بەپێی دەستووری عێراق، بەسرە مافی تەواوەتی ئەوەی هەیە ئۆتۆنۆمی لە بەغدا وەربگرێ و هەرێمێک ڕابگەیەنێ. ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لە ژێر رۆشنایی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی باشووری عێراقدا جارێکی دیکە داوای مافی ئۆتۆنۆمی زیاتر لە حکومەتی بەغدا دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ پارێزگاکانی عێراق دەتوانن ئۆتۆنۆمییەکی دەستووری لە عێراق بەدەستبهێنن؟
خۆپیشاندانەکان لە بەسرەوە دەستیان پێکرد و لەوێوە بە پارێزگاکانی دیکەی باشووری عێراقدا بڵاوبوونەوە. خۆپیشاندەرانی بەسرە لەدژی یەک دەیە بێخەمیی حکومەت رژاونەتە سەر شەقام، لە کاتێکدا ئەو سیاسەتە خەڵکی ئەو ناوچانەی تووشی هەژارییەکی بێ وێنە کردووە.
ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەگەر بەغدا ئامادە بێت چەندین ملیار دۆلار پارە لە پارێزگاکەیان خەرج بکات، ئەوە ئەوانیش بەرەبەرە لە داوای سەربەخۆیی پاشگەز دەبنەوە. سەرەڕای ئەمەش دیسان ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە ئاخۆ پارێزگاکانی عێراق دەتوانن ئۆتۆنۆمییەکی دەستووری دەستبخەن؟
مادەی 119ی دەستووری عێراق راشکاوانە دەڵێت کە "یەک یان زیاتر لە یەک پارێزگا مافی ئەوەیان هەیە خۆیان لەناو هەرێمێکدا رێکبخەن، ئەمەش لەسەر داوایەک دەبێ کە لە گشتپرسییەکدا دەنگی لەسەر دەدرێ". داواکەش “لەلایەن یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەرکام لە پارێزگایەک دەبێ کە دەیەوێ هەرێمێک پێکبهێنێ”، یانیش لەسەر بنەمای “داوای یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی هەرکام لەو پارێزگایانەی بەنیازن هەرێمێک پێکبهێنن”.
بێگومان بەسرە دەتوانێ گشتپرسییەک بکات، کە ئەگەری زۆرە لە ئەنجوومەنی پارێزگاش تێپەڕێ و مافی یاسایی ئەوەیان دەداتێ ئۆتۆنۆمییەکی زیاتریان هەبێ، بەم هۆیەشەوە نوێنەرە خۆجێییەکان کۆنترۆڵی زیاتریان بەسەر پارە و داهاتی پارێزگاکەدا دەبێ، ئەمەش پارەیەکی زۆری نەوت و غازیان دەخاتە بەردەست.
هەرچەندە پارێزگای بەسرە لەڕووی یاساییەوە هەموو ئەو مافانەی هەیە، بەڵام بەغدا مێژوویەکی درێژی لە گوێخەواندن لەم مادە یاساییە و فراوانکردنی سنووری دەسەڵات و چاودێریی حکومەتی ناوەندی هەیە. بەسرە نموونەیەکی باشی ئەمەیە، بەڵام تاکە نموونەش نییە.
پارێزگای سەلاحەدین لە تشرینی یەکەمی 2011 و وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر “باڵادەستیی بەغدا بەسەر دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان” بەشێوەیەکی سیمبولیک هەرێمێکی نیمچە ئۆتۆنۆمی راگەیاند، بەڵام بەغدا مافی ئۆتۆنۆمی بە سەلاحەدین نەدا.
تاکە هەرێمی ئۆتۆنۆمی لە عێراق هەرێمی کوردستانە، بەڵام دوای گشتپرسی سەربەخۆیی لە ئەیلوولی 2017، بەغدا هەوڵی لێسەندنەوەی ئەو ئۆتۆنۆمیەشی لە کوردستان دا.
تەنانەت دوای هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتی نێودەوڵەتی لەسەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و کەمپینی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبادی پێدەچوو بەردەوام بێت لە سیاسەتی وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان. کورد، کە زۆرینەیان لە رۆژی گشتپرسییەکەدا دەنگیان بە جودابوونەوە لە عێراق دابوو، پشتگیرییەکی یەکجار کەمیان لە کەمپینەکەی عەبادی لە کوردستان کرد.
ئەو نموونە تایبەتەی کوردستان سەلماندی کە عەبادی گوێی خۆی لە هەموو چەشنە هەرێمێکی ئۆتۆنۆم لە عێراق خەواندووە و سەرەتاییترین تێگەیشتنی لەبارەی کورد و کوردستانەوە نییە، هەر نموونەی کوردستانیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بۆچی سیاسەتی عێراق بۆ ئیدارەکردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان هەموو کات کێشەسازە.
لایەنگری لە بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی شتێکی نامۆ نییە. پارێزگا سوننەکان هەندێکجار ئاماژەیان بەو بیرۆکەیە کردووە، بەتایبەتیش کاتێک کە هەست بکەن دەسەڵاتی بەغدا ئەوانی پەراوێزخستووە و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان ناکات. ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا، تا ئەو شوێنەش چوو کە پێشنیاری ئەوە بکات پارێزگاکەیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی یەکدەست دابەش بکرێ، بۆ ئەوەی هەرکام لە قەوم یان کۆمەڵگا ئایینییە جیاوازەکان ئاستێک لە دەسەڵاتیان بەسەر کاروباری ناوچەکەی خۆیاندا هەبێ.
لە ساڵی 2016 نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، هەوڵی دا کەرکووک بکاتە هەرێمێکی ئۆتۆنۆم، ئەمەش لەبری ئەوەی یەکسەر پارێزگاکە بلکێنێ بە هەرێمی کوردستانەوە. ئامانج ئەوە بوو کەرکووک جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی و ئازادی لە دەسەڵاتی بەغدا وەربگرێ. بەڵام هەموو پارتە سەرەکییەکانی کوردستان دژی ئەو هەنگاوە وەستانەوە.
نەجمەدین کەریم دواتر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو باسی بیرۆکەکەی لەگەڵ عەبادی کردبوو، کە پێیوابووە بیرۆکەکە جۆرێک لە لۆژیکی تێدایە، بەڵام ئەو ناتوانێ بە ئاشکرا پشتگیری لێبکات، چونکە بەمە پارێزگاکانی دیکەش هاندەدات داوای ئۆتۆنۆمی بکەن. ئاشکرایە کە لەو کاتەدا عەبادی بیری لای بەسرە بووە، کە هەوڵی ئۆتۆنۆمی بدات و دەسەڵاتی بەغداش بەسەر بەشەکانی دیکەی عێراقدا کەم بکاتەوە.
لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا پارێزگاری کەرکووک لەسەر کار لادرا، کاتێک هێزەکانی عێراق دەستیان بەسەر کەرکووکدا گرت، لە کاتێکدا ئەو پارێزگایە بەپێی دەستوور ناوچەی کێشە لەسەری نێوان هەولێر و بەغدایە. حکومەتی ناوەندی ژمارەیەکی زۆر لەو پارێزگارانەی لەسەر کار لاداوە و تەنانەت بەند کردووە کە ناکۆکییان لەگەڵ بەغدا هەبووە. ئەمەش ئاماژەیەکی روونی دیکەیە کە بەغدا هەرگیز نەیویستووە کێشەی کەرکووک لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقدا چارەسەر بکات، لە کاتێکدا ئەو مادە دەستوورییە بۆ دەیەیەک دەچێت بە ئاشکرا پشتگوێخراوە.
رەنگە داوای ئێستای بەسراوییەکان بۆ ئۆتۆنۆمی رووبەڕووی بەربەستی گەورە ببێتەوە. بەڵام خۆپیشاندانەکانی ئێستا سەلماندیان حکومەتی ناوەندیی عێراق، نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان ناکات، دواجار تێدەگات لەوەی دەرفەتی سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا کەم دەبێتەوە کە زۆرینەی دانیشتووانیان پێشوازی لە حکومەتی ناوەندی ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ