مێژووی سازان و ژیانی شێخ موئمینی سازانی

11 May 2021
مێژووی سازان و ژیانی شێخ موئمینی سازانی

لە ئەڵقەی 22ـەمینی بەرنامەی (خاکی پیرۆز)دا کە بەرنامەیەکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداوە. حەسەن مەحموود حەمەکەریم، لێکۆڵەری مێژووی کورد دەچێتە گوندی (سازان) لە پارێزگای هەڵەبجە بۆئەوەی باس لە گرنگیی ئەو ناوچەیە لەڕووی مێژوویی و ژیانی کەسایەتییەکانی ئەو دەڤەرە بکات. گوندی سازان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەڵەبجە بە دووریی 13 کیلۆمەتر، دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری سیروان بە دووریی دوو کیلۆمەتر و دوو کیلۆمەتریش لە سنووری ئێرانەوە دوورە. هەروەها دەکەوێتە نێوان شاخەکانی ماکوان، شنروێ، باڵانبۆ، کۆزیل و کۆتەک. ئەو دێیە لە کۆندا 75 ماڵی تێدابووە، بەڵام ئێستا یەک ماڵیشی تێدا نەماوە.

لە سازان قەڵایەکی دێرین هەیە بەناوی سازان- ساسان، و دەڵێن سازان لە ساسانەوە هاتووە. قەڵاکە لەم دواییانە هەندێک کنە و پشکنینی تێدا کراوە و هەندێک لە ئاسەوارەکانی بردراوە، بە دووریی سێ کیلۆمەتر بە بۆڕی ئاو لە بەڵخ-ـەوە بۆ قەڵاکە هاتووە، لە خوار قەڵاکەش کۆمەڵێک ئاسەواری کۆن هەن. دەڵێن گوایە ئافرەتێک حوکمی ناوچەکەی کردووە ناوی زێڕین کەفش بووە، یان کەفش زێڕین، دەڵێن گوایە جووتێک پێڵاوی بە دیاری بۆ هاتووە لە زێڕ دروستکراوە، چیرۆکی سەیر لەبارەی ئەو ئافرەتەوە باس دەکرێت.

یەکێکی دیکە لەوانەی هەر لەو ناوچەیە حوکمی کردووە، ئافرەتێکە بەناوی زیبا خانم، بەڵام مێژووەکەیان زۆر دیار نییە. گوایە زیبا خانم کورسییەکی لە بەرد داتاشراوی سپی بۆ دروستکراوە، تاوەکو 20-30 ساڵ پێش ئێستا ئەو کورسییە مابوو، بەڵام ماوەیەکە دیارنەماوە. هەر لەو ناوچەیە کۆمەڵێک ئاسەواری سەیر دۆزراونەتەوە، یەکێک لەوانە سینییەکی زێڕی گەورە و کۆمەڵێک قاپی زێڕین دۆزراونەتەوە، لە هەموویان گرنگتر پەیکەرێکە نزیکەی 20 کیلۆ دەبێت و لە کانزایەکی سەیر دروستکراوە و وێنەی زولقەرنەین (ذوالقرنين- خاوەن دوو شاخ)ی لەسەرە، هەمان ئەو پەیکەرەیە کە لە شوێنەکانی دیکە هەیە و هەمان شێوەی زولقەرنەینی هەیە.

بە گوتەی ئەو لێکۆڵەرە، ئەگەر زولقەڕنەین ئەسکەندەری مەکدۆنی بێت، مێژووەکەی پێش 2300 ساڵە، بەڵام ئەگەر ئەو زولقەڕنەینە بێت کە خودا لە قورئاندا باسی دەکات، مێژووەکەی بۆ بەر لە 5 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە ژیانی کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو دەڤەرە، حەسەن مەحموود دەڵێ: ئەوەی سازانی ناودار کردووە، مەزاری پیاوێکی گەورەیە بەناوی (شێخ موئمینی سازانی) کە کوڕی سەید حوسێنی سەید ئیبراهیمی شەهابەدینی هەمەدانییە و بە حەوت پشت هەموویان زانا و شێخی گەورە بوونە، بە تایبەت شێخ شەهابەدین لە هەمەدان.

لەباسی شێخ موئمیندا، حەسەن مەحموود دەڵێ: کاتێک خێزانی شێخ موئمین دەگوازنەوە بۆ سنە، ئەو لە سەوڵاوە لە ساڵی 1130ی کۆچی لەدایک دەبێت، پاشان کە گەورە دەبێت، لەوێ دەیخەنە بەر خوێندن و شارەزاییەکی زۆر پەیدا دەکات، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ مەریوان و پاشان پاوە. دوای پاوە دەچێتە خورماڵ و لای مەلا جەلالی خورماڵی کۆمەڵێک وانە دەخوێنێ و پاشان دەچێتە خەرپانی کە مەلا عەبدوڵڵای خەرپانی لەوێ دەبێت. لەنێوانی خەرپانی و خورماڵ ماوەی 10 ساڵ لەوێ دەژی و دەبێتە هاوڕێ و خۆشەویستی ئەو دوو پیاوە، ئەوان دەیبەن بۆ لای شێخ حەسەنی گڵەزەردە، لە گڵەزەردە دەورەی تەمەسوکی پێ تەواو دەکەن، لەبەرئەوەی پیاوێکی زۆر زیرەک دەبێت دەیکەن بە خەلیفە.

شێخ موئمین پیاوێکی بەتوانا دەبێت لەڕووی نووسینی شیعرەوە، کۆمەڵێک نووسینی گرنگی هەیە. هەر لەناو سازان سێ کتێبی گەورە دەنووسێت، دوو لەو کتێبانە بزرن، بەڵام دانەیەکیان ماوە بەناوی (کنز الاحاديث) کە کتێبێکی قەبارە گەورەی 500 لاپەڕەییە و کراوە بە دوو بەش، بەشی یەکەمیان باسی تەریقەت دەکات، بەشی دووەمیان کۆمەڵێک چیرۆکی خۆی و مێژووی خۆی و بنەماڵەکەیان دەگێڕێتەوە.

شێخ موئمین لە کتێبەکەیدا باسی ئەوە دەکات کە دەبێت تەریقەت لەسەر بنەمای شەریعەت بێت، هەر کەسێک تەریقەت تەواو بکات و نەچێتە ناو شەریعەتەوە پیاوێکی گومڕا و شێتە، دەشڵێ هەر مورید و خەلیفەیەک باسی تەریقەت بکات بەبێ شەریعەت درۆزنە، ئەو پێیوایە تەریقەت دەریایە و شەریعەتیش بەلەمە پێی دەپەڕیتەوە، بۆیە هەر کەسێک بەلەمی نەبێت تەریقەتی چەند بەهێزبێت ناتوانێت بپەڕێتەوە ئەوبەر.

بەرهەمی ساڵی 2021