رووداو بەپارە دروست ناكرێت

02-11-2015
دانا نەوزەر
نیشانەکردن دانا نەوزەر رووداو
A+ A-

یەكێك لەو قسانەی كە هێندە دووبارە كراوەتەوە وەك راستیی لێهاتووە، ئەوەیە كە دەڵێت "تۆڕی میدیایی رووداو پارەیەكی باشی بۆ سەرف دەكرێت بۆیە وا پێشكەوتووە". ئەم قسەیە بەشێكی زۆری راستیی تێدایە. ئەگەر پارەی باشت نەبێت، ناتوانیت تۆڕێكی میدیایی گەورەی وەك رووداو بەڕێوەببەی. بەڵام ئەم بۆچوونە لەو شوێنەدا هەڵەیە كە پێیوایە سەركەوتنی ئەزموونی رووداو تەنیا پەیوەندی بەپارەوە هەیە. ئامانجی من لەم نووسینە مەدح و سەنای رووداو نییە بەڵكو خستنەڕووی خاڵەكانی هێزی رووداوە بۆ رووداوییەكان و بۆ ئەوانەش كە بەئومێدن وەك رووداویان لێبێت. 

یەك: رۆژنامەڤان رووداو دروست ناكات، بەڵكو رووداو دەگەیەنێت.

دوو: رۆژنامەڤان نابێت ببێتە رووداو، بەڵكو دەبێت رووداو بگوازێتەوە. بەڵام كاتێك خۆی پەلامار دەدرێت و دەبێتە رووداو، ئەوا نابێت وەك تەرەف و لایەن مامەڵە بكات. 

سێ: بۆ ئەوەی خێرا بگەیت بە رووداو، لەسەر شاشەیەك جوان بیخەیتە روو، پێویستت بەپارەیەكی باشە. پارەی باش تەنیا بێژەر و شاشە و ستۆدیۆی جوانت پێدەبەخشێ بۆ ئەوەی هەواڵەكە بگەیەنیت، بەڵام ئەوەی مانا بە هەواڵەكە دەبەخشێ، رۆژنامەڤانە نەك پارە.

چوار: رۆژنامەڤانی باش پێویستی بەپارەی باشە بۆ ئەوەی خۆی بۆ كارەكەی یەكلایی بكاتەوە، بەڵام پارەی باش رۆژنامەڤانی باش دروست ناكات. رۆژنامەڤان كەسێك نییە پارەی زۆری لە گیرفاندایە. ئەو كەسەی پارەی زۆرە، پێی دەگوترێت دەوڵەمەند نەك رۆژنامەڤان. 

پێنج: هیچ سیاسییەك لەبەر خوا پشتیوانی دەزگایەكی میدیایی ناكات، بەڵام سیاسی ژیریش دەست لە سیاسەتی هەواڵی ئەو دەزگایە وەرنادات كە پشتیوانیی دەكات. كەناڵە حیزبییەكان بە شانازییەوە 24 كاژێر وێنە و هەواڵی سەركردەكانیان دادەنێن، بەڵام كەس تەماشایان ناكات. كەوابێت هەر سیاسییەك دەیەوێت پشتیوانی پرۆژەیەك بكات تا قەسیدەی بۆ بهۆنێتەوە، هەم كەناڵەكە دەكوژێت، هەم خۆی.

شەش: كەناڵێك بەوە نابێت بە نیشتیمانی كە گۆرانی بۆ پێشمەرگە لێبدات، بەڵكو بەوە دەبێتە نیشتیمانی كە ئەركی رۆژنامەڤانی خۆی راپەڕێنێت. گەیاندنی هەواڵ وەك خۆی لە زۆرترین خاڵی وڵاتەوە گەورەترین ئەركی نیشتیمانییە رۆژنامەڤانێك پێی هەستێ. 

حەوت: جیاوازیی رۆژنامەڤانی و عەشق ئەوەیە، لە عەشقدا هەم گرنگە متمانەت پێبكەن، هەم گرنگە خۆشیان بوێی، بەڵام لە رۆژنامەڤانیدا پێوەری سەركەوتن متمانەیە نەك خۆشەویستی. چەند زۆرن ئەو ماڵانەی لەبەر هەر هۆكارێك بێت رووداویان خۆشناوێت، بەڵام تەنیا متمانەشیان بە رووداوە. 

رووداو بێ كەموكوڕی نەبووە، خەڵكێكی تێدایە كە هێشتا دەستیان لە عادەتەكانی سەردەمی جاهیلی هەڵنەگرتووە، بەڵام بەگشتی توانیویەتی سەركەوتوو بێت لەوەی شاشەیەكی جوان بە هەواڵی مانادار و هاوسەنگ بخاتەڕوو. نهێنیی شاشە جوانەكە، پارەی باشە، بەڵام نهێنیی بەهێزی و هاوسەنگیی هەواڵەكانی، بوونی رۆژنامەڤانی باشە كە خەمی یەكەمیان ئەوە نییە سەركردە و حیزبەكەیان زەرەر نەكەن، بەڵكو ئەوەیە كە هەواڵەكە بەخێرایی و بەدروستی و بەچڕوپڕی بگەیەنن بە بینەرەكانیان. هەر بۆیە رووداو سنوورەكانی شەخس و شاری تێپەڕاندووە.

"بە پارە خانوو دەكڕیت نەك ماڵ، كاتژمێر دەكڕیت نەك كات، نوێن دەكڕیت نەك خەو، كتێب دەكڕیت نەك مەعریفە، بە پارە دكتۆر دەگریت نەك تەندروستی، پێگەت دەبێت نەك رێز، خوێن دەكڕیت نەك ژیان، سێكس دەكڕیت نەك خۆشەویستی".  دەزانم، ئێستا كە ئەو رستانە دەخوێننەوە سەر دەلەقێنن و دەڵێن ئەشهەدوبیللا راستە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا بێزارن، چونكە رۆژ نییە هاوڕێیەكتان ئەو قسانە لە فەیسبووكەكەی خۆی دانەنێ. بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە قسەیەكی دیكەش بۆ ئەو زنجیرەیە زیاد بكەین: بە پارە، ستۆدیۆی باش دروست دەكەیت نەك رووداو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە