گۆڕی سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس لە کوردستانە؟
لە ئەڵقەی یەکەمی بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی (خاکی پیرۆز) دا کە حەسەن مەحموود حەمەکەریم، لێکۆڵەری مێژووی کورد پێشکەشی دەکات، چیرۆکە نەزانراوەکان دەربارەی شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان و گۆڕ و مەزاری کەسایەتییە دیارەکان دەگێڕێتەوە. هاوکات چیرۆکى ئەو شوێنانە و گرنگترین بەسەرهاتە مێژووییەکانیان بەشێوەیەکى مەیدانى دەگێڕێتەوە و بە بەڵگەی مێژوویی قسە لەسەر شوێنەوارەکان و چیرۆکەکانیان دەکات.
لەم ئەڵقەیەدا حەسەن مەحموود دەچێتە گوندی دێلێژە لە ناوچەی قەرەداخی سەر بە پارێزگای سلێمانی. گۆڕێک لەم گوندەدا هەیە کە بە گۆڕی "ئەسحابە درێژ" ناسراوە و وا بڵاوە کە ئەمە گۆڕی سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسی فەهری، خاڵی پەیامهێنی ئیسلامە. لەبەرئەوەش بە ئەسحابە درێژ ناوی رۆیشتووە چونکە درێژیی گۆڕەکە 14 مەترە.
سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسی فەهری یەکێک بووە لە سەرکردەکانی موسوڵمانان کە لە ساڵی 16ی کۆچیدا دەبێتە سەرکردەی فتوحاتی ئیسلامی لە ناوچەی عێراق.
دوای ئەوەی موسەننای کوڕی حارس ئەلشەیبانی کۆچی دوایی دەکات، عومەر کوڕی خەتتاب، خەلیفەی دووەمی موسوڵمانان، سەعد کوڕی ئەبی وەقاسی فەهری دەکاتە سەرکردەی فتوحاتی ئیسلامی لە عێراق، ئەویش لە شەڕی قادسیە سەرکەوتوو دەبێت، پاشان هێرش دەکاتە سەر مەدائین، مەدائین دەگرێت و دەگاتە گوڵاڵە و خانەقین.
حەسەن مەحموود لەبارەی ژیانی سەعد کوڕی ئەبی وەقاس دەڵێت: کە عومەر کوڕی خەتتاب کۆچی دوایی دەکات، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەدینە و بەشداریی فتوحات ناکات تاوەکو لە شاری مەدینە کۆچی دوایی دەکات. واتە چیرۆکی گۆڕەکەی گوندی دێلێژە بێ بنەمایە.
حەسەن مەحموود چیرۆکی درێژیی ئەم گۆڕە و چۆنیەتی دروستبوونی دەگێڕێتەوە و دەڵێ: هیچ هاوەڵێکی پەیامهێن نەبووە درێژیی باڵای 14 مەتر بووبێت، پیاوێکی دێلێژەیی کە ناوی عەبدوڵڵا بووە، لە ساڵی 1700ی زایینی خەونێک دەبینێت، بەو عەبدوڵڵایە دەڵێن "ئەگەر بچیتە خوارەوە گۆڕێکی لێیە ناوی ئەسحابە درێژە، ئەگەر بچیتە سەر ئەو گۆڕە چاک دەبیتەوە"، ئەویش کاتێک دێتە خوارەوە و لە شوێنی گۆڕەکە دەپرسێت کە گۆڕی دیکەی زۆری لێبووە، دەچێتە سەر گۆڕێک و دەڵێت: لەوانەیە ئەو گۆڕە بێت کە درێژییەکەی دوو مەتر بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە خەونەکەیدا ناوی ئەسحابە درێژ هاتووە و ناویشی (سەعد)ە، دەیکات بە گۆڕێکی 8 مەتری".
لە درێژەی باسەکەیدا سەبارەت بە درێژکردنەوەی گۆڕەکە لە 8 مەترەوە بۆ 14 مەتر، ئەو لێکۆڵەرە دەڵێ، پیاوێک کە نەخۆش بووە و سەردانی مەزاری شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا کردووە، وەکیلی شێخ عەبدولقادر کە لەوێ بووە، دەڵێت چارەی تۆ لە ئەسحابە درێژە لە دێلێژە، ئەگەر بچیت ئەو گۆڕە چاک بکەیتەوە و رێکوپێکی بکەیت، ئەوا چاک دەبیتەوە، ئەو کەسە ناوی شێخ رەزا بووە، کە دێتە ناوچەکە و گۆڕەکە دەبینێت، دەڵێ حەیفە بۆ پیاوێک کە ناوی ئەسحابە درێژە، گۆڕەکەی ئەوەندە کورت بێت، درێژیی گۆڕەکە دەکاتە 14 مەتر.
حەسەن مەحموود باسی ئەو سەرچاوە مێژووییە ئیسلامیانە دەکات کە لەبارەی فتوحاتی ئیسلامەوە لە سەردەمەکانی پەیامهێنی ئیسلام، خەلیفەکانی راشیدین، ئەمەوی، عەباسی و دواتر لە سەردەمی عوسمانی نووسراون و ژمارەیان 5 هەزار کتێب دەبێت. ئەو زانیارییانەی لەبارەی سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس نووسراون، بەپێی ئەو سەرچاوانە سەعد لە ساڵی 55ی کۆچی لە کوردستان کۆچی دوایی نەکردووە، بەڵکو ساڵی 89 لە گوندەکەی خۆیان "عەقیق" کە 10 کیلۆمەتر لە مەدینەوە دوورە، کۆچی دوایی کردووە، دوایی خزمەکانی لە عەقیقەوە دەیبەن بۆ گۆڕستانی بەقیع و لەوێ دەینێژن.
حەسەن مەحموود باس لەو گۆڕانە دەکات کە بەناوی سەعد ئەبی وەقاس و هاوەڵانی دیکەی پەیامهێنەوە لە کوردستان دروستکراون و دەڵێ: ئەو گۆڕەی لە کوردستان هەیە، گۆڕی سەعد کوڕی ئەبی وەقاس نییە، لە کوردستان 19 گۆڕی دیکە هەن کە دەگوترێ گۆڕی هاوەڵەکانی پەیامهێنن، لەوانە؛ ئەبو عوبەیدەی جەڕاح، دوو گۆڕی خالیدی کوڕی وەلید، سێ گۆڕی عوسمانی کوڕی عەففان، دوو گۆڕی عەبدوڵڵای کوڕی عومەر، گۆڕی میقداد و گۆڕی سەعد کوڕی ئەبی وەقاس، بەڵام ئەو پیاوانە هیچیان نەهاتوونەتە کوردستان و لە کوردستان جیهادیان نەکردووە و نەکوژراون، بەڵکو هەریەکەیان شوێنی کۆچکردنیان دیارە. ئەو گۆڕانەی لە کوردستان هەن بەناوی سەحابەکانەوە، ئەمانە گۆڕی سەحابە نین، بەڵکو گۆڕی پیاوانی دوای سەردەمی عەباسی و عوسمانی و ئەمەوین و بۆ هێشتنەوەیان بە پیرۆزی، ئەو ناوانەیان لێناون.
بەرهەمی ساڵی 2021