەڵکو لە سەرکردە گەنجەکانی هێڵی دووەم بێت.
بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، خاڵی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتییە، هەرچەندە گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بەردەوامن، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان نەبووە و هەردوولایان سوورن لەسەر بەربژێری خۆیان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق پێیوایە، کورد هێشتا ناکۆکن و لەئاستی نێوخۆیی خۆیاندا نەیانتوانیوە یەکگرتووبن و بەربژێرێکی هاوبەشیان هەبێت، ئەمڕۆ لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی پارتی سووربوونی خۆیان لەسەر بەربژێرەکەی خۆیان دووپاتکردوە، بێگومان یەکێتیش لەسەر بەربژێرەکەی سوورە و بۆیە ئەگەر دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018 بەهێزە و ئەو پرسە لە پەرلەمان یەکلادەکرێتەوە.
لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، د. فەرهاد عەلائەدین، باسلەوەدەکات، شیعە و سووننە هاوشێوەی ساڵی 2014 چاوەڕوانی کورد ناکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت و کۆبوونەوەی پەرلەمان. هەروەک ئێستا لایەنە کوردییەکانیش دابەشبوون و بەشێک لە لایەنە کوردییەکان بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ئەگەریش پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەش بکات، یەکێتی بەشداری دەکات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، شیاع سوودانی تێگەیشتنی بۆ پرسی کورد باشە و خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، بەڵام چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بڕیاری سیاسی و رێککەوتنی سیاسی دەوێت لەنێوان هەولێر و بەغدا.