لەم رۆژانەدا لەگەڵ نیشتنەوەی تای هەڵبژاردنەکان، تورکیا خۆی بۆ رۆژەڤی سەرەکی: واتە پرسی منبج – رۆژهەڵاتی فرات ئامادە دەکات. تورکیا بۆ ئەم بابەتە بە دوو ئەڵتەرناتیڤ کاردەکات: یەکیان درێژە بە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا دەدات، دووەمیشیان بەشێوەی هاوتەراز لەگەڵ رووسیا لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ئاستانە کار بۆ رازیکردنی رووسیا بۆ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان دەکات. لەپەنای ئەم گفتوگۆیانەدا تورکیا بەردەوام هێزی سەربازی بۆ سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان دەگوازێتەوە.
ئێرانییەکان لەم بابەتە ئاگادارکراونەتەوە. بۆیە دەیانەوێ تورکەکان بەوە رازیبکەن کە بۆشایی سەربازی و سیاسی ناوچەکە لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە پڕبکرێتەوە. بۆیەش ئێران دەسپێشخەرییەکی بۆ ناوبژیوانی لەنێوان ئەنکەرە – دیمەشق دەستپێکردووە. گفتوگۆی پشتپەردە لەئارادایە.
لێرەدا دەپرسین: گەلۆ تورکیا دەتوانێ یەکلایەنە پەلاماری رۆژئاوای کوردستان بدات؟ ئایا ئەمریکا بۆ پاراستنی کورد لەگەڵ تورکیا دەجەنگێت؟
گریمانە: تورکەکان لە سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە ناوچەکە بەگومانن. هەروەها جەختکرنەوەی ئەمریکا لەسەر مانەوەی کیانی رۆژهەڵاتی فرات، بەتەواوەتی دەهرییان دەکات. تورکەکان بەپلەی یەکەم ئەولەویەت بە رێکاری دیپلۆماسی دەدەن، بەڵام ئێستا ئەو گومانەیان لا دروستبووە کە ئەمریکا دەستی دەستییان پێدەکات. لەم حاڵەتەدا بژارەی سەربازی دوور لە شیمانە نییە.
ئەمریکا: پرۆژەی باکووری سوریا
ئەمریکا سەبارەت بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ تورکیا پرۆژەیەکی ئامادەکردووە. بەپێی ئەم پرۆژەیە لەگەڵ تورکیا رێککەوتنی گشتگیر واژۆ دەکرێت. بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا، بەدرێژایی هێڵێکی 600 کم و بە پانایی هێڵێکی 30 کم، ناوچەیەکی تامپۆنی جیادەکرێتەوە. ئەم ناوچەیە لە هێزەکانی یەپەگە – پەکەکە پاکدەکرێتەوە و بە هێزەکانی هەسەدە دەسپێردرێت. بەتایبەت هێزەکانی نوخبەی سەر بە ئەحمەد جەربا، هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا و هەندێک گرووپی دیکەی تێیدا جێگیر دەکرێ. بەڵام سەرپەرشتی ئەم هێزانە و بەگشتی هەژموونی سەربازی بە فەرەنسا و ئینگلتەرە دەدرێت. بەمەش هێزەکانی یەپەگە – پەکەکە لە سنوورەکانی تورکیا دووردەخرێنەوە و لەژێر هێڵی 30 کم باکووری سوریا جێگیردەکرێن.
هەروەها رێگە بە تورکیاش دەدرێ لەگەڵ هێزە ئەورووپاییەکان ئامادەگییەکی کەمی لە ناوچەی تامپۆنی باکووری رۆژهەڵاتی سوریادا هەبێت. ئەمریکاییەکان بۆ ئەم پرۆژەیە پشتیوانی هێزە ئەورووپاییەکانیان دەستخستووە. بەڵام لێرە لەگەڵ هەڵوێستی توندی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی پەیەدەدا رووبەروو بوونەتەوە. ئیدارە هەتا ئەم ساتەش لەدژی ئەوەیە هێزەکانیان بەدرێژایی 600 کم و بەپانایی 30 کم بۆ دواوە بکشێنێتەوە. لەبەر ئەمە لە ناوچەکە دەستیان بە هەڵکەندنی سەنگەر، خەندەک و تونێلی ژێرزەمینی کردووە. ئەوان خۆیان بۆ بەرگری ئامادە دەکەن.
تورکیا: پرۆژەی داگیرکردنی باکووری سوریا
تورکیا پێشتر لەگەڵ ئەمریکییەکان سەبارەت بە منبج رێککەوتنێکی واژۆکردووە. بەپێی ئەم رێککەوتنە منبج بەتەواوەتی لەهێزەکانی سەر بە یەپەگە چۆڵ دەکرێ. ئیدارەیەکی مەدەنی بۆ شارەکە بە سازان لەگەڵ تورکیا پێکدەهێنرێت. هەروەها رێگە بە هەندێک لە یەکەکانی سوپای سوریای ئازاد دەدرێت لە ناوچەکە بن. لەڕووی سەربازیشەوە هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ سوپای تورکیا ئەرکی پاراستنی ناوچەکە لەئەستۆ دەگرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەی رێککەوتنەکە واژۆکراوە، ئەمریکا خۆی لە جێبەجێکردنی بەندەکانی دەبوێرێ و هەتا ئیستاش بەقسەی تورکەکان هێزەکانی سەر بە یەپەگە لە منبج ماون. بۆیە پێیانوایە ئەمریکا دەستی دەستییان پێدەکات.
ئێستا تورکیا ئەم پرۆژەیەی هەیە: تورکیا بە هاوکاریی سوپای ئازاد، بە جەنگ یان بە هێوری دەربازی ناوچەکە دەبێت. دەبێ ناوچەکە بەهەموو شێوەیەک لە هێزەکانی یەپەگە چۆڵ بکرێت. هەروەها دەبێ کۆتایی بەو ئیدارەیە بهێنرێ کە پەیەدە لە ناوچەکە دایمەزراندووە. دەبێ هەموو ئاسەوارەکانی ئیدارە و بیری پەکەکە لەناوچەکە بنبڕبکرێت و بەتەواوەتی قەڵاچۆ بکرێن. جگە لەوە نابێ پەیەدە لە ناوچەکانی رەققە و دێرەزوور و حەسەکە بمێننەوە. بۆیە تورکیا لەگەڵ سوپای ئازاد پێکهاتەیەکی ئەمنیی تازە بۆ ناوچەکە دادەمەزرێنن. رەنگە لە ئیدارەی شارەکان رێگە بە هەندێک لە کوردەکان بدرێ لە ئیدارەی مەدەنیدا جێبگرن.
ئەم پرۆژەیە لەگەڵ پلانی ئەمریکادا ناتەبایە. هەروەها لەگەڵ پلانی رووسیا و ئێران و ئەسەدیشدا وێکنایتەوە.
رووسیا: پلانی هاوتەریب لەگەڵ ئێران
رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی فرات پێیوایە دەبێ تورکیا یەکلایەنە هێرش نەکات. هەروەها پێیوایە دەبێ ناوچەکە تەنها بە هێزەکانی سوریا پڕبکرێتەوە و سەروەری بۆ دەوڵەتی سوریا بهێڵرێتەوە. بۆ ئەمەش رووسیا هەوڵ دەدات بەجۆرێک هەماهەنگی لەنێوان کورد و رژێمی ئەسەد بێتەکایەوە و رژێم بتوانێ ناوچەکە بگرێتەوە. لەگەڵ ئەمەش رووسیا بەلایەوە گرنگە تورکیا لە پەیمانی ناتۆ رابکێشێت. مۆسکۆ هەوڵدەدا تورکیا لە بەرەی رۆژئاوا بهێنێتە دەرەوە و بیخاتە چوارچێوەی پەیمانی ئۆراسیاوە.
ئەم بڕگەیەی دوایی ئێران و ئەسەدی نیگەران کردووە. لەوە دەترسن نەوەک رووسیا لەسەر حسابی خاکی سوریا بۆ چەسپاندنی پرۆژەی ئێس 400، بنکەی ئەتۆمی و پرۆژەی تورکیش ستریم 2، رێگە بە ئەنکەرە بدات پەلاماری ناوچەکە بدات. ئەوان ئەم پرۆژەیە بە پرۆژەی داگیرکردنی خاکی سوریا دەزانن و لەوەش بەگومانن کەوا تورکیا خاکی سوریا چۆڵ نکات و هەوڵ دەدات یەکە سەربازییەکانی خۆی و سوپای ئازادی تێدا جێگیربکات. هەروەها لە بەهێزبوونی گرووپە سوننە سەلەفیەکان نیگەرانن. بۆیە ئێران لە هەوڵدایە لەنێوان دیمەشق و ئەنکەرە نێوبژیوانی بکات.
ئەنجام: ئایا تورکیا هێرش دەکات؟
ئێستا تورکیا بە دوو بژارە سەبارەت بە رۆژئاوای فرات سیاسەت دەکات: یەک – لەڕووی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا بەردەوامبێت و چرای سەوزی هەردوولا وەربگرێت. دوو- ئەگەر پرسەکە بە دیپلۆماسی چارەسەر نەکرێ، ئەوسا بژارەی سەربازی ئامادەیە و دەستبەجێ دەیقۆزێتەوە. بۆیە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا – تورکیا بەتەواوەتی بە بنبەست نەگەیشتوون، بەڵام بووەتە گرێکوێرە.
ئەگەر تورکەکان لە چارەسەری سیاسی بێهێوا بوون، ئەوسا پێدەچێ بژارەی سەربازی تاقیبکەنەوە. بەڵام پرسی مووشەکی ئێس 400 و فڕۆکەی ئێف 35 بەم مەلەفە زیاد بووە. پێدەچێ رێککەوتن لەسەر پرسی رۆژهەڵاتی فرات شاکلیلی پرسەکانی دیکە بێت. ئەگەر پرسی رۆژهەڵاتی فرات چارەسەر ببێت، ئەوە پرسی ئێس 400 و ئێف 35 بەئاسانی چارەسەردەبن. پێچەوانەکەشی راستە.
لەم ڕووەوە پێدەچێ ئەم دوو سیناریۆیە لەئارادابن: یەکەم – تورکیا هەوڵدەدا بە هەر شێوەیەک بووە لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت. ئەگەر هەیە تورکیا بە هەندێک لە مەرجەکانی ئەمریکا رازیببێت. بۆیە شیمانەی رێککەوتنێک بەپێی فۆرمولی ئەمریکا بەڵام بەتامی تورکی دەکرێت.
دووەم – کێشەکانی دیکە وەکوو ئێس 400 و ئێف 35 سیناریۆی یەکەمیان ئاڵۆز کردووە. بۆیە پێدەچێ پرسەکە ببێتە گرێکوێرە. لەگەڵ ناکامی چارەسەری سیاسی، تورکەکان دەست بۆ بژارەی سەربازی دەبەن. بەمەش پەیوەندییەکانی ئەنکەرە – واشنتن بەتەواوەتی قەیراناوی دەبێت. ئەمریکا لە ئەگەری هێرشی تورکیادا ئەستەمە لەگەڵ تورکیا بجەنگێت، بەڵام واشنتن ئەم هێرشەی تورکیا بۆ پرسی سەروەری خۆی بە بابەتێکی گەورە دەزانێ و لەڕووی ئابووری و سیاسیییەوە بەرپەرچی دەداتەوە. یەکێک لە گریمانەکان لەم حاڵەتەدا تێکچوونی دۆخی ئابووری تورکیا و سەرهەڵدانی قەیرانێکی قووڵ دەبێ کە پێناچێ ئەنکەرە بەئاسانی بەرگەی پاشهاتەکانی بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ