جێشانە و چیرۆکی چوونی پەیامهێن و ئەبوبەکری سدیق بۆ ئەو گوندە

27 April 2021
جێشانە و چیرۆکی چوونی پەیامهێن و ئەبوبەکری سدیق بۆ ئەو گوندە

لە ئەڵقەی یازدەیەمی خاکی پیرۆز کە بەرنامەیەکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداوە و حەسەن مەحموود حەمەکەریم، لێکۆڵەری مێژووی کورد پێشکەشی دەکات و چیرۆکە نەزانراوەکانى پشت شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان و کەسایەتییە دیارەکان دەگێڕێتەوە، ئەمجارە دەچێتە گوندی (جێشانە) لە پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی باس لە گرنگیی ئەو ناوچەیە لەڕووی مێژوویی و ژیانی کەسایەتیە ئاینییەکانی ئەو دەڤەرە بکات.

 گوندی جێشانە هەشت کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە، لە پشتییەوە شاخی بەرانانە کە  هەر لە قەرەداخەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە تاسڵوجە و بازیان. ناوچەکە ناوچەیەکی مێژووییە و ئەشکەوتی هەزارمێرد و شەش ئەشکەوتی دیکە لە ناوچەکەدا هەن کە تەمەنیان بۆ 50 هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. ئەشکەوتی هەزارمێرد هاوشێوەی ئەشکەوتی شانەدەر کە لە بەرزایی لووتکەی چیای برادۆستە لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر، مرۆڤی نیاندەرتاڵی تێدا ژیاوە. واتە ئەو دوو ئەشکەوتە کۆنترین دوو ئەشکەوتی کوردستانن و مرۆڤەکانیشیان کۆنترین مرۆڤی ناوچەکە بوونە.

لە باسی گوندی جێشانە و شوێنەوارە مێژووییەکانیدا، حەسەن مەحموود دەڵێ: کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویی هەن، لە پشتی جێشانەوە بەردێکی گەورەی داتاشراو هەیە وەکو حەوزێک وایە، لە پشتی ئەویشەوە گۆڕستانێکی کۆنی لێیە کە زۆربەی گۆڕەکانی رووی لە قیبلە نییە، بەمەشدا دەردەکەوێت کە ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی زۆر کۆنی پێش ئیسلامە. لە پێشی جێشانەوە گردێک بەناوی گردی (کونارە) هەیە، بەپێی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان کۆنترین پەرستگای ئەو ناوچەیە لەو گردە بووە.

لە پشتی جێشانە دێیەکی کۆن هەیە پێیدەڵێن (کەلاران)، دەگوترێ پێشتر خەڵکی جێشانە لەو گوندە ژیاون، گوایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی تاعوون کە لە شارەزوورەوە هاتووە و ناوچەی قەرەداخی گرتووەتەوە و هەرچی لەو ناوچەیە بووە تاوەکو دەشتی بازیان و دۆڵی بازیان هەمووی بەهۆی ئەو تاعوونەوە لەنێوچووە، دواتر دەوڵەتی عوسمانی خەڵکی دیکەی لە ناوچەکانی دیکەوە هێناوە بۆ ئەوەی ناوچەکە ئاوەدان بێت.

حەسەن مەحموود باسی یەکێک لە زانا گەورەکانی ناوچەی بابانمان بۆ دەکات کە لە جێشانە نیشتەجێ بووە، ئەویش (ئیبن حاج)ـە، ناوی تەواوی (محەممەد کوڕی حاجی حەسەن)ی جێشانەیە کە ساڵی 1699 لەدایکبووە و ساڵی 1777 کۆچی دوایی کردووە.
لە باسی ئیبن حاج-دا دەڵێ: ئەو پیاوە لەو دێیە حوجرەیەکی گەورەی هەبووە، ئەو فەقێیانەی کە وەریگرتوون، پێشتر تاقیکردنەوەی پێ کردوون، زیرەک نەبوونایە وەرینەدەگرتن. زۆربەی زانا گەورەکانی ئەو ناوچەیە وەکو شێخ عەبدوڵڵای بێتووشی، شێخ مارفی نۆدێ لە لەژێر دەستی ئیبن حاج پەروەردە بوونە و خوێندنیان تەواو کردووە، هەموو ئەوانەی لەژێر دەستی ئیبن حاج پەروەردە بوونە، زانای گەورە و بەناوبانگ بوونە لە کوردستاندا.

کاتێک کە سەفەوییەکان لە شارەزوور و هەڵەبجەوە هێرش دەکەن بۆ لەنێوبردنی زانا سوننییەکانی ناوچەکە، هەرچی زانایەک هەبووە لە ناوچەکە کوشتوویانە، ئەوەشی رایکردووە دەربازی بووە، ئیبن حاجیش لەگەڵ کۆمەڵێک زانای قەڵاچۆلان ناوچەکە جێدەهێڵن، هەندێک دەڵێن بەرەو بەغدا رۆیشتوون و هەندێکیش دەڵێن بەرەو مووسڵ رۆیشتوون، لە کۆتاییدا ئەو پیاوە باسی نامێنێ و وادیارە لە دوورە وڵاتی کۆچی دوایی دەکات، بەڵام بەپێی شیعرێک، مردنەکەی لە ساڵی 1777 بووە.

سەبارەت بە نازناوی "ئیبن حاج"، حەسەن مەحموود دەڵێ: کاتێک لە ساڵی 1699 لە گوندی جێشانە لەدایک دەبێت، لەوکاتەدا باوکی لە حەج دەگەڕێتەوە، هەر لەبەر ئەوەش ناونراوە ئیبن حاج، لە بنەڕەتدا ناوی محەممەد کوڕی حاجی حەسەنە. حەسەن مەحموود باسی چیرۆکێکی دروستکراو لەسەر دارێک و هاتنی ئەبوبەکری سدیق و پەیامهێن (د.خ) بۆ ناوچەی جێشانە دەکات و دەڵێت: لە جێشانە دارێک هەیە بەناوی ئەبا بەکری سدیق، گوایە لە سەردەمی پەیامهێن (د.خ) ئەبوبەکری سدیق هاتووەتە ئەو شوێنە و حوجرەی هەبووە و وانەی بە فەقێیەکان گوتووە، گوایە لە مەدینەوە پەیامهێن (د.خ) فەرموویەتی دەچم سەرێک لە ئەبوبەکر دەدەم، خەڵکی گوندەکە کە زانیویانە پەیامهێن هاتووە، لەسەر ئەژنۆ بەرەوپیری دەچن بۆ بەخێرهاتنی.

حەسەن مەحموود دەڵێ: ئەو چیرۆکە دروستکراوە، رەنگە کەسێک بەناوی ئەبوبەکر ئەو دارەی چاندبێت، ئەو چیرۆکەیان بۆ هەڵبەستووە، هاوکات ئیبن حاجیش لە ناوچەکە بووە، وەکو بڵێی بۆ پەیوەستکردنی ئەو دوو حوجرە گەورەیەی ئەبوبەکری سدیق و ئیبن حاج بە یەکەوە، ئیبن حاجیش بۆ فەڕ و بەرەکەتی ئەبوبەکری سدیق لەژێر ئەو دارە وانەی بە فەقێیەکانی داوەتەوە. بە گوتەی ئەو لێکۆڵەرە و بە پشتبەستن بە سەرچاوە مێژووییەکان، دەگوترێ زەردەشتی پەیامهێنی کورد، کاتێک کە فتوحات دەگاتە ناوچەکە، چووەتە ئەشکەوتی هەزارمێرد و دوو شەو ماوەتەوە، دوایی کە دەگەڕێتەوە لە دێی هەرمن لە شارباژێر بریندار دەبێت، بە برینداری دەیبەنە سەردەشت و لەوێ کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێش دەینێژن.

گوایە نەرامسینی ئەکەدی هاتووەتە ناوچەکە و شەڕی لەگەڵ لۆلۆییەکاندا کردووە، مێژوونووسان و شوێنەوارناسان لێکۆڵینەوەیان لە ئەشکەوتی هەزارمێرد کردووە، 9 چینیان لە زەوییەکەی دەرهێناوە و بۆیان دەرکەوتووە 9 سەردەمی جیاوازی بینیوە، سەردەمی یەکەمیان بۆ 50 هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە.

بەرهەمی ساڵی 2021