پلانی حکومەت بۆ رووبەڕووبونەوەی بێکاری

پلانی حکومەت بۆ رووبەڕووبونەوەی بێکاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن رووبەڕووی بێکاری دەبێتەوە و پلانی چییە؟ لەم بەرنامەیەدا هیوا جەمال لەگەڵ میوانەکانی لەسەر ئەم پرسیارە لەگەڵ میوانەکانی دەدوێت و ئەوە دەخاتەڕوو کە رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان چەندە و هۆکارەکانی چین.

لەم بەرنامەیە میوانەکان بریتین لە د. زاگرۆس فەتاح بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. عارف حیتۆ بەڕێوەبەری کار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشیار مالۆ پسپۆڕ لە یاسا و شارەزا لە کۆمەڵگەی مەدەنی.

زاگرۆس فەتاح رایدەگەیەنێت، لەهەرێمی کوردستاندا کە 5.3 ملیۆن دانیشتووانی هەیە، ئەو کەسانەی تەمەنیان بۆ کارکردن گونجاوە ژمارەیان نزیکەی 3.1 ملیۆن کەسە، لەوانە 1.2 ملیۆن کەس هیچ کارێک ناکەن و ناشیانەوێت کار بکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە 1.3 ملیۆن کەسە کە بەشێکی کار دەکات و بەشێکی بێکارە.

هاوکات د. عارف حیتۆ بەڕێوەبەری کار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت ئەوان شەش بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی پیشەییان هەیە لە هەرێمی کوردستان کە کاران و راهێنان بەو کەسانە دەکەن کە بێکارن بۆ ئەوەی فێری پێشەیەکیان بکەن.

لای خۆیەوە هۆشیار مالۆ دەڵیت، دەبێت حکومەت تەنیا دامەزراندن نەڕەخسێنێت بەڵکو هەلی کار بدۆزێتەوە بۆ خەڵک، باس لەوەش دەکات کە یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە ئەو یاسایانەی کاری پێدەکرێت کۆنن و لەگەڵ بیرۆکە نوێیەکانی ئێستادا یەک ناگرێتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتدا.