کاک ئەحمەدی شێخ؛ رابەرێکی جیهانی

05 May 2021
کاک ئەحمەدی شێخ؛ رابەرێکی جیهانی

لەم ئەڵقەیەی بەرنامەی (خاکی پیرۆز)دا، بە کەسایەتییەک ئاشنا دەبین کە دواتر دەبێتە رابەرێکی جیهانیی تەریقەت، ئەویش (حاجی کاک ئەحمەدی شێخە) و مەزارەکەی لەنێو مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانیدایە. کاتێک ئیبراهیم پاشای بابان شاری سلێمانیی دروستکرد، یەکەم کارێک کە لەو شارە کردی، دروستکردنی مزگەوتی گەورە بوو بۆ شێخ مارفی نۆدێ کە باوکی حاجی کاک ئەحمەدی شێخە، ئێستا گۆڕی هەریەک لە کاک ئەحمەدی شێخ، گۆڕەکەی شێخ مەحموودی حەفید، کە کاک ئەحمەدی شێخ باپیرە گەورەی بووە و بەگشتی گۆڕی 35 کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە، لەنێو ئەو مزگەوتەدان، ئەوە جگە لە گۆڕی 18 کەسی دیکە لە بنەماڵەی میرەکانی بابان.

کاک ئەحمەدی شێخ، ساڵی 1792 لە گەڕەکی شێخان بە دووریی 100 مەتر لە مزگەوتەکە لەدایک بووە، لای باوکی فێری هەموو زانستەکانی فیقهـ و شەریعە دەبێت و لەژیر دەستی باوکی خوێندن تەواو دەکات. بە گوێرەی گێڕانەوەکان، سەلما خانی دایکی کاک ئەحمەدی شێخ داوا لە شێخ مارفی نۆدێ دەکات و دەڵێ تۆ دوعای چاک دەکەی بۆ ئەو هەموو ژنە و منداڵیان دەبێت، دوعایەکیش بۆخۆمان بکە، ئەویش دوعایەک بۆ خێزانی دەکات و دەڵێ بیخە گیرفانتەوە، پاشان خودا کوڕێک بە سەلما خان دەبەخشێت و دەبێتە زانایەکی گەورە. ئەو کوڕە لەبەرئەوەی تاقانە بووە، شێخ مارفی نۆدێ خۆی پەروەردەی دەکات و وانە ئاینییەکانی فێر دەکات و دەیکاتە خەلیفەی خۆی.

کاتێک شێخ مارف کۆچی دوایی دەکات، کاک ئەحمەدی شێخ دەبێتە جێگرەوەی و لەنێو مزگەوتەکە کۆمەڵێک ژوور دروست دەکات و دەیکاتە حوجرەیەکی گەورە و کۆمەڵێکی زۆر لە زانایان دەهێنێ بۆئەوەی بە باشی وانە بە فەقێیەکان بڵێنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە خەلیفە و زانایان پێدەگەیێنێت. بەمەش دەبێتە رابەری تەریقەتی قادری نەک لە کوردستان و عێراق، بەڵکو لە هەموو جیهاندا. ئێستاش بەشێکی زۆری خەڵکی سلێمانی سوێند بە گۆڕەکەی کاک ئەحمەدی شێخ دەخۆن، تەنانەت پیرەمێردی شاعیر دەڵێت من تەنیا لەبەر خاتری کاک ئەحمەدی شێخ لە ئیستانبوڵەوە گەڕامەوە سلێمانی.

حەسەن مەحموود باسی هۆکاری گەڕانەوەی پیرەمێردی شاعیر بۆ سلێمانی دەکات و دەڵێت: کاتێک کە پیرەمێردی شاعیر لەگەڵ سەعید نورسی لە زیندان بوونە و فەرمانی لەسێدارەدان بۆ 90 کەس دەرچووە، لەو ژمارەیە 70 کەسیان لەسێدارە دەدرێن، ئەو شەوەی کە نۆبەی ئەوان دێت بۆ ئەوەی لەسێدارە بدرێن، پیرەمێرد خەون بە کاک ئەحمەدی شێخەوە دەبینێت و لە خەونەکەدا دڵخۆش دیار بووە و بەدەمیانەوە پێکەنیوە و قسەی بۆ کردوون، سەعید نورسیش دەڵێت مانای ئەو خەونە ئازادبوونی ئێمەیە، بەیانی بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەردەچێت و ئازاد دەکرێن، هەربۆیە پیرەمێرد لە ئیستانبوڵەوە بڕیار دەدات بگەڕێتەوە سلێمانی بۆ ئەوەی خزمەتی مزگەوتی گەورەی سلێمانی و رۆشنبیری لە سلێمانی بکات.

بەرهەمی ساڵی 2021