عارف قوربانی: پارتی و یەکێتی لەرووی ستراتیژییەوە ناکۆکن

30 April 2025
عارف قوربانی: پارتی و یەکێتی لەرووی ستراتیژییەوە ناکۆکن

 

رووداو دیجیتاڵ

نووسەرێکی دیاری هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە لە قەیراندایە و خەریکە تووشی چەقبەستن دەبێت، یاریکردنیش بە کات کوردستان لەو تەڵەزگەیە رزگارناکات کە پارتی و یەکێتی بۆ ئەزموونەکە دروستیانکردووە.
 
عارف قوربانی، نووسەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "پارتی و یەکێتی هەریەکەو روو لە دۆڵێکن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش کە شەرعیەتیان لەلایەن گەلى کوردستانەوە بۆ چوار ساڵ پێدراوە، ئەوە وا نزیک دەبێتەوە لەوەى چوار ساڵى دیکەش بە ناشەرعى بچێتە سەر تەمەنیان، ئەم دوو حیزبە لە خەمى نوێکردنەوەى رەوایەتییەکەیدا نین."
 
ئەو نووسەرە گوتیشی، لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هاوئاهەنگییان نییە و "دۆخی هەرێمی کوردستان دۆخێکی شێواوە".
 
بە گوتەی قوربانی هەوڵێکی جیدی نییە بۆ بەگەڕخستنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: هەرێمی کوردستان پێویستە پەلە بکات لە شەرعییەت دانەوە بە دامەزراوەکانی، چونکە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان نائومێد دەبێت.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئەو نووسەرە گوتی: پارتی و یەکێتی ئەگەر نییەتیان هەبێت پێویستیان بەو هەموو کۆبوونەوەیە نییە، بەڵام ئەم دوو هێزە هیچیان ئامادەی سازان نین لە دانوستاندنەکان.
 
عارف قوربانی رەخنەی تووندیش لە پەرلەمانتاران دەگرێت و دەڵێت، "پەرلەمانتارانیش نەیانتوانیوە لە بازنەى وابەستەیى و سەردەمى نوێى کۆیلایەتى خۆیان دەربازبکەن و لە ئاستى متمانەى دەنگدەرەکانیان بن، ئازایەتیی ئەوە بنوێنن لەو بازنەیە خۆیان دەربازبکەن و بچنە سەر کارەکانیان لە پەرلەمان."
 
عارف قوربانی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بە جۆرێک لە بێدەنگکردنى خەڵک و دروستکردنى هیواى بێبنەما ناودەبات و دەڵێت، "بۆ کەسانى هۆشیار، پرۆسەکە روون و ئاشکرا دیارە کە تەنیا یاریکردنە بە کات."