گۆڕی مەستوورەی ئەردەڵانی

17 April 2021
گۆڕی مەستوورەی ئەردەڵانی

لە ئەڵقەی چوارەمی بەرنامەی (خاکی پیرۆز) دا کە حەسەن مەحموود حەمەکەریم، لێکۆڵەری مێژووی کورد پێشکەشی دەکات و چیرۆکە نەزانراوەکان دەربارەی شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان و مەزاری کەسایەتییە ناسراوەکان دەگێڕێتەوە و بە بەڵگەی مێژوویی قسە لەسەر شوێنەوارەکان و چیرۆکەکانیان دەکات، حەسەن مەحموود دەچێتە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی کە بەپێی مەزندەکان گەورەترین گۆڕستانە لە کوردستاندا و نزیکەی 100 هەزار کەسی تێدا نێژراوە، لەنێویاندا چەندین کەسایەتی دیار هەن، یەکێک لەوانەش مەستوورە خانمی ئەردەڵانییە کە یەکێ لە شاعیرە گەورەکانی کوردە و گۆڕەکەی دەکەوێتە نێوان گۆڕی رەفیق حیلمی و جەمال نەبەز، نزیکە لە گۆڕی عزەدین مستەفا رەسوڵ و کەمال مەزهەر و شێخ مارفی نۆدێ و حەفسەخانی نەقیب. زۆربەی حاکمانی میرنشینی بابان و میرەکان لە گۆڕستانەکەی گردی سەیوان نێژراون، لەوانە بنەماڵەی شاڵی.

لە باسی ژیانی مەستوورە خانمدا، حەسەن مەحموود دەڵێ: مەستوورە خانم، ساڵی 1804 لە شاری سنە، پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان لەدایکبووە، ساڵی 1847 لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو. مێژوونووس و شاعیر و نووسەر و شەرعزان و ئەدیبێکی گەورە بووە، کچی ئەولحەسەنە، دایکی ناوی مەلەک خانم بوو، برایەکی لەخۆی گەورەتری هەبوو بەناوی محەممەد، بەڵام زوو کۆچی دوایی کرد. لای باوکی قورئان و گوڵستان تەواو دەکات، دوایی باوکی مامۆستایەکی گەورەی بۆ دەگرێت بەناوی میرزا کە فێری شەریعەت و زانستێکی زۆری دەکات، دەبێتە ئافرەتێکی شارەزای بێوێنە لە کوردستانی ئەوکات.

لەبارەی بەرهەمەکانی مەستوورە خانم، حەسەن مەحموود دەڵێ: مەستوورە خانم کتێبێکی بەناوی (شەرعزان) نووسیوە کە بۆ ژنانی کورد نووسیویەتی بۆ ئەوەی ژنان بەبێ ئەوەی پرس بە مەلا و زانایانی ئاینی بکەن، لە رێگەی ئەو کتێبەوە لە ئادابی ئیسلام تێبگەن. ئەمەش بە یەکەم کتێب دادەنرێت لە مێژووی کورد و ناوچەکەدا کە ژنێک لەسەر شەرع نووسیبێتی. هەروەها کتێبێکی لەسەر مێژووی کورد هەیە کە باس لە مێژووی ئەردەڵان دەکات، لە بەشی دووەمیشدا باسی ژیانی مرۆڤایەتی دەکات هەر لە ئادەمەوە تاوەکو سەردەمی نوێ. ئەمەش لە مێژووی کورددا بە یەکەم کتێب دادەنرێت کە ئافرەتێک لەسەر مێژووی نەتەوەکەی خۆی نووسیبێتی.

(ژیانی ناودارانی کورد) کە لە دوو بەرگی گەورە پێکهاتووە، یەکێکی دیکەیە لەو کتێبانە کە مەستوورە خانم نووسیویەتی. حەسەن مەحموود لە باسی ئەو کتێبەدا دەڵێ: ئافرەتێک لە ساڵی 1820 بیری ئەوەی هەبووە کتێبێک لەسەر ناودارانی کورد بنووسێت، هەر لە حاکمان، شاعیران، ئەدیبان و نووسەران کە دوو بەرگی گەورەیە.

بە گوتەی ئەو لێکۆڵەرە، مەستوورە خانم خاوەنی 20 هەزار بەیت شیعرە لە چەند دیوانێکی شیعریدا کە کەمێکی باسی ئەردەڵان و بابان و مێژووی کورد دەکات، ئەوەی دیکەی هەر هەمووی باسی مێرەدەکەی دەکات کە خەسرەو خانی ناکامە.

لە باسی خەسرەو خانیشدا حەسەن مەحموود دەڵێ: خەسرەو خان کوڕی ئەمانەڵڵا خانی گەورەی میری ئەردەڵان بووە، دوای ئەوەی باوکی کۆچی دوایی دەکات، خەسرەو خان شوێنی دەگرێتەوە، لەوکاتەوە کە شوێنی باوکی دەگرێتەوە، لە دیوەخانەکەیدا هەموو شەوێک کۆڕی شاعیران هەبووە، خۆیشی شاعیر بووە، هاوسەری پێشوویشی هەر شاعیر بووە. لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەدا مەستوورە عاشقی خەسرەو خان دەبێت، لەو کاتەشەوە زۆربەی شیعرەکانی لەسەر خەسرەو خان بووە کە پێداهەڵدان بووە بە جوانی و لێهاتوویی خەسرەو خانی ناکام.

بەشی دووەمی شیعرەکانی، شیوەن و واوەیلایە بۆ مردنی خەسرەو خان کە 7 ساڵ لەگەڵی ژیاوە. خەسرەو خان لە تەمەنی 29 ساڵیدا و بە گەنجی کۆچی دوایی دەکات، ئەو شیوەن و واوەیلایەش بە درێژترین شیوەن دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

زۆر کەس دەڵێن خەنسای شاعیر کە شاعیرێکی عەرەب بووە، شیوەنێکی زۆری هەیە بۆ سەخەری برای، بەڵام شیوەنەکەی مەستوورە بۆ خەسرەو بەهێزترە و درێژتریشە لە رووی هونەرییەوە، ئەوەی مەستوورە 130 بەیت شیعرە، بەڵام ئەوەی خەنسا 99 بەیت شیعرە.

حەسەن مەحموود لە باسی چۆنیەتی شووکردنی مەستوورە بە خەسرەو دەڵێ، مەستوورە لە شیعرەکانیدا باسی ئەوەی کردووە کە لەبری خوێن دراوە بە خەسرەو، کاتێک شەڕ لەنێوان بنەماڵەی مەستوورە خانمی ئەردەڵانی و بنەماڵەی میرانی ئەردەڵان دروست دەبێت و چەند کەسێک دەکوژرێن، هەندێک شێخ و مەلا دەکەونە نێوانیان بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بهێنرێت، بۆ ئەوەش دەڵێن خەسرەو خان داوای دەستی مەستوورە خانم دەکات، مەستوورەش خۆی عاشقی خەسرەو بووە و شیعریشی لەسەر نووسیوە و شیعرەکانی بۆ ناردووە، ئەویش ئاگای لەو نهێنییە بووە، بۆیە مەستوورە شوو بە خەسرەو دەکات کە دوایین میری ئەردەڵان بووە.

خەسرەوخان پێش ئەوەی مەستوورە خانم مارە بکات، هاوسەرێکی دیکەی هەبووە بەناوی حوسنا، کە کچی فەتاح عەلی شای قاجاڕ بووە، ئەو ژنە دوژمنایەتی زۆری مەستوورە دەکات. مەستوورە لە شیعرەکانیدا باسی ئەمەی کردووە و دەڵێ هەمیشە وەک چاودێرێک بەسەرمەوە بووە، دوای ئەوەی خەسرەو دەمرێت بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئەو ژنە کە دەکاتە هەوێی مەستوورە، دۆخەکە لە مەستوورە تێکدەدات و ناچاری دەکات شاری سنە جێبهێڵێت و لەگەڵ هەزار کەس لە بنەماڵەکەی روودەکەنە سلێمانی، لە ناوچەی هەوارامانەوە دێنە شارەزوور، پاشان بابانەکان خەڵک دەنێرن بەدوایاندا و لە خورماڵەوە دەیانهێنن بۆ سلێمانی، لەوێ رێزێکی زۆریان لێدەگرن و شوێنی باشیان بۆ دیاری دەکەن.

حەسەن مەحموود باسی پەیوەندیی نالیی شاعیر بە مەستوورە خانمەوە دەکات و دەڵێ، کاتێک مەستوورە لە سلێمانی دەست دەکاتەوە بە کۆڕی شیعر، نالی لە حەج دەگەڕێتەوە، کە دەزانێ دۆخی سلێمانی باش نییە و عوسمانییەکان دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر سلێمانی، سەفەر دەکات بۆ ئیستانبوڵ و ناگەڕێتەوە، کاتێکیش دەبیستێ مەستوورە خانم لە سلێمانییە و کۆڕی شیعری دەبەستێ و شوێنی ئەوی گرتووەتەوە، پێی ناخۆشە ئەردەڵانییەک دوای ئەو هەموو شەڕ و دوژمنایەتیە لەبری ئەو کۆڕی شیعری ببەستێ، لە ئیستانبوڵەوە شیعرێک لەسەر مەستوورە دەنووسێت کە زۆر کەس دەڵێن ئەمە شیعری نالی نییە، بەڵام لە راستیدا شیعری نالییە و دوا ترۆپکی جوانیی شیعری نالی لەو پارچەیەدا دەردەکەوێت کە تێیدا باسی خەونێکی خۆی دەکات بە مەستوورەوە بینیویەتی، وەسف و سەنای زۆری مەستوورە دەکات، بەڵام ئەو وەکو زەم باسی دەکات. دوایی مەستوورە وەڵامی دەداتەوە. دوای ئەوە لەوێوە چامەکەی نالی بۆ سالم دەستپێدەکات.

بەرهەمی ساڵی 2021