گڵەزەردە و زانا فەلەکناسەکەی

04 May 2021
گڵەزەردە و زانا فەلەکناسەکەی

لە ئەڵقەی شازدەهەمی بەرنامەی (خاکی پیرۆز) دا، حەسەن مەحموود حەمەکەریم، لێکۆڵەری مێژووی کورد دەچێتە گوندی (گڵەزەردە) لە پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی باس لە گرنگیی ئەو دەڤەرە و کەسایەتییە دیارەکانی بکات. گوندی گڵەزەردە دەکەوێتە نێوان چیای بەرانان و چیای قەرەداخ، بەسەر بەشێک لە دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. نێوبانگی گڵەزەردە بۆ یەکێک لە بنەماڵەکانی بەرزنجە دەگەڕێتەوە کە نزیکەی 400 ساڵ پێش ئێستا چوونەتە گوندی گڵەزەردە.

حەسەن مەحموود باسی یەکێک لە کەسایەتییەکانی ئەو گوندە دەکات کە لە چەندین بواردا توانای زۆری هەبووە، یەکێک لەوانەش زانستی فەلەکناسی بووە و دەڵێ، دیار نییە ئەو هەموو شارەزاییەی لەکوێوە هێناوە.. ئەو کەسایەتییە شێخ حەسەنی گڵەزەردەیە کە ساڵی 1665 لەدایکبووە، کوڕی سەید محەممەدی سەید عەلی وەنگەرێنەیە. شێخ حەسەن لای باوکی وانە سەرەتاییەکانی زانستی ئیسلامی دەخوێنێت، پاشان دەچێتە قەڵاچۆلان، لەوێ لای شێخی نەسیمی و شێخی چۆڕی و شێخ عوبەیدوڵڵای وەنگەرێنەیی دەخوێنێ. دوای ئەوەی مۆڵەتی زانستی وەردەگرێت، لای باوکیشی خەلافەت وەردەگرێت و دەبێتە خەلیفە و مۆڵەتی ئیرشادی پێدەدرێت و بەناوچەکاندا دەگەڕێت، پاشان لە کۆتایی تەمەنیدا دەچێتە گڵەزەردە، لەوێ کۆمەڵێک کاری زانستی دەکات و ساڵی 1765 هەر لە گڵەزەردە کۆچی دوایی دەکات و گۆڕەکەشی هەر لەوێیە.

هەر لە باسی شێخ حەسەنی گڵەزەردە، حەسەن مەحموود دەڵێ، کەسێکی خۆشنووس بووە، قورئانێکی بە خەتی خۆی نووسیوە، بەڵام ئەو قورئانە ئێستا دیار نییە. شێخ حەسەن 8 کوڕی هەبووە، خەلافەتی پێداون و هەریەکەیان بۆ شوێنێک رۆیشتوون، یەکێکیان بۆ مەرگە و یەکێک بۆ کەرکووک، یەکێکیان دەچێت بۆ قەرەداخ، یەکێکیش دەچێت بۆ گەرمیان و لە هەموو شوێنەکان خەریکی ئیرشاد و تەریقەت دەبن. شێخ حەسەنی گڵەزەردە کاتێک دەچێتە دێی گڵەزەردە، دێیەکە ئاوەدان دەکاتەوە، تەکیەیەکی گەورە و مزگەوتێکی بۆ دروست دەکات، ئەو ماوەیەی کە لەوێ بووە، موریدێکی زۆر لە هەموو لایەکەوە روویان لەوێ کردووە، قوتابخانەیەکی زانستی زۆر گەورەی لە مزگەوتەکەدا هەبووە. کۆمەڵێکی زۆر لە زانایانی کوردستان لەوێ پەروەردەکراون.

یەکێ لە کارە گرنگەکانی شێخ حەسەنی گڵەزەردە، ئەوەیە کە دوو کتێبی لەسەر زانستی پزیشکی هەیە، بەناوی (طب-کیمیا)، دوو کتێبیشی لەسەر (فەلەکناسی) نووسیوە، ئەمە جیا لەوەی چوار خاڵی لەسەر چیاکان هەبووە بۆ چاودێریی ئاسمان و ئەستێرەکان. کتێبێکی بەناوی (زانستی فەلەکی) هەیە کە تێیدا باسی چۆنیەتی خۆرگیران و مانگگیران دەکات، واتە پێشتر خەڵکی لە روودانی خۆرگیران و مانگگیران ئاگادار کردووەتەوە. شێخ حەسەنی گڵەزەردە دوو کتێبیشی لەسەر شەرع نووسیوە بەناوەکانی ( فرائس و علوم الشريعة)، دوو کتێبی دیکەی لەسەر روحانیەت نووسیوە بەناوەکانی (اسماءاللە الحسنی) ئەوەی دیکەش لەسەر رۆحانیەتە کە چۆن مرۆڤ دەچێتە نێو خۆیەوە. واتە بۆ هەموو زانستێک دوو کتێبی بەهێز و پڕ زانیاری نووسیوە.

بەهۆی ئەو چوار خاڵەی لەسەر چیا بۆ چاودێریی ئاسمان دروستی کردوون، شێخ حەسەن خەڵکی ناوچەکەی لە هاتنی یادەکان و جەژنەکان ئاگادار کردووەتەوە. لە مزگەوتەکەشی 3 خاڵی چاودێری دروستکردووە، یەکێکیان وەک رۆژژمێرێک وابووە بۆ خەڵکی نەخوێندەوار کە ئەوکات زۆرینەی خەڵک نەخوێندەوار بوونە، لە دیوارەکاندا ساڵەکەی بۆ دیاریکردوون هەم بە وەرز هەم بە رۆژ، بە کارێکی ئەندازەیی کاری لەسەر تیشکی خۆر کردووە کە لە چوار کڵاوڕۆژنەوە تیشکەکە هاتووەتە ژوورەوە و بەوە خەڵکی نەخوێندەوار زانیویانە ئەمڕۆ چەندی مانگە و چ وەرزێکە، لەگەڵ چەندین وردەکاریی دیکە.

بەرهەمی ساڵی 2021